رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادنڤوتمبێرگی ئەڵمانیا دەڵێت، بۆ ئەوان گرنگە هەرێمی کوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لە پشتگیریکردنیان بۆی بەردەوام دەبن.
موحتەرەم ئاراس، سەرۆکی پارتی سەوزەکانە لە هەرێمی بادنڤوتمبێرگی ئەڵمانیا کە هاوکات بە رەچەڵەک کوردە و سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمەکەیە، لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان زۆر چارەنووسسازە و هەروەها گرنگە کە بەهێزتر و سەقامگیر بێت. هەرێمەکەمان بادن-ڤورتمبێرگ لەوێ چالاکە و هەروەها پەیوەندی زۆری هەیە لەسەر ئاستی جیاواز. ئێمە بەردەوامین لە پشتگیریکردن لەوێ بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبین."
هەرێمی بادمڤوتنبێرگ، پێشتر بڕیاری دا چەندین ژن و کچ و منداڵی کوردانی ئێزدی بباتە ئەڵمانیا. لەو بارەیەوە، ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە دەڵێت: ئێمە لە لیژنەی نێوخۆی هاوپەیمانی لەسەر ئەمە رێککەوتین. پێویستە بەرنامەی دووەمی تۆمارکردن ئەنجام بدرێت. ئەوە ئێستا ئاسان نییە چونکە دۆخی بودجە و دۆخی دارایی بێگومان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام ئێمە پێوەی پابەندین."
هاوکات، هانی هەرێمەکانی دیکەش دەدات هەمان کار بکەن: "گرنگە هەرێمەکانی دیکەش ئەو بڕیارە بدەن. هەرێمی بادن-ڤورتمبێرگی من، یەکەم هەرێم بوو کە بە بەرنامەیەکی دەستبەجێ چەندین کچ، ژن و منداڵی ئێزدیی وەرگرت. من زۆر زۆر شانازی دەکەم و دڵخۆشم کە لەم هەرێمە دەژیم، هەرێمێکە کە پێشوازی لەم ژنانە کرد و ئەمڕۆ دەبینین براوەی خەڵاتی نۆبڵی وەک نادیە موراد ماڵی خۆی لە بادن-ڤورتمبێرگە."
هەڤپەیڤین: ئاڵا شاڵی
ئالا شاڵی: بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان، خاتوو موحتەرەم، پارتی سەوزەکان خۆیان نوێدەکەنەوە و، دەگوترێت ئێستا پێویستیان بە گۆڕانکارییە بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە تێپەڕێنن. ئایا ئامادەن؟
موحتەرەم ئاراس: من پێم وایە دۆخەکە بۆ هەموو لایەنە دیموکراسییەکان زۆر سەختە. بەڵام من هیوام هەیە، چونکە لە چوارشەممەی رابردووەوە زیاتر لە نۆ هەزار داواکاریی ئەندامێتیمان هەبووە و ئەوەش ئەوە دەردەخات کە ئێمە پشتگیریمان لەلایەن دانیشتووانەوە هەیە و خەڵک دەیانەوێت ئەم حیزبە بەردەوام بێت لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە حکومەتی داهاتوودا. و هیوادارم بتوانین گۆڕانکاری بکەین.
ئالا شاڵی: ئێستا ئێوە بەربژێرێکتان هەیە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا؛ بەڕێز هاربێک، بەپێ راپرسییەکان زۆر جەماوەری نییە و دەگوترێت ئەو چەند بڕیارێکی هەڵەی دا وەک وەزیری ئابووری. لەو باوەڕەدان دەنگی زۆر بەدەستبهێنن؟
موحتەرەم ئاراس: من پێم وایە رۆبەرت هابێک ئۆفەرێکی نایاب و ناوازەیە بۆ کۆمەڵگە و بۆ دەنگدەران. رۆبێرت هابێک توانی ئەم وڵاتە لە قەیرانی وزە تێپەڕێنێت، ئەو نەیهێشت پیشەسازیی لەم وڵاتە دا لەکاربکەوێت و هیچ گڵۆپێک لێرە بکوژێتەوە. بەڵێ، یاسای گەرمکردنەوەکە لە ئاستێکی باشدا نەبوو، بەڵام تا ئێستا کام وەزیر یان سیاسەتمەدار دان بە هەڵەکانیدا ناوە و یاسایەکی هەڵوەشاندووەتەوە و یاسایەکی باشتری خستووەتەڕوو؟ لەم رووەوە رۆبەرت هابێک ئۆفەرێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە بۆ ئەم کۆمەڵگەیەوە بۆ ئێمە رۆبەرت هابێک کاندیدی راوێژکاری پارتەکەمانە و ئەو دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ئالا شاڵی: دەنگدەران لە ئەڵمانیا داوای ئابووریەکی بەهێز دەکەن و داوای سیاسەتێکی نوێی کۆچبەران دەکەن.
موحتەرەم ئاراس: بێگومان ئێمە لە لایەک دەبینین کە لە ئەڵمانیا پاشەکشەمان هەیە، کە بە گشتی قورسترە و هەر بۆیە گرنگە سیاسەتمەداران هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێنین بۆ ئەوەی ئابووریی ئەڵمانیا لێرەدا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵک دوای سەقامگیری دەکەن و رۆبەرت هابێک دەتوانێت هەردووکی بۆ خەڵکی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت. بیرۆکەی باشی هەیە. هەمیشە ئاسان نەبووە رێکەوتن و یەکدەنگی لە حکومەتی ترافیکدا بکرێت، بەڵام رۆبەرت هابێک بەربژێری گونجاوە و هەر بۆیە متمانەمان پێیەتی. لەسەر پرسی کۆچ، ببورن، ئێمە هاوڕاین، دەبێت لە لایەک کۆچ کۆنترۆڵ بکەین و جیاوازی بکەین. کەسانێک کە لە تیرۆر و شەڕ، هەڵدێن، دەبێ بەردەوام بین بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگارییان لێ بکەین و لێرە مافی مانەوە وەرگرن. یاسای بنەڕەتی ناچارمان دەکات کە ئەم کارە بکەین و یاسای پەنابەری سنووری سەرەوەی نییە. لە لایەکی دیکەوە پێویستمان بە کەسانێکە چونکە پێویستیمان بە کرێکاری لێهاتوو و هێزی کار هەیە و دەبێت ئەم کۆچکردنە رێکبخەین. واتە دەبێت کۆچبەری کۆنترۆڵ بکەین و بێگومان دەبێت دیاریش بکەین کێ دێتە نێو وڵات و کێ ناتوانێت بێت. بۆ ئەمەش وەڵامی دروست دەدەینەوە.
ئاڵا شاڵی: لەکاتێکدا پارتی سەوزەکان و ئەڵمانیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕوات کە ترەمپ سەرۆکایەتی ئەمریکای بەدەست گرتووەتەوە. ئێوە و ئەورووپا چۆن خۆتان بۆ سەردەمی ترەمپ ئامادەکردووە؟
بەڵێ وایە ترەمپ هەلبژێردرایەوە، هەڵبژاردنێکی دیموکراسی بوو، ترەمپیش بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژاردنەکەی بردەوە. لەوانەیە ئێمە پێمان خۆش نەبێت، من وەک خۆم پێم خۆش نییە، بەڵام دەبێت قبووڵی بکەین و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکەین. ئەوەی گرنگە ئەڵمانیا، ئەورووپا سەربەخۆ بێت، سەربەخۆ بێت، یەکگرتوو بوەستێت. ئەگەر ئێمە بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە یەکێتیی ئەورووپا هەڵسوکەوت بکەین و پێکەوە بوەستین، ئەوا زۆر شت بەدەست دەهێنین. ئەو کاتە دەتوانین رکابەری بازاڕەکانی دیکەی جیهانیش بکەین. هیچ وڵاتێکی نێو یەکێتیی ئەورووپا بە تەنیا ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا یان لەوێدا رۆڵ بگێڕێت. هەر بۆیە گرنگە سەربەخۆ بین و سەربەخۆتر بین و هێشتا بە شێوەیەکی سرووشتی پەیوەندییەکان بپارێزین. ئێمە پێویستمان بە ئەمریکایە، ئەمریکا پێویستی بە ئێمەیە.
ئاڵا شاڵی: تا دێ شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر پەرەدەسێنێ، پلانی ئێوە بۆ سنووردارکردنی شەڕ چییە، بەتایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە هێزەکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعشی لێیە؟
موحتەرەم ئاراس: وەزیری دەرەوەمان ئەنالینا بێربۆک بەردەوام هاتووچۆ دەکات، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەڕاستی هەوڵدەدات، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئارامی لەوێ بهێنێتە ئاراوە و، دەبێت دووبارە و سێبارە بگوترێ، کە ئەم تیرۆرە، ئەم شەڕە لە حەماسەوە هاتووە. ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد بکات، ئەوا دەکرێت شەڕەکە بوەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ نابێت ئازارەکانی خەڵک لە کەرتی غەززە لەبیر بکات. قوربانییە مەدەنییە زۆرەکان دڵمان دەشکێنن و ناکرێ بێباکانە بمێنینەوە. هەر بۆیە وەزیری دەرەوەمان بەردەوام هەوڵدەدات و کۆڵنادات و هەر بۆیە گرنگە هەوڵی ئەوە بدرێت ئارامی لەوێ بەدەستبهێنرێت. باکووری عێراق، هەرێمی کوردستان، بێگومان زۆر چارەنووسسازە و هەروەها گرنگە کە بەهێزتر بێت و سەقامگیر بێت. هەرێمەکەمان بادن-ڤورتمبێرگ لەوێ چالاکە و هەروەها پەیوەندی زۆری هەیە لەسەر ئاستی جیاواز. ئێمە بەردەوامین لە پشتگیریکردن لەوێ بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبین.
ئاڵا شاڵی: بەرێزتان باسی هەرێمەکەتان کرد، هەرێمی بادمڤوتنبێرگ، ئێوە بڕیارتان دا چەندین ژن و کچ و منداڵی کوردانی ئێزدی بهێنن بۆ ئەڵمانیا. ئەو پڕۆژەیە بەکوێ گەیشتووە؟
موحتەرەم ئاراس: ئێمە لە لیژنەی نێوخۆی هاوپەیمانی لەسەر ئەمە رێککەوتین. پێویستە بەرنامەی دووەمی تۆمارکردن ئەنجام بدرێت. ئەوە ئێستا ئاسان نییە چونکە دۆخی بودجە و دۆخی دارایی بێگومان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام ئێمە پێوەی پابەندین. گرنگە هەرێمەکانی دیکەش ئەو بڕیارە بدەن. هەرێمی بادن-ڤورتمبێرگی من، یەکەم هەرێم بوو کە بە بەرنامەیەکی دەستبەجێ چەندین کچ، ژن و منداڵی ئێزدیی وەرگرت. من زۆر زۆر شانازی دەکەم و دڵخۆشم کە لەم هەرێمە دەژیم، هەرێمێکە کە پێشوازی لەم ژنانە کرد و ئەمڕۆ دەبینین براوەی خەڵاتی نۆبڵی وەک نادیە موراد ماڵی خۆی لە بادن-ڤورتمبێرگە. پێویستیشە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ بەهێزکردنی مرۆڤایەتی، بۆ بەهێزکردنی ژنان، بۆ بەهێزکردنی مافی بڕیار لە سەر ژیانی ژنان. ئەوە ئامانجی هاوبەشمانە.
ئاڵا شاڵی: زۆر سوپاس سەرۆکی پەرلەمان، بەڕێز ئاراس موحتەرەم.
موحتەرەم ئاراس: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و هیوام باشیتانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ