گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی سەوزەکان لە ئەڵمانیا: شارەوانییەکانمان چیدی ناتوانن کۆچبەر وەربگرن

17-11-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤین لەگەڵ ئومێد نوریپۆر
هەڤپەیڤین لەگەڵ ئومێد نوریپۆر
A+ A-
رووداو - ئێسن

ئومێد نوریپۆر، هاوسەرۆکی پارتی سەوزەکان و گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی سەوزەکان بە رووداوی راگەیاند، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا کارکردن بۆ پێشکەوتنی ئابووری دەکەنە بەرنامەی هەڵبژاردنیان، هەروەها گوتی "شارەوانییەکانمان چیدیکە ناتوانن خەڵک وەربگرن."

ئومێد نووریپۆر، باسی پەیوەندیی پارتەکەیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هەردوولامان سەقامگیریی ناوچەکەمان لا گرنگە". 
 
نووریپۆر باسی هاتنەوە سەر دەسەڵاتی ترەمپ و کاریگەریی لەسەر ئەورووپا دەکات، ئەو پێیوایە هاتنی ترەمپ ئەمجارە لە جاری پیشوو جیاوازە و دەڵێت، "لە ساڵی 2016 کە بۆ یەکەمجار هەڵبژاردن کرا، کەس ژمارەی تەلەفۆنی تیمی ترەمپی نەبوو. باڵیۆزی ئەڵمانیا سەرەتا دەبوو ژمارەیەک وەربگرێت تاوەکو بتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات، بەڵام ئەمەی ئێستا ترەمپێکی جیاوازە." 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:

رووداو: پارتی سەوزەکان و ئەڵمانیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕوات. رۆبەرت هابێرک سێ ساڵە جێگری راوێژکاری ئەڵمانیایە و وەزیری ئابوورییە، ئێستا خۆی بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا بەربژێر کردووە، لە کاتێکدا لای خەڵک زۆر خۆشەویست نییە، ئەمە نابێتە ریسکێک بۆ سەوزەکان؟ هەروەها چۆن دەڕواننە ئەو سێ مانگەی لە بەردەمتاندایە تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن؟
 
ئومێد نوریپۆر: ئێستا 100 رۆژمان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆمان و دەمانەوێت بەکاریبهێنین. لە هەمان کاتدا بەربژێرێکمان هەیە کە کارێزمای هەیە، مۆدێرنە و لە رووی پەیوەندییەوە چالاکە و کەسێکی کردارییە. لە سێ ساڵی رابردوودا زۆر کاری گەورەی کردووە. ئەو رزگاری کردین لەوەی کارەبای ئەم وڵاتە نەکوژێتەوە و وڵات تاریک نەبێت. کاتێک وابەستەیی رووسیا لە وزەدا لە شەوێکدا نەما، ئەو دابینکردنی وزەی دەستەبەر کرد. ئەوە تائێستا بەتەواوی کارێکی گرنگ بوو. 
 
رووداو: دەنگدەرانتان داوای ئابووریی بەهێز و چارەسەری قەیرانی کۆچبەران دەکەن، پلانی ئێوە چییە؟ 
 
ئومێد نوریپۆر: پێویستمان بە نوێبوونەوەی خۆشگوزەرانیمان هەیە، کە ئێستا لەمەترسیدایە. ئێمە قەیرانی ئابووریمان هەیە، قەیرانێکمان هەیە کە هەموو جومگەکانی گرتووەتەوە، چونکە لە چەند دەیەی رابردوودا کاری نوێگەری زۆر نەکراوە، ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵ دا بکەین. پێمان وایە پرسی چۆنییەتی کەمکردنەوەی کاربۆن، بۆ داهاتووی ئابووری زۆر گرنگە. ئێمە پێمان وایە ئەمە بەشێوەیەکی بێ وێنە بەهێز و داهێنەر دەبێت، ئێمە دەبێت ئەم داهێنان و هێزە بەکاربهێنین.
 
کاتێک باس لە کۆچ دەکرێت، ئێمە شارەوانیی زۆرمان هەن، ئەوەندە کۆچبەریان وەرگرتووە، کە بەڕاستی سنووری خۆیان تێپەڕاندووە؛ بەڕاستی ناتوانن چیدیکە خەڵکی زیاتر وەربگرن و ئیدی ستافیان نییە بۆ چاودێریکردنی خەڵک. هەر بۆیە دەڵێین مرۆڤایەتیی رێکخستنەوەی پێویستە. دەبێت رێکخستەوە بەدەستبهێنین. لەلایەک سیستمی رێکخستنەوە گرنگە، لە هەمان کاتدا دەبێت بەرگری لە مرۆڤایەتی بکەین، بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی لە دەریای نێوەڕاست نەمرن، چونکە شایەنی ئەوە نین.
 
رووداو: پلانتان لەبارەی کۆچبەری چییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە؟
 
ئومێد نوریپۆر: ئێمە لەم ساڵانەی دواییدا کۆنسێپتی زۆرمان نووسیوە و لەسەرووی هەمووشیانەوە خاتوو مێرکڵ، کاتێک راوێژکار بووە بۆ ماوەی 10 ساڵ، گوتی پێویستمان بە رێککەوتنێکی ئەورووپی هەیە و ئێستا بەدەستمان هێناوە. ئەگەر بمانەوێت ئەورووپا وەک ناوچەیەکی ئازاد بەکاربهێنین و بیهێڵینەوە، تەنها بەشێوەیەکی ئەورووپی دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. ئێستاش هەر 27 دەوڵەتی یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچین، بەیەکەوە زۆر زۆر رێگەی نوێمان داناوە.
 
رووداو: لە کاتێکدا ئەڵمانیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕوات، ترەمپ سەرۆکایەتیی ئەمریکای بەدەست گرتووەتەوە. ئێوە و ئەورووپا چۆن خۆتان بۆ سەردەمی ترەمپ و کەمیی پشتیوانیی ئەمریکا لە یەکێتیی ئەورووپا ئامادە کردووە؟
 
ئومێد نوریپۆر: ئێمە بەشێوەیەکی بەرچاو و باشتر لە ساڵی 2016 ئامادەکاریمان کردووە، لە ساڵی 2016 کە بۆ یەکەمجار هەڵبژاردن ئەنجامدرا، کەس ژمارەی تەلەفۆنی تیمی ترەمپی نەبوو. باڵیۆزی ئەڵمانیا سەرەتا دەبوو ژمارەیەک وەربگرێت تاوەکو بتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات. ئەمڕۆ ئەنجوومەنی گفتوگۆ زۆرن و هەوڵمان داوە چەند ساڵی رابردوو لە سەر ئاستی ئەورووپا کەڵک وەربگرین؛ بۆ ئەوەی خۆمان ئامادە بکەین. بەڵام ئەمەی ئێستا ترەمپێکی جیاوازە. بۆیە دەبینین ئاستەنگەکان چەندە گەورەن بۆ کەشوهەوا، ئابووری و ئاسایش لە ئەورووپا. بەبێ گوێدان بەوەی کێ لە ئەمریکا سەردەکەوێت، ئاشکرایە کە وەک ئەورووپا، وەبەرهێنانی زیاتر لە ئاسایشی خۆمان لە ئەورووپا بکەین. 
 
رووداو: تاوەکو دێ شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر پەرە دەستێنێ، پلانی ئێوە بۆ سنووردارکردنی شەڕ چییە؟ بەتایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هێزەکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتیی دژی داعشی لێیە؟
 
ئومێد نوریپۆر: ئێمە مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی دراماتیکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین، لە دۆخی غەززە و لوبنان و ئیسرائیلەوە دەست پێدەکەین، تا دەگاتە سووریا و لوبنان و عێراق، بە یەمەنیشەوە. تاڕادەیەک روونە کە ئێران رۆڵێکی زۆر خراپی لە زۆر لەو ململانێیانەدا هەیە و ئێمە دەبێت هەنگاو بەرامبەری بگرینەبەر و دەبێت ئەوە رەتبکەینەوە. بێگومان ئێمە وەک ئەڵمانیا ئەم کارە ناکەین، بەڵکو بە هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتانی هاوبەشمان. حکومەتی هەرێم لە باکووری عێراق هاوبەشێکی گرنگە، کە ئێمە هەمانە و بێگومان زۆر هاوبەشی دیکەش، هەوڵدەدەین لە کوێ دەتوانین یارمەتیدەر بین، بەرژەوەندی ئێمە لەوە دایە دڵنیابین لەوەی خەڵکی ئەو وڵاتانە لە دۆخێکی ئارامدا بژین.
 
رووداو: پەیوەندیی پارتی سەوزەکان و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ چیتان بۆ دەنگدەرانی کورد هەیە؟
 
ئومێد نوریپۆر: ئێمە خەڵکێکی زۆرمان هەیە کە لە هەولێر بوون. من خۆم زۆر جار چوومەتە هەولێر. هەروەها زۆر دەرفەتم هەبووە و توانیم گفتوگۆی زۆر لەگەڵ حکومەت لە هەولێر بکەم. جێی متمانە و باش بوون و زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەوە. ئێمە بەهای هاوبەشمان زۆرە. هەردوولا سەقامگیریمان بۆ ناوچەکە دەوێت. ئێمە، دەمانەوێت گەلەکەمان لە دۆخێکی باشدا بێت؛ کە نادادپەروەرییەکی گەورەی مێژوویی تێدا روویداوە، ئەویش ئەوەیە کورد خۆی ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات لە کوردستان، کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراون. ئێمە ئەوە دەزانین و زۆر سوپاسگوزارین کە حکومەت لە هەولێر بەڕاستی سەقامگیرییەکی گەورەی بەدەستهێناوە.
 
رووداو: پەیامتان بۆ دەنگدەرانی کورد لە ئەڵمانیا چییە؟
 
ئومێد نوریپۆر: من پێم وایە دەتوانن پشتمان پێ ببەستن، چونکە دەمانەوێت ئابووریی بەهێز بکەین، چونکە دەمانەوێت بەرەنگاریی هەڵاوسان ببینەوە، دەبێت نرخەکان لە هەموو بوارەکاندا دابەزن؛ هەروەها لەبەرئەوەی ئێمە هاوبەشی بەهای نێودەوڵەتین و زۆر متمانەپێکراوین، لەنێویاندا پەیوەندیی باشمان بۆ نموونە لەگەڵ حکومەت لە هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە