ئەحمەد داودئۆغڵو بۆ رووداو: کۆماری تورکیا دەوڵەتی تورک و کوردیشە

18-11-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رووداو لە لە بارەگای سەرەکیی پارتی ئایندە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو دەکات.
رووداو لە لە بارەگای سەرەکیی پارتی ئایندە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەکاتێکدا پێشهاتی زۆر گرنگ لە تورکیا هەن و چاوەڕوانییەکان لەبارەی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری لە زیادبووندان، لە قۆناخێکداین کە بانگهێشتەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئۆجەلان هێشتا لە رۆژەڤە، رووداو لە لە بارەگای سەرەکیی پارتی ئایندە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو دەکات. 
 
داودئۆغڵو هاوکات لە شەقامی کوردیدا بە سەرۆک ئەحمەد دەناسرێت. نازناوێک کە خۆی دەڵێت، دەوڵەت باخچەلی وەکو سووکایەتی بەرامبەری بەکاری دەهێنێت، بەڵام ئەو لەوەوە بۆی ماوەتەوە کە جیاوازیی لەنێوان گەلانی تورکیادا نەکردووە. 
 
لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە، سەرۆکی پارتی ئایندە دەڵێت: "لە تورکیادا خاڵێک هەیە کە زۆر جار باسم کردووە؛ ئەگەر تورکەکان لە مافی کوردەکان تێبگەن و هاوبەش بن لەگەڵ کێشەکانیان و هەوڵی چارەسەر بدەن، کوردەکانیش لەم وڵاتەدا لە بابەتی یەکێتی، یەکبوون و ئاسایشدا، متمانەیەک بدەن، تورکیا بە ئارامی دەگات،" بۆیە لەبەر ئەو پرسە پاڵپشتی لە هەنگاوەکەی باخچەلی کردووە. 
 
داودئۆغڵو هەنگاوەکەی باخچەلی بە گرنگ دەزانێت، دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا رووی دەمم لە بەڕێز سەرۆککۆمار کرد و گوتم؛ ئەگەر لەگەڵ باخچەلی لەسەر بابەتێک گەیشتوونەتە رێککەوتن، فەرموون ئێوە سەرۆککۆمارن و دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. راستە باخچەلی دەستپێشخەرییەک دەکات، بەڵام ئەوەی دەیخاتە واری جێبەجێکردن، ئێوەن. کەوایە پلانەکەتان بخەنەڕوو و بڵێن ئەمە و ئەوە دەکەین، هەروەها بڵێن پرۆسەکە بەمجۆرە دەبێت، بەڵام ئەگەر بۆچوونی جیا لەنێوانتان هەیە، ئەوە لەنێوان خۆتاندا چارەسەری بکەن، هەمووان لە چاوەڕوانیدا مەهێڵنەوە. لەکاتێکدا ئاستەکە هێندە بەرزبووەتەوە، با نزم نەبێتەوە. بەداخەوە بە هەمان شێوە و هەمان پشتیوانی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارەوە نەهات."
 
داودئۆغڵو باسی یەکەم دیداری لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان دەکات لە 2015 و دەڵێت، هەمووان دژی ئەوە بوون، تەنانەت بە پارتەکەی خۆشییەوە، "بەڵام هێندە بە بێ نەزاکەتی و بێڕێزی پێشوازییان لە من کرد، هەروەک دەزانن گوتیان چای قاچاخی دەدەینێ و دەینێرینەوە."
 
هەروەها رایدەگەیێنێت، نابێت هیچ کەسێک لەو جۆرە پرۆسانە لەخۆی دەربچێت. ناشبێت هیچ کەسێک لایەنی بەرامبەر بخاتە دۆخێکی سەخت. "رۆژی 15ی تەممووزی 2015 ئەو دیدارەمان سازکرد. سەڵاحەدین دەمیرتاش، سڕی سورەییا ئۆندەر، خاتوو فیگەن یوکسەکداخ لەوێ بوون. پێمگوتن، بەهۆی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانەوە لەخۆدەرچوونێک دەبینم. گوتم متمانە بەخۆبوونێکی زیاد دەبینم، هەروەها پێتانوایە حکومەت پێکنایەت. گوتم من وەکو سەرۆکوەزیران رێگەنادەم ئەو خەڵکە بکەوێتە نێو پشێوییەوە، جا ئاگادار بن." 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە
 
رووداو: دەمەوێت یەکەم پرسیارم لەبارەی گەرمترین بابەتی رۆژەڤ بێت کە ئەویش پرسی چارەسەرییە. ئێمە ئەم بابەتە بە چاوەڕوانی ناودەبەین. لەکاتێکدا هێشتا هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە نەنراوە. بەتایبەتی دوای هەنگاوەکانی بەڕێز باخچەلی، چاوەڕوانییەکی وەها لە شەقام دروست بوو، بەڵام لەولاشەوە قەییوم دانران و پرۆسەیەکی دیکە کاری لەسەر دەکرێت. ئایا ئێوە لە کەشێکی وەهادا پرۆسەیەکی چارەسەری بە ئەگەر دەزانن؟ لە ئەگەری پرۆسەیەکی وەهادا پێویستە چ جۆرە ستراتیجییەک پیادە بکرێت و چی بکرێت؟
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: من بەر لە هەموو شتێک سڵاوی خۆم ئاراستەی تەواوی خوشک و براکانم لە هەرێمی کوردستان دەکەم؛ ئەوانەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ و تەواوی خوشک و براکانم. هەمووان دەزانن چەندە لە نزیکەوە چاودێریی ناوچەکە دەکەم و چەندەشم خۆشدەوێ. بێگومان من کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ
رووداوەکان دەکەم، تا بکرێ سەرەتا بە گشتی لە پێشهاتەکانی جیهان دەڕوانم، هەروەها لە پێگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا لە نێو ئەو پێشهاتانە دەڕوانم. ئینجا دواتر لەوە ورد دەبمەوە کە دەبێت لە تورکیا چی بکرێت و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی بکرێت؟ جا ئەمە چ کاریگەرییەک دەخاتە سەر جیهان؟ جیهان بە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت. پێویستە ئەمە بزانین. بەداخەوە روودانی گۆڕانکارییە گەورەکان لە ناوچەکەی ئێمە روویدا. جا کاتێک ئێمە وەکو تورکیا سەیری دەکەین، ئایا دەمانەوێت لەگەڵ ئەو برایانەمان کە لەم ناوچەیەدا دەژین، چ جیهانێک دروست بکەین؟ من هەر بەمجۆرە لێی دەڕوانم. هەر بۆیەش پشتگیریم لە گوتەکانی بەڕێز باخچەلی کرد. لەوانەیە پشتگیرییە روون و ئاشکراکە لە نێو رای گشتیەوە لەلایەن منەوە کرابێت. بۆچی پشتگیریم کرد؟ لە تورکیادا خاڵێک هەیە کە زۆر جار باسم کردووە؛ ئەگەر تورکەکان لە مافی کوردەکان تێبگەن و هاوبەش بن لەگەڵ کێشەکانیان و هەوڵی چارەسەر بدەن، کوردەکانیش لەم وڵاتەدا لە بابەتی یەکێتی، یەکبوون و ئاسایشدا، متمانەیەک بدەن، تورکیا بە ئارامی دەگات. لەڕاستیدا ئەمە بۆ عێراق و وڵاتەکانی دیکەش هەمان شتە. ئێستا خۆتان باستان لە نازناوی من کرد کە دەڵێن سەرۆک، جا بەڕێز باخچەلی بەردەوام ئەوە بە سووکایەتییەوە باس دەکات، سووکایەتی بە من و زمانی کوردیش دەکات. منیش گوتم، بەڕێز باخچەلی بە من دەڵێ سەرۆک، سەر سەرا سەر چاڤا. لە پەرلەمانیش و لە هەموو شوێنێک ئەمەم گوت. باشە بۆچی کوردەکان بە من دەڵێن سەرۆک ئەحمەد؟ بنەچەی من (یۆروک)ە و تورکمانم. بەڵام هەمیشە گوتوومە؛ دەمویست تورکێک بم لە سوپای سەڵاحەددینی ئەیوبی و تورکێک بم لە سوپای ئاڵپئارسڵان. کاتێک ساڵی 2016 چوومە دیاربەکر کە قۆناخێکی پڕ لە گرژی بوو. لە سەر پاس و لە بەردەم مزگەوتی ئوڵو گوتم؛ من کە منداڵێکی تورکمانم و لە چیاکانی تۆڕۆس لەدایکبووم، چەندە مافم لەسەر ئەم خاکە هەیە، مافی ئەو منداڵە کوردەش کە لە کەناراوی دیجلە و لە هەکاری لەدایکبووە، هەمان شتە، نە زیاد و نە کەم. هەروەها زمانە تورکییەکەی من کە لە یونس ئەمرەوە هاتووە، چەندە پیرۆز بێت، ئەو کوردییە ئازیزەم کە لە فەقێی تەیرانەوە دێت، بە هەمان شێوە پیرۆزە. ئەوکات تەواوی ئەو گۆڕەپانە گوتیان 'سەرۆک ئەحمەد'. دەوڵەتی کۆماری تورکیا ناچارە دەوڵەتێکی دیموکراسی بێت. دیموکراسی واتا رێزگرتن لە فرەیی، ئەوە نییە چینێک لە چینێکی دیکە بە بەرزتر بزانیت، بەڵکو دەبێت هەموو کەسێک سوود لە مافەکانی هاووڵاتیبوون وەربگرن. جا کاتێک ئێمە باس لەمانە دەکەین، بەڕێز باخچەلی زۆربەی کات ئەمەی وەکو هەڕەشە بۆ سەر یەکێتیی تورکیا لێکدەدایەوە. جا من بۆیە کاتێک ئەوانەم لە باخچەلی بیست، زۆر دڵخۆش بووم. تەنانەت گوتم، ئێوە شتەکتان کرد کە چاوەڕێ نەدەکرا. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنیشدا ئەمەم گوت، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی پارتی ئایندە و پارتی سەعادەت وامکرد چەپڵە بۆ باخچەلی لێبدرێت. خۆ باخچەلی رەخنەی زۆر قورسیشی لە من گرتووە. بەڵام وەرە بڵێ بۆچی؟ چونکە من کوردم و سوننیم. ئەگەر من مافەکانی کورد بپارێزم، ئەوکات دادپەروەرانە مامەڵەم لەگەڵ کوردەکان کردووە. ئەگەر من مافی عەلەوییەکانیش بپارێزم، ئەوکات دەبمە دەوڵەت. جا ئێستا ئەمە زۆر گرنگە لەڕووی لادانی ئاستەنگی دەروونی. کاک شەوکەت من هەمیشە لەم پرۆسانەدا گرنگی بە باری دەروونی دەدەم. ئەگەر کەشێکی وەها بڕەخسێت کە ئاستەنگی دەروونی لادەدات، شتەکانی دیکە لەڕێی پرۆسەیەکی تەکنیکییەوە چارە دەبن. جا بۆیە گوتەکانی باخچەلی بە گرنگ دەزانم. دواتر من هەموو چوارشەممەیەک لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا رووی دەمم لە بەڕێز سەرۆککۆمار کرد و گوتم؛ ئەگەر لەگەڵ باخچەلی لەسەر بابەتێک گەیشتوونەتە رێککەوتن، فەرموون ئێوە سەرۆککۆمارن و دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. راستە باخچەلی دەستپێشخەرییەک دەکات، بەڵام ئەوەی دەیخاتە واری جێبەجێکردن، ئێوەن. کەوایە پلانەکەتان بخەنەڕوو و بڵێن ئەمە و ئەوە دەکەین، هەروەها بڵێن پرۆسەکە بەمجۆرە دەبێت، بەڵام ئەگەر بۆچوونی جیا لە نێوانتان هەیە، ئەوە لەنێوان خۆتاندا چارەسەری بکەن، هەمووان لە چاوەڕوانیدا مەهێڵنەوە. لەکاتێکدا ئاستەکە هێندە بەرزبووەتەوە، با نزم نەبێتەوە. بەداخەوە بە هەمان شێوە و هەمان پشتیوانی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارەوە نەهات. راستە پشتگیریی کرد، بەڵام چاوەڕوانیی من ئەوە بوو لە گوتارێکی نیشتمانیدا باس لەمانە بکات. لە پرۆسەی چارەسەریی 2013 منیش چوومە دیاربەکر و قسەم کرد، لە زانکۆی دیجلە کۆنفرانسم پێشکێش کرد. بەڕێز ئەردۆغانیش قسەی کرد. ئێستا لەڕووی کەشی پرۆسەکەوە هەلومەرجی باش هەن. بۆچی؟ لەلایەک تورکە نەتەوەییەکان؛ خودی باخچەلی روونکردنەوەی گرنگی خستووەتەڕوو. لە لایەکی دیکەوە لایەنی بەرامبەر هەیە کە دەبێت بکەوێتەخۆ. بەڕاستی لەمەودوا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ئەو پارت، پێکهاتە و رۆشنبیرانەی کە دەڵێن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی کوردمان دەکەن، ئەوان دەبێت ئەم زەمینەیە بڕەخسێنن. لەو کاتەی پرۆسەی چارەسەری دەستیپێکرد من وەزیری دەرەوە بووم، بە دڵسۆزییەوە پشتگیریم لێ کرد، بەڵام بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە، دەبێت هەمووان خاوەنداری بکەن. هەروەها نابێت شیرازەی شەقام تێکبچێت. واتا ئەگەر کردەی تیرۆر، تووندوتیژی و لێدانی خەندەق و ئەو کارانە کران کە ژیانی خەڵک سەخت دەکەن، نابێت. پرۆسەی چارەسەری لەبەر ئەوانە بوو سەرینەگرت. پێویستە پەند لە تەواوی ئەمانە وەربگیرێت. ئەگەر پەند لە هەموو ئەمانە وەربگیرێت، من لەو بڕوایەدام کە دەگەینە شوینی زۆر ئەرێنی. من هەمیشە بە ئەرێنی و گەشبینییەوە لە بابەتەکەم رووانیوە. جا بۆیە لەم روونکردنەوەیەی باخچەلییەوە سەیری قۆناخی دواتر بکەین. هەروەها ئەرک هەیە کە دەکەوێتە سەر دەم (پارتی). ئەو روونکردنەوەیەی دەم بڵاویکردووەتەوە، بە راشکاوی بیڵێم، بەرامبەر ئەو روونکردەوەیەی باخچەلی لاوازە، چونکە لەوێدا ئایدۆلۆژیای رەوانبێژییەکی چەپ بەکارهێنراوە. دەبوو زیاتر راستەوخۆ خاوەنداریی پرسەکە بکەن. ئەگەر بەڕێز سەرۆککۆمار ئەمە بکاتە سیاسەتێکی دەوڵەت، دەم و تەواوی ئاکتۆرە پەیوەندیدارەکان؛ ئەدیرنە و سیلیڤری، ئیدی هەمووان ئەمە دەزانن! ئەدیرنە و ئیمراڵی بکەونە نێو بابەتەکە، لەوانەیە پرۆسەیەکی جوان لە تورکیا دەستپێبکات. 
 
رووداو: ئێمە هەڵوێستەکانی پێشووی بەڕێز باخچەلیش لە نزیکەوە دەزانین. پێشتر دەستەواژەی سەرۆکی بە رەخنەی تووندەوە کردە رۆژەڤ، بەڵام ئێستا هەژەند (سوپرایز)ی کرد. ئایا هۆکاری ئەم هەنگاوە چییە؟ جگە لەوەش راڤەی ئێوە لەسەر ئەوە چییە کە روونکردنەوەیەکی وەها گرنگ لەلایەن سەرۆککۆمار بەڕێز ئەردۆغانەوە ناکرێت و بەڕێز باخچەلی رایدەگەیێنێت؟ 
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: بەڕێز باخچەلی، لەم قۆناخە هەستیارەدا و سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی لەو بابەتەدا روون بووە، تەوقەکردن و سڵاوکردنی لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی، دەکرێت بە نمایشێکی جوان لە قەڵەم بدرێت، بەڵام ئێستا ئەمە لە نمایش دەرچوو. سێ هەفتەیە دەڵێت لە پشت گوتەکانی خۆمم. باشە کەواتە دەبێت ئەوەی پێویستە بیکەن. لەڕاستیدا ئەگەر لەم بابەتە هەر پرسیارێک ئاراستەم بکرێت و داوای پشتیوانی بکرێت، من راستەوخۆ پشتیوانی دەکەم. ئەم خەڵکە تاڵیی زۆری چەشت. من هەرگیز ئارەزوو ناکەم تورکیا بچێتە نێو ئەو کەشی پێکدادانە نەژادی و مەزهەبییەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لەپێناوی پێشگرتنیش لەمە ئەوەی پێویست بێت دەیکەم. لەکاتی خۆیدا پەنا بەخوا دێمە باکووری عێراق. لەو کاتەی من چوومە نێو سیاسەت، شوێنێکی تایبەت لە هەولێر هەیە، نازانم دەزانن یان نا؟ لە کۆتاییەکانی 2007 قۆناخی گشتپرسیی کەرکووک هەبوو. لەوێ گفتوگۆکان بە جۆرێک هەڵکشان! جا لەوکاتەدا سەربازانی ئێمە لە باکووری عێراق ئۆپەراسیۆنیان کرد. پێشمەرگە کە لەگەڵ سەربازانی ئێمە شان بە شان بوون، بەڵام کاتێک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، من سەردانی بەغدام کرد. مانگی شوبات بوو. ئەگەر ئەو رووداوانە روویان نەدایە، کانوونی دووەم من دەستم دەکێشایەوە، جا شوبات چوومە بەغدا. لەگەڵ خوالێخۆشبوو تاڵەبانی نانێکی خۆشمان خوارد. ساغ بێت، زۆر باش خواردنی پێشکێش دەکرد. دواتریش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە هەولێرەوە هات. منیش پێمگوتن؛ با تەواوی ئەم کێشانە لە نێوان خۆماندا چارەسەر بکەین، چونکە ئەوکاتە لە تورکیادا چەند جینێکی تێکدەر، تەنانەت بە پێویستیان زانی سەربازانی تورک هەولێر بۆردوومان بکەن. بیرتان دێت، با ئێستا ناوی رۆژنامە نەهێنم. گەورەترین رۆژنامەکان مانشێتی 'با هەولێر بۆردوومان بکەین'یان بڵاوکردەوە. من لە ئەرکدام و راستە ئێمە دەڵێین بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام هەولێر شارێکە میراتی هەموومانە. شتی وەها دەبێت؟ جا لەوێ لەگەڵ بەڕێز تاڵەبانی و دواتریش لەگەڵ کاک مەسعوود؛ کاک مەسعوود و مام جەلال! دواتریش لەگەڵ کاک نێچیرڤان کۆبووینەوە. چارەسەری ئەو گرژییەمان کرد. سەربازانی ئێمە کشانەوە. دواتریش دوای 15-20 رۆژ، مانگی ئادار بوو بەڕێز تاڵەبانی وەکو سەرۆککۆمار هاتە تورکیا. ئەو ساڵە لەگەڵ عێراق 48 رێککەوتننامەمان واژۆ کرد. بەشی گرنگی ئەو رێککەوتنانەش لەبارەی هەرێمی کوردی بوو. ئێستا بۆچی باسی ئەمە دەکەم؟ دەمەوێ بڵێم، ئەرکەکەی من بەو هۆکارە درێژبووەوە. ئەوەبوو لە مانگی ئادار سکاڵای داخستنی ئاکپارتی تۆمارکرا. ئەوکات من گوتم، کەوایە ئەرکەکەم جێناهیڵم، چونکە داخستنی ئاکپارتی دیموکراسییانە نییە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم، ئێمە نەک تەنیا کە تورکیا، بەڵکو پێویستە پشتێنەی ئاشتی لە دەوروبەریشماندا دروست بکەین. لێرەدا ئەرک دەکەوێتە سەر بەڕێز ئەردۆغان. ئێستا لە نێوان من و بەڕێز ئەردۆغاندا جیاوازیی بۆچوون هەیە. هۆکارەکەشی لە هەمووان روونە. یاسای رەوشتی سیاسی و زۆر بابەتی دیکە. بەڵام پێشنیازم بۆ ئەو وەکو هاوڕێی دێرینی و هاوکاری کە بەیەکەوە کارمان کردووە، پێشنیازەکەم ئەوەیە کە بەردەوام گوتوومە، ئەو بابەتە بکاتە پلانێک و بۆ خەڵک بڵاوی بکاتەوە. دوای ئەوەی وازم لە پۆستی سەرۆکوەزیران هێنا، یەکێک لەو بابەتانەی زۆر دڵگرانی کردم ئەوە بوو. لەکاتی گشتپرسیدا ئەو گرژییانەی روویاندا، ئەوکاتیش بە بەڕێز سەرۆککۆمارم گوت کە ئەو بابەتە لەڕێی دیالۆگی رووبەڕوو چارەسەر بکرێت. بەکورتی ئێستا دەرفەتێکی گرنگ هاتووەتە پێشەوە. ئەگەر سێ کەس لە سێ خاڵی دەرەوە بکەونە جووڵە بەرەو یەکدی، ئەوانەی ژوورەوە ئاسانتر جووڵە دەکەن. واتا بە هەر جۆرێک بێت، کاتێک نەتەوەییە تورکەکان و نەتەوەییە کوردەکان پشێوییان لە نێواندا دروست بوو، ئەوانەی ناوەند دەکەونە ژێر گوشار، بەڵام ئەگەر ئەوان نەرمی بنوێنن، ئەوانەی ناوەند باشتر دەتوانن چارەسەر بدۆزنەوە. بەڕێز باخچەلی لەم کەنارە بوو، هاتنی بەرەو ناوەند دڵخۆشکەرە. باسی ئەنجام ناکەم، دەڵێم هیوادارم ئەنجامی باش بێت و هیوامان هەیە. 
 
رووداو: دوای روونکردنەوەکانی سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، کۆمێنتی زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش دران. یەکێک لەو کۆمێنتانە ئەوەیە کە باس لە دروستبوونی ناکۆکی و جیاوازیی بۆچوون لە هاوپەیمانیی جمهوور دەکات. ئایا ئێوە پێتانوایە بەڕێز باخچەلی بەر لە روونکردنەوەکەی، ئەو بابەتەی لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان باس کردبێت؟ ئایا ئەم بابەتە سیاسەتی هاوبەشی نێو هاوپەیمانیی جمهوورە؟ یانیش بەڕێز دەوڵەت باخچەلی هەوڵێکی تاکەکەسیی خۆی داوە؟
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: لەو باوەڕەدا نیم بەڕێز باخچەلی ئەم هەوڵەی بە شێوەیەکی تاکەکەسی دابێت. ئەوە ماوەی سێ هەفتەیە بەڕێز باخچەلی دەیڵێت و بووەتە جۆرێک لە پێداگری، بەڵام لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان تا چەند کۆکن، من دڵنیا نیم، چونکە ئەوەی لە بەڕێز ئەردۆغان چاوەڕێم دەکرد، پاڵپشتیی تووند بوو، بابەتەکە دەرکەوتنی ئۆجەلان نییە لە پەرلەمان، لەڕاستیدا ئەمە شتێکی سیمبوولییە و دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژیش. بابەتەکە گۆڕانی کەشە. بابەتەکە قسەکردنە لەسەر ئەم بابەتانە. بەڵێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هەموو وڵاتێک مەترسی هەیە، بەڵام بۆ تورکیا، من بە متمانە بەخۆبوونەوە دەڵێم، تورکیا وڵاتێک نییە دابەش بکرێت. کێ دابەشی دەکات. تورکە نەتەوەییەکان وادەڵێن، کە منیش تورکم. باشە ئەوان وادەڵێن، بەڵام کێ و چۆن دابەشی دەکەن؟ تورکیا لە وڵاتانی دیکە ناچێت. چۆن بە وڵاتانی دیکە ناچێت، جا من کە ئەمەم گوت، بەڕێز باخچەلی تووڕە بوو، بەڵام ئێستا دەزانێت بە چ مەبەستێک ئەمەم گوتووە. من گوتم ئەگەر شارێک هەبێت زۆرترین کوردی لێ بژی، نە هەولێر، نە دیاربەکرە، بەڵکو ئیستەنبووڵە. ئێستا ئەو شارەی لە جیهاندا زۆرترین کوردی لێ دەژی و زۆرترین ناسنامەی کوردی لێیە، ئیستەنبووڵە. کەوایە کێ و چۆن دابەشی دەکات؟ پێویستە متمانەمان بەخۆمان هەبێت. ئەو دەوڵەتەی متمانەی بەخۆیەتی، لە زمان ناترسێت. ئەو دەوڵەتەی متمانەی بەخۆیەتی لە ناسنامەی جیاواز ناترسێت. لە تورکیادا کەمایەتییەکان هەن؛ ئەرمەنەکان هەن و ناموسڵمانەکان هەن. هیچ کات بە پێدانی ماف بەوانە، تورکیا دابەش نابێت. ئەوە شتەی تورکیا دابەش دەکات، لەخۆنەگرتنە. هەمیشە داکۆکیم لەمە کردووە. ئەگەر بەمجۆرە سەیری رووداوەکانمان کرد، لایەنی بەرامبەریش بە هەمان شێوە زمانەکەی تۆ دەگرێتە خۆی. لە تورکیادا هێشتا کەسانێک بە تووندوتیژی و تیرۆر، هەروەها وای نیشاندەدەن گوایە داکۆکی لە مافی کورد دەکەن، خەندەق لە شارەکان لێدەدەن و ژیانی هاووڵاتیانی کورد تێکدەدەن. لە دیاربەکر دەبنە هۆکاری گیانلەدەستدانی گەنجانی وەکو یاسین بۆروک. ئێستا هەمان شت لە باکووری عێراق زۆر جار روویدا. داخڵبوونی مەسعوود بارزانی بۆ هەولێر بە پشتیوانی سەربازی تورک لە دژی تیرۆر بوو. هیچ شتێک بە تووندوتیژی چارەسەر نابێت. لێرەدا پێویستە ئەو بانگەوازەی بەڕێز باخچەلی لەلایەن ئەردۆغانەوە خاوەنداری بکرێت. لەولاشەوە بە دەم پارتییەوە، جا قەندیل، سیلیڤری و ئیمراڵی، ئیدی کێ هەیە، نابێت ئەم دەرفەتە لەکیس خۆیان بدەن. ئەمە دەرفەتێکە نابێت لەدەست بدرێت. سەیرکەن ئەگەر من ئەمە بڵێم، بە ئاسایی وەریدەگرن، بەڵام ئەگەر باخچەلی بیڵێت، کەوایە کارەکەی ئێمە ئاسان دەکات. بۆچی ئێمە سەرنج بدەینە مەبەستەکەی و بڵێین ئایا بە چ مەبەستێک ئەمەی گوتووە؟ پەنا بەخوا مەبەستەکەی خێردارە، خۆ نیازەکەی خراپ نییە، بەڵام با وای دابنێین خراپە، من سەرنج دەدەمە ئەنجامەکەی. ئایا لە ئەنجامدا برایەتیمان تۆکمە و ئاشتەواییمان زیاد دەکات؟ ئەوەتا من زۆرترین جار بەرەنگاریی باخچەلی بوومەتەوە، چیی بە من گوت ئەو؟ سیاسەت بە تووڕەیی ناکرێت، ئەوە لە رابردوو مایەوە. جا من لەو باوەڕەدا نیم ئەو بە تاک ئەم کارەی کردبێت. ناچارم ئەو راستییەس بڵێم کە نابێت ئەو لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان کۆک بێت. ئەگەر کۆک بووایە بەڕێز ئەردۆغان دەبوو بە شێوەیەکی باشتر لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا داکۆکیی بکردبا. هیوادارم ناکۆکییەکانیان نەهیڵن و کۆک بن. ئێمە پشتیوانی دەکەین و هەرگیز ئاستەنگ نابین. 
 
رووداو: وەک دەزانن لە تورکیادا ئەزموونێکی پرۆسەی چارەسەری هەیە. بەڵام ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو نەبوو. هێشتا پرسیار لەوە دەکرێت کە ئایا بۆچی سەرکەوتو نەبوو؟ کێ مێزەکەی سەروژێر کرد؟ لەولاشەوە هەروەک دەزانن لەگەڵ لەبارچوونی پرۆسەکە قۆناخێکی خوێناوی هاتە پێشەوە و خەندەق لێدرا. ئایا ئێوە هەست بە بەرپرسیاریەتییەک لەو سەردەمە دەکەن؟ هەروەها بۆچوونتان لەبارەی بەرپرسیاریەتیی بورۆکراتی سیاسی و سەربازی چییە؟
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: سەرەتا دەمەوێ بڵێم من شەفافانە قسەدەکەم، چونکە قسەکردن بە پەردەپۆشییەوە هیچ واتایەکی نییە. پێویستە هەمووان وانە وەربگرن. پرۆسەی چارەسەری چۆن دەستیپێکرد؟ نەورۆزی 2013 دەستیپێکرد. ئامادەکاریی پرۆسەکە دوورودرێژە با نەچمە ناوییەوە، منیشی تێدا بوو. هاکان فیدان کە ئێستا وەزیری دەرەوەیە و ئەوکات راوێژکاری میت بوو، ئەردۆغان بەڕێوەی دەبرد. بەڕێز عەبدوڵڵا گول وەک سەرۆککۆمار خاوەنداریی دەکرد، هەموومان خاوەنداریمان دەکرد. لۆژیکی پرۆسەکە ئەوەبوو، لە تورکیادا مافی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردان بێ کردنەوەی هیچ مامەڵەیەک، بۆ نموونە من کاتێک ماف بە هاووڵاتییەک دەدەم، بە راستی نازانم ئەمە بکەمە مامەڵە لەگەڵیدا. بۆ نموونە زمانی کوردی بابەتی مامەڵە نییە، لە پرۆگرامی پارتەکەشماندا هەیە. زمانی کوردی لە خوێندن و هەموو شوێنیکدا دەکرێت بەکاربێت. واتا ئەمە ئەوە نییە بڵێیت ئازادیم بە زمانی کوردی دا. لە بنەڕەتدا ئازادە. لە پرۆسەی چارەسەریدا بڕیاری دوولایەن لەسەر ئەوە هەبوو کە چەکدارانی پەکەکە مانگی حوزەیران چەک دابنێن. هەردوولا لەسەر ئەمە رێککەوتن، بەڵام لەوکاتەدا چەند رووداوێک سەری لە رێکخراوی تیرۆرستی تێکدا، یەکەمیان رووداوەکانی گەزی بوو. لەگەڵ رووداوەکانی گەزی ئەوەبوو گوتیان، باشە ئێمە لەگەڵ حکومەت رێککەوتین، بەڵام ئایا بابەتەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ گومانیان هەبوو. دووەمیان ئەوەبوو لەوکاتەدا داعش پەیدا بوو. ساڵی 2013، من لەبارەی ئەوساڵە کتێبێکی تازەم نووسیوە بەناوی بوومەلەرزەی سیستماتیک. ساڵی 2013 ساڵی گۆڕانکاری بوو لە ناوچەکەدا. لەدوایەوە کودەتای میسر روویدا. هەروەها بەدوایەوە لە سووریا چەکی کیمیایی بەکارهێندرا. لە ناوچەکەدا لەبری دیموکراسی، تیرۆر و ئۆتۆکراسی هاتەپێشەوە. لە سووریاش زۆر شت روویاندا. رووداوی سێیەم، رووداوەکانی 17-25 کانوونی یەکەم بوو. کاتێک لە نێوخۆی وڵاتەوە جووڵەیەکی هاوشێوەی کودەتا لە دژی ئەردۆغان کرا، پەکەکە، یانیش با بڵێم لایەنی بەرامبەری پرۆسەکە، هێزە چەکدارەکانی نەکشاندەوە و لەسەر قسەی خۆیان نەوەستان. ئەوکاتەش لە هاوینی 2013 لە کەجەکە چەند گۆڕانکارییەک لە ئەرکەکان روویدا، با نەچمە وردەکارییەوە. ئەوەی باڵتەی لە پرۆسەی چارەسەری وەشاند و متمانەی لەرزاند ئەوەبوو ئەو هێزە چەکدارانەی دەبوو حوزەیرانی 2013 لە تورکیا دەربچن، دەرنەچوون. ئەمە گومانێکی لای دەوڵەت دروستکرد و گوتیان، باشە کەواتە ئەمانە بە مەبەستێک ئەو کارە ناکەن. ئەگەر نیازیان باش بووایە لەسەر قسەی خۆیان دەبوون. لایەنی بەرامبەریش دەیگوت، ئاخۆ دەبێت حکومەت تا چەند تۆکمە بێت؟ رووداوەکانی گەزی و رووداوەکانی 17-25ی کانوونی یەکەم. لەکاتێکدا حکومەت تۆکمە بوو، ئەوانەش قسەیان لەگەڵ ئەردۆغان، داودئۆغڵو و گول بوون. باشە ئێمە لێرەین. ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان دابوو، نەیانگەیاندە سەر. گوتیان واز لە خەباتی چەکداری دەهێنن. ئێستاش لە هەمان شوێندان، سەیرکەن باخچەلی هەمان بانگەواز دەکات و دەڵێن چەکەکانتان دابنێن. ئەگەر ئەو هاوینە ئەمە بکرابا، پرۆسەی چارەسەری بە سەرکەوتن دەگەیشت. یەکەمیان ئەوان کەوتنە وەهمێکی وەها کە لە تورکیادا هەکانێک هەیە و ئاخۆ تورکیا چی بەسەر دێت؟ دووەمیان، لەدوای پێشهاتەکانی سووریا، من لەکاتی رووداوەکانی کۆبانێ تازە پۆستی سەرۆکوەزیرانم وەرگرتبوو. چەند گوتاریکم بە 'سڵاو بۆ برایانی کۆبانێم' دەستپێکرد. پێشمەرگەمان لە سنووری تورکیا وەرگرت و ناردمانن بۆ کۆبانێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان چوونە دۆخێکەوە کە هاوشێوەی سووریا، تورکیاشیان کردە کانتۆن کانتۆن. ئەمەش لەلایەن دەوڵەتەوە وەکو هەڕەشەی بینرا. لەو نێوەندەدا لە نێو بیورۆکراتیی سەربازیدا جەماعەتی گولەنییەکانیش هەن.
 
من کاتێک لە ئەرکی سەرۆکوەزیراندا بووم بەردەوام ئەمەم گوتووە. ئێستاش هەمان شت دەڵێم. پرۆسەی وەها لەسەر دوو بنەما دادەمەزرێندرێت. یەکەمیان دیموکراسیی بێ سازش و بی کەموکوڕی. ئێمە لە بابەتی دیموکراسیی تەواوەتیدا دەستمان بە کارەکان کردبوو و دەشمانکرد. دووەمیان متمانەی شەقامە. کاک شەوکەت کاتێک بوومە سەرۆکوەزیران سەیرێکم کرد، چونکە لەو کاتەی وەزیری دەرەوە بووم هەستم پێ نەکرد، دەبینین لە شارەکاندا خەندەق لێدراوە. باشە ئەمە بۆ دەکەیت و مەبەستت چییە؟ بەربەستی ئاسن دروستکرابوو. ناوی هاوشێوەی کانتۆن و ئەمانەیان لێنابوو. دەوڵەت ئەمە قبووڵ ناکات، جا ئەگەر ئەمە ببێتە وانە، نابێت متمانەی شەقام بخەیتە مەترسی. دەوڵەت چی دەکات لەو کاتەدا؟ هیچ کاتێک یاسا فەرامۆش ناکات. هاوشێوەی پێشوو تاوانی بکەر نادیار و رفاندنی خەڵک بۆ شاخ، ئەمانە روونادەن. رێکخراو (پەکەکە) سەربەخۆ دادگە دادەمەزرێنێت. بازرگانە کوردەکان نامەیان بۆ من دەنووسی. ئایا ئێمە باج بە دەوڵەت بدەین یان رێکخراو؟ دەیانگوت ئەوان باج کۆدەکەنەوە، بۆ نموونە لە یوکسەکئۆڤا لەو شوێنە، لە بەدلیس لەو شوێنە، شوێنی وەرگرتنی باج هەبوو. من وەکو سەرۆکوەزیرانێکی ئەم وڵاتە، راستە تورکم، بەڵام لە بەرگی سەرۆکوەزیراندا نە تورکم و نە کورد. من سەرۆکوەزیرانم. ئەرکی من پاراستنی ئاسایشی تەواوی هاووڵاتییانە. جا خەڵک لە کۆنیا و ئیزمیرەوە نەیدەزانی لەوێ چی روودەدا، نیگەران دەبوو لە بیستنی هەواڵی شەهید، بەڵام نەیدەزانی لەوێ چ دەگوزەرێ، ئەوەی تاڵییەکە دەچێژێت، خەڵکی کوردە. ئەوان بەهۆی خەندەقەوە نەیاندەتوانی بڕۆنە قوتابخانە و نەخۆشخانە. سەرنجمدا ئێمە ماوەی ساڵێک وەکو دەوڵەت ئاراممان گرت. ئەمەمان کرد بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری لەبارنەچێت تا هەڵبژاردن. ئەوەی دوای هەڵبژاردن گورزی لە پرۆسەکە دا، رێکخراو وا بیری دەکردەوە ئاکپارتی زۆر لاواز بووە، بانگەوازی خەباتی چەکداریی کرد. ئەوەبوو 23ی تەممووز دوو پۆلیسیان لەکاتی خەودا کوشت. زۆر باش بیرمە. راوێژکاری هەواڵگری پێی گوتم دوو پۆلیسمان شەهید بووە، منیش گوتم دەکرێ کارێکی تێکدەرانە بێت و سەیرکەن بزانن کێ ئەمەی کردووە. دواتریش هەواڵم پێ بدەن، گوتم با دووبارە رووبەڕووی پشێوییەکی زۆر نەبینەوە. تا کاژێر 8-9 رێکخراو خۆی گوتی ئێمە کردمان، هێشتا نەمان گوتبوو رێکخراوی تیرۆرستی ئەم کارەی کردووە. ئەگەر رێکخراو ئەمەی نەگوتبا، ئێمە لە لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبووین. ئەگەر رێکخراویکی بیانی بووایە دمانگوت مەبەست لێی دروستکردنی پشێوییە، بەڵام کاتێک رێکخراو خۆی دەڵێت ئێمە کردوومانە، دەوڵەت دەبێت بەرەنگاری ببێتەوە، بەڵام ئێوە بابەتەکە یەکلایەنە مەبینن. لای دەوڵەتیش، سازشکردن لە متمانەی شەقام هەڵەی گەورە کرا. لەولا راستە پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە، بەڵام بۆ نموونە لە بەدلیس چەند کیلۆمەترێک لە دووری پارێزگا، نەدەبوو رێگە بدرێت کە ئەوان دادگەیی دروست بکەن. بەشێک لە نێو سەربازیشدا لە ئەندامانی گولەنییەکان بوون، دەیانویست ئەو پێکدادانە گەورەتر بێت، لە تورکیادا پشێوییەکی نێوخۆ دروستببێت و ئەوانیش کودەتا بکەن. من بەرەنگاری تەواوی ئەمانە بوومەوە و هەمووان دەزانن. من نە لە بابەتی متمانەی شەقام، نە لە بابەتی پاراستنی مافی هاووڵاتییانی کوردمان سازشم نەکرد و رێگەم نەدا. هەر هەواڵێک هات راستەوخۆ چاودێریم کرد و بەدوایدا چووم. لە جزیر لە دیاربەکر لە زۆر شوێن. هەوڵمدا بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتیمان زەوت نەکرێت. بەردەوام ئەمانە روویان دەدا. ئێستا پێویستە پەند لەمانە وەربگرین. نابێت دەوڵەت ئەمە بکاتە کەرەستەی مامەڵەکاریی خۆت، دەوڵەت دەبێت هەڵوێستی روون بێت و بڵێت، هاووڵاتییان تورک چۆن مافێکیان هەیە، هاووڵاتیانی کوردیش هەمان مافیان هەیە. رێکخراویش ئەگەر لەڕێی سیاسەتەوە خەبات دەکات، ئەوا پێویستە بزانێت ئەو خەباتە بە چەک ناکرێت. دێنە پەرلەمان و هەموو شتێک قسەی لەسەر دەکرێت. وازبینن با لەوێ قسە بکەین. 
 
رووداو: لەدوای هەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیران، ئێوە بۆ پێکهێنانی حکومەت دیداری سیاسیتان سازکرد. ئایا لەوکاتەدا هیچ دیداریکتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان هەبوو؟ هیچ داواکارییەکتان بۆ بەشداربوونیان لە حکومەت کرد؟ ئەگەر هەبووە، وەڵامی ئەوان چی بوو؟ 
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: دیدارم لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان سازکرد. تەنانەت بە پارتەکەی خۆشمەوە کە هەمووان دژی ئەوە بوون، بۆ یەکەم جار سەرکردەیەکی سیاسی، سەرۆکوەزیرانێک، چووە بارەگای پارتی دیموکراتی گەلان. جا من گوتم دێمە ئێرە وەکو رێزێک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەنگیان بە هەدەپە داوە، بەڵام هێندە بە بێ نەزاکەتی و بێڕێزی پێشوازییان لە من کرد، هەروەک دەزانن گوتیان چای قاچاخی دەدەینێ و دەینێرینەوە. نابێت هیچ کەسێک لەو جۆرە پرۆسانە لەخۆی دەربچێت. ناشبێت هیچ کەسێک لایەنی بەرامبەر بخاتە دۆخێکی سەخت. من لە ژیانی سیاسیمدا ریسک دەگرمە بەر، چونکە تائێستا هیچ سەرکردەیەکی سیاسەی سەردانی هەدەپەی نەکردووە. ئەمە دەکەم، چونکە من جیاکاری لەنێوان پارتەکان ناکەم، کاتێک دیداریان لەگەڵدا دەکەم، جەهەپە و مەهەپە و هەدەپەم بە یەک چاو بینی. هەموویان دەنگی خەڵکیان بەدەستهێناوە. من ئەمە دەکەم، بەڵام ئەوان زۆر بە بێ نەزاکەتییەوە پێشوازییان کرد. رۆژی 15ی تەممووزی 2015 ئەو دیدارەمان سازکرد. سەڵاحەدین دەمیرتاش، سڕی سورەییا ئۆندەر، خاتوو فیگەن یوکسەکداخ لەوێ بوون. پێمگوتن، بەهۆی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانەوە لەخۆدەرچوونێک دەبینم. گوتم متمانە بەخۆبوونێکی زیاد دەبینم، هەروەها پێتانوایە حکومەت پێکنایەت. گوتم من وەکو سەرۆکوەزیران رێگەنادەم ئەو خەڵکە بکەوێتە نێو پشێوییەوە، جا ئاگادار بن. پێمگوتن ئەگەر بەو متمانەبەخۆبوون و خۆ بەزلزانیەتان شتێکی هەڵە بکەن، سەیری ئەوە مەکەن من سەرۆکوەزیرانێکم دەنگی تەواوی متمانەم لە پەرلەمان نەهێناوە، بەڵام ئەوەی پێویست بێت دەیکەم. هەفتەیەک دواتر رۆژی 23ی تەممووز پۆلیسەکەمان شەهیدکرا. ئێستا ئەمانە هەمووی یادگاریی تاڵن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەزموونن. یادگاریی تاڵ ئەزموونە و پێویستە ئەزموون بە باشی هەڵبسەنگێندرێت. جا ئەگەر پرۆسەیەکی نوێ دەکەوێتە کار، پێویستە هەمووان بزانن کە هیچ کەسێک لەڕێی تیرۆر و تووندوتیژییەوە ناگاتە هیچ کوێیەک. پرسی کورد لە تورکیا سێ پێچکەی هەیە. یەکێکیان بە دیموکراسی بوونی تورکیایە. بە دیموکراسی بوونی تورکیا پرسێکی تایبەت بە کورد نییە. رۆژی 28ی شوبات دیندارەکان رووبەڕووی کێشە ببوونەوە. ساڵانی 70کانیش چەپەکان دەیانچەشت... بە دیموکراسی بوون پرسێکی گشتیی تورکیایە، بە بەکارهێنانی زمانی کوردیشەوە، مافە دیموکراسییەکان، لە هەموو شوێنێکی تورکیادا لەڕێی دیموکراسییەوە چارەسەر دەکرێت. یەکێک لە پێچکەکانی ئەمەیە. دووەمین پێچکەی کێشە تایبەتەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتە. بۆ نموونە دانانی قەییووم. دانانی قەییووم ئەگەرچی ئێستا گەیشتووەتە ئیستەنبووڵیش، بەڵام گەورەترین کێشەکانی ناوچەکەیە. بۆ نموونە ئێستا لە من بپرسیت لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ گەورەترین کێشە چییە؟ دەڵێم بێکاریی گەنجان و ماددەی هۆشبەر. سێیەمیش کوردانی ئەودیو سنوورن. برا کوردەکانمان لە عێراق و سووریا. جا من هەردەم دەڵێم کوردانی سووریا هاوشێوەی تورکمانەکانی ئێمە هاوڕیشەن لەگەڵمان. کاتێک دەڵێن هاوڕیشە بە تورک لە قەڵەم دەدرێن. من وەکو تورکمانێک وەکو تورکێک دەڵێن، هاوڕیشە بوون بە تورکەوە سنووردار نییە. چۆن بۆسنییەکان هاوڕیشەی ئێمە کە هاوکارییان دەکەین، خۆ ئەوان تورکیش نین، کوردەکانیش هاوڕیشەی ئێمەن و هاومێژووی ئێمەن. کوردانی سووریا و کوردانی عێراق بۆ ویژدان و بەزەیی هێزی وڵاتانی دیکە و هێزە دەرەکییەکان جیناهیڵین. بێگومان دەوڵەتی عێراق و سووریا جیاوازن، چونکە ئەو کوردانە هاووڵاتیی ئەوێن. بەڵام تۆ بێیت و بڵێیت ئەمریکییەکان دێنە بن پاڵی ئێمە لە سووریا، رووسەکان دێن، وەک بڵێین کوردەکان لە تورکیا دەپارێزن، یانیش دێنە عێراق و کوردەکان لە ئێمە دەپارێزن، لەو ناوچانەدا لە جەیلان پنار و رەئسولعەین چی دەکات و کێ لە کێ دەپارێزێت؟ ئێمە بەم تێگەیشتنەوە سەیری بابەتەکە دەکەین. 
 
رووداو: کاتێک وەزیری دەرەوە بوون و کاتێکیش سەرۆکوەزیران بوون، لە دیدی تورکیاوە سووریا دۆسیەیەکی گرنگ بوو. ئێستا دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاڤا لە رۆژەڤدایە. بەشێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن لەگەڵ ئەو کشانەوەیە تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر، لەگەڵ یەپەگە دەکرێت رێکبکەوێت. ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ ئایا رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ یەپەگە، پەیەدە، لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر دەبێتە جێی باس؟
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: هەموو ئەمانە پەیوەندیدارن بەوەی ئەکتەرەکان چۆن هەڵوێست وەردەگرن. من با شتێکی پرەنسیپیت پێ بڵێم. نموونەی دوو برا هەیە؛ ئەگەر لە ئاشتیدا بن لەنێو ماڵێکدان، ئەگەر لە شەڕیشدا بن هەر لەوێن. بێگومان ئەگەر شەڕ نەکەن باشتر، بەڵام ناوبەناو دەمەقاڵێ دەبێت. ئەمە کاری کەسێک نییە کە دوورە لێیان. من لەگەڵ کوردێکی سووریا لەڕێی ئەمریکاوە قسە ناکەم. ماوەیەک گوتیان کوردەکان لە ناوچەکەدا هیچ دەوڵەتێکیان نییە، با دەوڵەتیان هەبێت. گوتم کوردەکان دەوڵەتیان هەیە، کۆماری تورکیا دەوڵەتی تورک و کوردیشە. من ئەوە بە سووکایەتی دەزانم کە لەڕێی ئەمریکا و رووسیاوە لەگەڵ کوردێکی رۆژئاڤا قسەبکرێت. بۆ نموونە کوردیکی هەولێر..! ئاخر بۆیە ئێمە لەگەڵ مەسعوود بارزانی، هەر ساغ بێت هەموو کاتێک بە رووێکی پێکەنینەوە کۆبووینەتەوە، وەکو کۆبوونەوەی ماڵباتی بووە. هیچ کاتێک وەکو دوو لایەن دانوستاندنمان نەکردووە. واتا وەکو دوو لایەن کۆبوونەوەمان نەدەکرد. بۆ نموونە گەورەترین کێشەی تورکیا و هەرێمی کوردستان ئاڵای هەرێمی کوردستان بوو و لە تورکیا لە ئەنقەرە دانەندەنرا، من دامنا. یەکەم جار وەکو وەزارەتی دەرەوە داماننا. ئەوکاتە بەڕێز باخچەلی سووکایەتی کرد. گوتم ئاڵای عێراق هەیە، بەگوێرەی دەستووری عێراق هەرێمێک لەو وڵاتەدا هەیە، ئەویش ئاڵای هەیە، ئێ ئاڵای تورکیش هەیە، چی تێدایە؟ نموونەم دا و هەر لەسەر ئەو بابەتە سەرۆکوەزیرانی ناخچیڤانم بانگ کرد. سەرۆکی حکومەتی ناخچیڤان هاتە ئەنقەرە. لەوێشدا ئاڵای ئازەربایجان، ئاڵای ناخچیڤان و ئاڵای تورکیا هەیە. گوتم باشە چ جیاوازیی هەیە؟ بەشار ئەسەد ئەگەر لەگەڵ خەڵکی خۆیدا شەڕی نەکردبا، لەوێدا کۆمەڵکوژیی گەورە نەکرابا، چەکی کیمیایی بەکارنەهێندرابا، رۆژی 6ی نیسانی 2011 لە سووریا لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبوومەوە. ئەوکات تازە رووداوەکان دەهات بڵێسە بسەنن، یەکێک لە داواکارییەکانم، هەتا با نەشڵێم داواکاری! گوتم ئەگەر ئەمانە بکەن زۆر باش دەبێت کە یەکێک لەو خاڵانە پێدانی وڵاتینامە بوو بە کوردان. ئەو وڵاتینامە بە کوردان نادات و کورد وڵاتینامەی نییە. حوکمڕانییەکی وەها تووشی کێشە دەبێتەوە. ئەگەر لەمن بپرسن دەڵێم، پێویستە هەموو کەسێک لەگەڵ هەمووان قسە بکات. من ناڵێم نابێت لەگەڵ سووریا قسەبکرێت. بەتایبەتی دوای رووداوەکانی غەززە و سیاسەتی پەلهاوێژیی ئیسرائیل، پێویستە هەمووان لەگەڵ هەموواندا قسە بکەن. بۆ ئەوەی ئێمەش لەو ئاستەنگە رزگارمان بێت و هیچ کەس ئەوەی دیکە نەخاتە دەرەوەی بازنە. 
 
رووداو: بابەتێکی دیکە هەیە کە رۆژەڤی تورکیای سەرقاڵکردووە، ئەویش بابەتی دەستووری نوێیە. لەگەڵ هەر کردنەوەیەکی پەرلەماندا ئەم بابەتە دەبێتە رۆژەڤ و جا راستەوخۆ گفتوگۆ لەسەر چوار یەکەمین مادە و مادەی 66 دەکرێت کە تایبەتە بە هاووڵاتیبوون. جا ئەو گفتوگۆیانەش بێ ئەنجام دەمێننەوە. لە قۆناخی تازەدا ئێوە لەو باوەڕەدان دەستوورێکی نوێ بێتە ئاراوە؟
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: من لە ژیانی ئەکادیمی و سیاسیمدا بەردەوام دژایەتیی دەستووری 12ی ئەیلوولم کرد. چونکە دەستووری 12ی ئەیلوول، دەستووری زۆرەملێ و کودەتایە، بۆ بابەتی مافە بنەڕەتییەکان بەس نییە. دواتریش زۆر گۆڕانکاری کران و بە رادەیەکی دیار بە دیموکراسی کرا. بێگومان بە رادەیەکی دیاریکراو، بەڵام سیستمی حوکمڕانیی سەرۆکایەتیی کۆمار ئەو دەستوورەی زیاتر بەرەو خراپی و تێکشکان برد. جا من بە تووندی لە دژی سیستمی حوکمڕانیی سەرۆکایەتیی کۆمارم، لەو باوەڕەدا نیم سیستمێکی دیموکراسی بێت. هەرگیز لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتیدا نیم. لەوێدا هاوسەنگیی نێوان یاسادانان و جێبەجێ کردن پارێزراو نییە. هەروەها میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی بەڵانس نییە. ئێمە پێویستمان بە دەستوورێکی نوێ هەیە. بەڵام ئەگەر ئەم دەستوورە تازەیە ئەوە بێت کە دەسەڵاتی ئێستا بیهێنێت و بڵێت، جگە لە سیستمی سەرۆکایەتی قسە لەسەر شتەکانی دیکە بکەن، ئەوە نابێتە دەستووری نوێ. گفتوگۆی چوار یەکەمین مادەی دەستووریش. من بە سیمبوڵی دەیبینم نەوەک راستەقینە، چونکە هیچ هاووڵاتییەکی تورک بەوە ناڕەحەت نابێت کە ئەنقەرە پایتەخت بێت و مارشی ئیستقلالیش مارشی نیشتمانی بێت، چ کورد چ تورک، بەمە ناڕەحەت نین، بەڵام ئەمەیان بردووەتە جەمسەرێکی ئایدۆلۆژیی وەها، ئاستەنگ بۆ ئەوە دروست دەکەن کە دەست بۆ مادەکانی دیکەی دەستووریش ببرێت. لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان بە دەستوورێکی سادەی وەهایە کە مافی 85 ملیۆن هاووڵاتی بپارێزێت.
 
رووداو: بەم نزیکانە سەردانێکتان بۆ دهۆک و هەولێر دەبێت. لەم نێوەندەدا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا دەکەیت، بەتایبەتی بەراورد بە جاران؟ جگە لەمەش دەزانن هەولێر شارێکی مێژوویی و گەشتیارییە، زیاتر دەتانەوێت بڕۆنە کام شوێن؟ هەروەها لە دەتانەوێت زیاتر تامی کام خواردن لە ناندینی هەولێر بکەن؟
 
ئەحمەد داودئۆغڵو: بێگومان تەواوی وردەکاریی پەیوەندییەکانی ئێستا نازانم، نامەوێت ناحەقی بکەم، بەڵام ئەوە نیگەرانم دەکات کە ئەو گەرموگوڕییەی جاران نابینم. جاران، مەبەستم کاتی خۆمانە. چ کاک نێچیرڤان، چ کاک مەسعوود، ساڵانە چوار بۆ پێنج جار هەمووان هاتوچۆیان دەکرد. بێگومان دوای گشتپرسییەکە لە ساڵانی 2017-2018 بەدواوە سەردانییەکان کەمتر بوونەوە. پەنابەخوا من هیواداریشم زۆر باشتر بێت. من ناڵیم بۆ باشبوونی ئەو پەیوەندییە تەنیا دەبێت ئێمە لەوێ بین. هەر بۆیە ئەرک دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیاش. کاتێک دەڕۆمە ئەوێ شتەکان دەبینم و هیوادارم بتوانم لەگەڵ هەمووان دیدار بکەم. لەگەڵ کاک مەسعوود، کاک نێچیرڤان و کاک مەسروور، لەگەڵ هەموویاندا ئاشنایەتیمان هەیە. هەروەها لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ هەموویاندا مافی رابردوومان بەسەر یەکەوە هەیە. کە رۆیشتمە ئەوێ لە نزیکەوە دۆخەکە دەبینم، بەڵام مێژوو و جوگرافیا زۆرمان لەسەر دەکات بۆ بونیاتنانی پەیوەندیی باش. لەم ناوچەیەدا یان دەبێت شەڕ بکەیت یان لە ئاشتیدا بیت. کاتێک شەڕ دەکەن، هیچ کەسێک بەسەر ئەوی دیکەدا سەرناکەوێت، هەمووان دەدۆڕێن، بەڵام کاتێک ئاشت دەبنەوە، هەموو کەسێک سوودمەند دەبێت. هەولێرم زۆر خۆشدەوێت، تەنانەت بە هاوژینەکەمم گوت؛ ئەم هیچ کات لەگەڵ من نەهاتووەتە هەولێر و باکووری عێراق. بەداخەوە لەبەر بابەتی منداڵبوون لەوانەیە هەر نەتوانێت. جا دوێنێ لەگەڵ هاوڕێیانم باسم دەکرد، کاتێک لە دوورەوە هەولێر دەبینن، لەوانەیە بڵێن شاری پشێوییە و کەشێکی جیای هەیە، بەڵام کاتێک دەچیتە نێو بازاڕە داخراوەکەی هەولێر، وەک ئەوە وایە بچیتە بازاڕەکانی کۆنیا و ئیستەنبووڵ. من کاتێک رۆیشتمە ئەو بازاڕەی هەولێر، هەمووان هاتن، ئۆۆۆ! سەرۆکوەزیران.. وەزیری دەرەوە بەخێربێیت، کاک ئەحمەد! هەمووان چاودێریی تورکیا دەکەن. هەمووان کەمێکیش بێت زمانی تورکی دەزانن. باشە خۆ لەگەڵ ماردین، تەنانەت لەگەڵ کۆنیاش جیاوازییەکی نییە. بە هەموو شێوەیەک دەمەوێت بڕۆمە ئەو بازاڕە، ئەو بازاڕە کلاسیک و دێرینە. منارەی موزەفەریە کە نیشانێکی هاوبەشی کورد و تورکمانە. بێگومان قەڵای هەولێر کە هێشتا یەکێک لە قەڵا هەرەکۆنەکانی ناوچەکەیە. تاوەری کاتژمێرییەکەی هەولێر، هەمووی یەک لە یەک جوانترن. بەداخەوە من حەزدەکەم چەند رۆژێک تەنیا بە نیازی پشوودان و گەڕان لەوێ بم، بەڵام هەمیشە بۆ کاری فەرمی چووم. جارێکیان رەمەزان بوو بەپەلە بووین. بابەتی خواردن، سەختترین و درێژترین نان خواردنی ژیانم لەگەڵ خوالێخۆشبوو تاڵەبانی بووە. ئەو زۆر بە باشی خواردنی دەخوارد. هەمووان دەزانن، ئەو کلێنێکسی بەمجۆرە دەبەست، ئینجا دەیخوارد. جا بە زۆر خواردنی پێشکێشکی میوان دەکرد. لەگەڵ کاک مەسعوودیش خوانی زۆر جوانی نانخواردنمان بینی. بێگومان کەبابی هەولێر، جگە لەوەش لە دۆڵمەی هەولێر شتێک هەیە کە یەکەمجار لەوێ بینیم، خەیار لە دۆڵمەدا بەکاردەهێنن و ئەمە تایبەتە بە هەولێر. کوببە، زۆر جار خواردنی کولتووریی هەولێرم خوارد. لەڕاستیدا زۆر لێکچوون، بۆ نموونە بریانی کە لە نێوان سێرت و هەولێر جیاوازییەکی زۆر نییە. بەڵام خواردنی تایبەت بە هەولێر هەیە؛ بۆ نموونە دۆڵمەکەی زۆر جۆراوجۆرە. هەروەک گوتم دانانی خەیار لە نێو دۆڵمە، لای ئێمە دەگمەنە. شتی تایبەت بە هەولێر هەیە، بێگومان لە خواردن هاوشێوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر دەوڵەمەندە. من بە خواردنی هەولێر دڵخۆش دەبم، هەروەها بۆ خواردنی بیرۆکەش دەڕۆمە ئەوێ. بۆ پێدان و وەرگرتنی بیرۆکە. من بۆ وەرگرتن و پێدانی دڵ دێمە ئەوێ.  
 
رووداو: بەڵێ بەڕێزم. زۆر سوپاستان دەکەم هەر ساغ بن. میوانی هەڤپەیڤینی ئەمجارەمان لە بارەگای پارتی ئایندە بەڕێز ئەحمەد داودئۆغڵو بوو. تا هەڤپەیڤینیکی دیکە هەر شاد بن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.