رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، نرخی یەک تۆن برنج لە وڵاتی بەرهەمهێنەوە 200 دۆلار زیادیکردووە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی فرۆشتنی برنج لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەبووە، هەندێک جۆری برنج نرخی 3000 دینار زیادیکردووە.
رۆژی دووشەممە 30-01-2023 سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هیندستان نرخی یەک تۆن برنج لە 1035 دۆلارەوە بووە بە 1275 دۆلار، واتە نرخەکە 200 دۆلار زیادیکردووە."
بە گوتەی سۆران عەبدولغەفوور، زیادکردنی نرخی برنج لە وڵاتی بەرهەمهێنەوە کاریگەریی لەسەر فرۆشتنی برنج لە هەرێمی کوردستانیش هەبووە، بەڵام بەگوێرەی جیاوازیی جۆری برنجەکان نرخەکەش دەگۆڕێت، بۆ نموونە برنج هەیە 2000 دینار زیاد بووە، برنجی دیکەش هەیە نرخی 3500 دینار زیادی کردووە.
لەبارەی هۆکاری گرانبوونی نرخی برنج، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتی، بابەتەکە پەیوەندیی بە نرخی دۆلار و دینارەوە نییە، پەیوەندیی بە وڵاتی بەرهەمهێنەرەوە هەیە، لەوێ گران بووە بۆیە لە ناوخۆش نرخی گران بووە.
سۆران عەبدولغەفوور گوتیشی، "تائێستا نرخی خۆراک و کاڵا بە شێوەیەکی گشتی زیادی نەکردووە، بەڵام گۆشتی سووریش هاوشێوەی برنج گران بووە، ئێستا کیلۆیەک گۆشتی سوور بووەتە 19 هەزار دینار."
بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر برنج، بەتایبەتی دوای شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، کە بەربەست لەبەردەم هەناردەکردنی گەنم و دانەویڵەی ئەو وڵاتە دروستبوو، خواست بۆ بەرهەمی برنج زیادی کردووە.
بەپێی ئامارەکانی فاو، برنج کە خواردنی سەرەکیی نیوەی دانیشتووانی جیهانە، نرخەکەی 15% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا.
لەلایەکی دیکەوە لەبەر کۆرۆنا و وشکەساڵی و رووداوە سرووشتییەکانی وەکو لافاو لە وڵاتی هیندستان، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەمبوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکارێک بۆ کەمتر هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ