رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشییان ئاراستەی کۆریای باشوور کرد، دوای ئەوەی لە ئاهەنگێکی پێشوازیکردن لە هاڵۆویندا لە سیئۆلی پایتەختی ئەو وڵاتە، بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و پاڵەپەستۆ، لانیکەم 146 کەس گیانیان لەدەستدا و 150ی دیکەش برینداربوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت: "بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، لە دڵەوە سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خەڵک و حکومەتی کۆریای باشوور دەکەم لەهەمبەر لەدەستدانی تراژیدیی دەیان کەس لە ئاهەنگەکانی هاڵۆوین لە سیئۆل."
رووداوەکە لە کۆریای باشوور کە وڵاتێکی سەقامگیر و ئارامە روویدا و لەسەر ئاستی جیهان دەنگیدایەوە. پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی کۆریای باشوور کرد.
رووداوەکە لە گۆڕەپانی بەناوبانگی ئیتاوۆن لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور دروستبووە. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "هزر و بیر و نزاکانم لای خێزان و هاوڕێی قوربانییانە."
تائێستا هۆکاری دروستبوونی پاڵەپەستۆیەکە ئاشکرا نەکراوە. یوون سوک یۆڵ، سەرۆکی کۆریای باشوور داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەسەر رووداوەکە کردووە کە شادیی هاڵۆوینی کردە شین.
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە تویتێکدا گوتی: "سەرەخۆشی ئاراستەی دانیشتووانی سیئۆل و خەڵکی کۆریا دەکەم دوای تراژیدای ئیتایوۆن. دڵی فەرەنسا لای ئێوەیە."
بە گوێرەی میدیای کۆریای باشوور، نزیکەی 100 هەزار کەس لە شوێنەکە ئامادە بوون بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار دوای پەتای کۆرۆنا، بەبێ دەمامک بەشداریی ئاهەنگی هاڵۆوین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ