مەسرور بارزانی: پارتی لەگەڵ ئارامییە، خەڵکی کوردستان ماندوو بوون لە ململانێ

29-09-2024
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کاسبکاران و پیشەوەرانی شاری هەولێر
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کاسبکاران و پیشەوەرانی شاری هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسرور بارزانی لەگەڵ کاسبکاران و پیشەوەرانی شاری هەولێر کۆبووەوە و تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک تەوەر، لەوانە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، "پارتی قەد لەگەڵ ئەوە نییە گرژی دروست بکات، نە لەگەڵ هیچ هێزێکی ناوخۆیی و نە لەگەڵ هیچ دراوسێی و هیچ هێزێکی ناوچەیی".
 
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ چین و توێژەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کاسبکاران و پیشەوەرانی شاری هەولێر کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی گوتی، ''پارتی دەیەوێت کوردستان کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر بێت و نایەوێت بەهیچ جۆرێک تووشی کێشە و گرفت ببینەوە''.
 
"خەڵکی کوردستان ماندووبوون لە ململانێ"
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی سەرەکی پارتی، فەراهەمکردنی سەقامگیری و ئارامییە، "چونکە هاووڵاتییان دەیانەوێت لە دڵنیاییدا بژین و پێموایە خەڵکی کوردستان ماندووبوون لەو هەموو ململانێ و ناخۆشی و ناسەقامگیرییەی لە ناوچەکەدا هەیە''.
 
هەروەها دەڵێت، ''ئەگەر ئێمە بتوانین ئارامی و سەقامگیری فەراهەم بکەین، خوا نەخواستە بۆچی بەرەو گرژی و ئاڵۆزی بڕۆین، بۆیە پارتی قەد لەگەڵ ئەوە نییە گرژی دروست بکات، نە لەگەڵ هیچ هێزێکی ناوخۆیی و نە لەگەڵ هیچ دراوسێی و هیچ هێزێکی ناوچەیی''.
 
لەسەر هەمان بابەت ئاماژەی بەوەدا، "پارتی لەگەڵ ئارامییە، لەگەڵ سەقامگیرییە، لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییە، لەگەڵ ئەوەیە خەڵک زۆر زۆر بە دڵنیاییەوە بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێت و دڵنیابن لەوەی خۆیان و کەسوکاریان و داهاتوویان، داهاتوویێکی ئارام و سەقامگیر دەبێت".
 
مەسرور بارزانی هەروەها باسی لەوە کرد، ''پارتی کە داوای ئاوەدانی، پێشخستن، ئاسایش و ئارامی دەکات، دەبینین لە بەرامبەردا خەڵکانێکی دیکە داوای وێرانکاری، خراپەکاری، وەستاندن و تێکدان و ئەم جۆرە شتانە دەکەن''.
 
ئێوە دادوەر بن
 
لەبارەی ئەوەی چ جۆرە کەسانێک دەتوانێت نوێنەرایەتی ئەو چین و توێژانە بکەن، مەسرور بارزانی بە کاسبکارانی هەولێری گوت، ''ئێوە دادوەر بن، هەموو کەسێک دێت لەسەر حیسابی ئێوە بەڵێن دەدات و هەموو کەسێک دەنگی بەرزە بە حیسابی ئەوەی ئێوە پشتیوانین، بەڵام ئەو کەسە دەتوانێت نوێنەرایەتی ئێوە بکات، کە متمانەی ئێوە بەدەست بهێنێت''.
 
سەیری رابردوومان بکەن
 
لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی داوایکرد، هاووڵاتییان تەماشایەکی رابردوو بکەن، دەڵێت، ''داوادەکەم تەنیا گوێ لە قسەکانی ئێمە مەگرن، سەیری رابردووشمان بکەن، سەیربکەن کێ بەڵێنی بە ئێوە داوە و جێبەجێی کردووە و کێش دروشمی هەڵگرتووە و لە دوای هەڵبژاردنەکانیش دیار نەبوون".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە