لیژنەى ئاسایش و بەرگرى: وردبینیی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و مووچەکانیان دەنێردرێت

29-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وردبینى لە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن دیوانى چاودێریى داراییەوە تەواو بووە و بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، لیستەکە بە کۆد نێردرابوو و بەم نزیکانە مووچەیان دەنێردرێت.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رێکارەکانى وردبینى لە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن دیوانى چاودێریى دارییەوە تەواو بوون."
 
تاوەکو ئێستا پارەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگى نیسان لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە نەنێردراوە، کە نزیکەى 300 ملیار دینارە.
 
بەغدا داوا دەکات ناو و زانیاریى تەواوى هێزە ئەمنییەکانیان بۆ بنێردرێت، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت بە کۆد بینێرێت و وردبینی بکرێت، نەوەک ئەوەی سەرجەم زانیارییەکان لەبارەى کارمەندانى ئەو هێزانە رادەست بکات.
 
سەگڤان سندى گوتیشی، "ناوى کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان لە لیستى مووچە بە کۆد نێردراوە و بەو شێوەیەش وردبینى کراوە. بەم نزیکانە پارەى مووچەکەیان لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە دەنێردرێت."
 
27ى ئایار وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 85 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیى خستە سەر هەژمارى بانکیى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بانکى ناوەندى، ئەوە بەلاى وەزارەتەکەوە دوا هەنگاو بوو بۆ ئەوەى بەغدا پارەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان بیندرێت.
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەناردنى مووچەى هێزە ئەمنییەکان."
 
وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان 28ى ئایار لیستى مووچەى مانگى ئایارى مووچەخۆران بێ پلە بەرزکردنەوە رەوانەى بەغدا کرد کە بڕى پارەکەى نزیکەى 970 ملیار دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە