راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەچێتە تاران؛ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تەوەرێکی گفتوگۆکانییەتی

29-05-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن قاسم ئەعرەجی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو رۆژ لە سەردانی بۆ سلێمانی، ئەمڕۆ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەچێتە تاران؛ بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە سنوورەکانی هەردوو وڵات و هەبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە هەرێمی کوردستان. بەرپرسێکی حیزبی دیموکرات دەڵێ، ئەوان ئێستا و رابردوو دۆخی هەرێمی کوردستانیان لەبەرچاو گرتووە و نەیانویستووە ببنەهۆی دروستبوونی کێشە بۆیان.
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەعرەجی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ئەمنی بەرەو کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێکەوت و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێی رێوشوێنەکانی پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات دەکات.
 
هەمان شاند کە پێکهاتوون لە بەرپرسانی باڵای پاسەوانی سنوور، هەواڵگریی عێراق و نوێنەرانی هێزی ئاسمانی و وشکانیی عێراق، رۆژی 27ـی ئەم مانگە سەردانی شاری سلێمانییان کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەعرەجی، تاوتوێی جێبەجێکردنی یاداشتی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان بووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایار لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکەوتووە، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندەکەی عێراق بۆ ئێران، گفتوگۆکردنە لەبارەی "پاراستنی سنوور"ـەکانی نێوان عێراق و ئێران، کە ئامانجی سەرەکی لە پاراستنی سنوورەکان، زیاتر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و هەبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی سنوورەکان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەرپرسانی ئێران کە لە رابردوودا چەند جارێک داوایان لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە سنوورێک بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دابنێن و "بێ چەکیان بکەن و لە سنوورەکان دووریان بخەنەوە"، ئەمڕۆش جارێکی دیکە هەمان پەیام بە شاندی عێراقی دەدەنەوە.
 
ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان تاوەکو ئەمڕۆ پەیامی نوێیان لەلایەن بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێنەدراوە سەبارەت بە داواکانی ئێران؛ گوتیشی: "ئەگەر عێراق داوای چەکدانان یان دوورخستنەوە لە ئێمە بکات، ئەو کاتە کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسیی حیزب کۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن".
 
ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەزانێت و بۆ ئەوەش ناوبەناو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆدەبێتەوە. زیبایی کە هاوکات جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبەکەشە دەڵێت، ئەوان هەموو کاتێک هەوڵیانداوە نەبنە "سەرئێشە" بۆ هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی: "هەبوونی چەک لای ئێمە بۆ پاراستنی خۆمانە و هیچ چەکێکی قورسیشمان نییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.