پارێزگاری سلێمانی: ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی هۆکاری سەرەکیی گرفتەکانی رێگەوبان و مووچەن

29-04-2023
پەیمان محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چوار رۆژە دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی سماقووڵی سەر بە قەزای کۆیە بەهۆی خراپیی رێگەوبان و نەبوونی خزمەتگوزاری، شاڕێگەی نێوان هەولێر و سلێمانییان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخستووە. پارێزگاری سلێمانی هۆکاری خراپبوونی رێگەوبان، گرفتی داهات و مووچەی سلێمانی بۆ ناکۆکیی پارتی و یەکێتی دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی شەممە 29-04-2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی خراپبوونی رێگەوبان و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لە ناوچەکان، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی خراپبوونی رێگەوبانەکان دەڵێت، رێگەوبانی دەرەوەی شارەکان پەیوەندییان بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەیە و رێگەوبانی نێو شارەکانیش سەر بە وەزارەتی شارەوانین، کە هەردوو سێکتەرەکە لە ساڵی 2014وە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەمانی نەختینە، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگەی نوێیان وەستاند.
 
پارێزگاری سلێمانی باس لەوە دەکات، بەڕێوەبردنی پارە بۆ تەرخانکردنی پڕۆژەی رێگەوبان و چاودێریکردنی لەلایەن حکومەتەوە لە ئاستێکی پێویستدا نەبووە و "بەشی زۆری پڕۆژەکان لە پارێزگای سلێمانی و سنووری ئیدارەی یەکێتی" خراونەتە سەر ''شیرینی نەوت'' کە لە ساڵی 2014وە نە بابەتی ''شیرینی نەوت'' و نە پترۆ دۆلار لە هەرێمی کوردستان بەرکار نییە.
 
بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، دوای پشتگوێخستنی نۆژەنکردنەوەی رێگەوبان لەلایەن حکومەتەوە، سەرمایەدارانی سلێمانی بە بەخشین کاریان بۆ رێگەوبانەکان کردووە و دەشڵێت، ''هەموو ساڵێک 500 تاوەکو 1000 تۆن قیرم لە سەرمایەدارانی ئەم ناوچەیە وەرگرتووە، بەخشین و بەشداریکردن لە سلێمانی زۆرە؛ بەڵام پێویستی بە پشتگیری و پشتیوانییەک هەیە بۆ ئەوەی بتوانن هاوکار و هاوبەش بن.''
 
وەکو چارەسەری سەرەکی بۆ گرفتی رێگەوبان، وەک پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ''دەبێ سێ لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەت مکوڕانە وەکو چۆن بەڵێنیان بە خەڵک و بە یەکدی داوە، بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناخە بگرنە ئەستۆ و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەرنەکەن.''
 
سەرەکیترین ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، داهاتی نێوخۆ و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانە کە تێیدا هاوبەشن؛ هەڤاڵ ئەبوبەکر پێیوایە، ناکۆکییەکە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتە خۆجێییەکان، کەرتی تایبەت، خزمەتگوزارییە گشتییەکان کاریگەری هەبووە.
 
پارێزگارەکە ئەو ناوچانەی دەکەونە نێوان ئیدارەی سلێمانی و هەولێرەوە وەکو ناوچەیەکی ''کارەساتبار"یان' دەزانێت و دەشڵێت، ''لەڕووی ئیداری و ماڵییەوە بەشێکیان سەر بە ئیدارەی هەولێرن و لەڕووی سیاسی و جوگرافییەوە سەر بە ئیدارەی سلێمانین و هیچ لایەنێک پارە و بودجەی پێویستیان بۆ خەرج ناکات.''
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر داواکاریی دانیشتووانی دۆڵی سماقوڵی بۆ گۆڕینی هێڵی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بە داوایەکی رەوا دەزانێت و دەڵێت، ''پێویستە حکومەت پێکهاتەکەی تۆکمە بکاتەوە و لایەنە سیاسییە بەشدارەکانیش کارەکانیان لە نێو حکومەتدا دەستپێبکەنەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە هیچ جۆرێک ئەو دۆخەی لە نێو هێزە سیاسییەکاندا روودەدات، کاردانەوەی لەسەر کاری حکومەت نەبێت.''
 
پارێزگاری سلێمانی هۆشداریی دەدات، ئەگەر کێشەی لایەنە سیاسییەکان چارەسەر نەکرێت، "دۆخەکە بەرەو ئاقاری زۆر مەترسیدارتر دەڕوات"، لەوانەش خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان، دروستبوونی کێشەی زیاتر لە مەسەلەی جووڵەی پارە و نەختینە، متمانە نەکردنی خەڵک بە بانکەکان، دروستبوونی گرفت لە کارکردن لە دامودەزگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت، ترسی سەرمایەداران لە خستنەگەڕی پارەکانیان و کشانەوەی وڵاتە بیانییەکان لە وەبەرهێنان و دروستبوونی بێ‌ کاری و تێکچوونی ئاسایش بە نموونە دێنێتەوە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر جەخت لەوە دەکاتەوە، ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی، هۆکاری تێکدانی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیە و ''ئەگەر خەڵکی کوردستانیش ئەم دۆخە قبووڵ بکەن وڵاتانی ناوچەکە، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمە قبووڵ ناکەن.''
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیار و 300 ملیۆن دینارە کە مانگانە مووچەخۆران بەرەوڕووی کورتهێنانی مووچە دەبنەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سێ گرفتی سەرەکی بۆ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی دیاریکردووە: کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی پارێزگاکە، رێککەوتنی دابەشکردنی داهات بە رێژەی 43٪ بە 57٪ و نەمانی پارەی کاش لە بانکەکان.
 
پارێزگاری سلێمانی لەوبارەوە ئاماژەیدا، ئێستا ئیدارەی سلێمانی توانای دابینکردنی ئەو 43٪ی مووچەی لە داهاتی نانەوتی نییە؛ گوتیشی، کێشەی مووچە لە سلێمانی چارەسەر نابێت، ''چونکە ریشەیەکی قووڵی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەت، کە هەر لەو کاتەوە ئەو دوو لایەنە سیاسییە سەرەکییە، دەوڵەتدارییان نەکرد و دامەزراوەی دەوڵەتیان دروست نەکرد، بەڵکو دەسەڵاتدارێتییان کرد و پاوان، پەرێز و شوێنی هەژموونیگەرێتییان بۆ خۆیان پێکهێنا نەک کیانێک بۆ هەرێمی کوردستان.''
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لەوە کرد، بۆ چارەسەری گرفتی رێگەوبان و مووچە، ''دەبێ حکومەتێکی دادپەروەری هاوسەنگی سەنگینمان هەبێت، بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتی و ناوچەکان وەکو یەک سەیر بکات و جارێکی دیکە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، ئاستی کارەساتباری، پێداویستی و داهات، هەموو داهاتەکانی نەوتی و نانەوتی کۆبکاتەوە و رێگە نەدەن هیچ حیزب و لایەنێکیش دەست بۆ داهاتی گشتی ببەن.''
 
پارێزگاری سلێمانی زیاتر روونکردنەوە دەدات، دەبێ داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە وەزارەتی داراییدا کۆبکرێنەوە و حکومەت یاسای بودجەیان بۆ بنووسێتەوە و بنێردرێتە پەرلەمان و پەسند بکرێت، پاشان سەرجەم لایەنەکان بەپێی ئەو بنەمایە بۆ جێبەجێکردنی داهات و خەرجی بەرپرسیار بکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان راهێنان بە 17 هەزار کەس دەکرێت بۆ سەرژمێری

16ـی تشرینی دووەم کاری مەیدانی دەستپێدەکات، بژمێرەکان ماڵ بە ماڵ و شەقام بە شەقام زانیارییەکان وەردەگرن، وەڵامی 70 پرسیار لە فۆڕمەکانیان تۆماردەکەن، 20 و 21 مانگ زانیارییەکان پشتڕاستدەکرێنەوە، لە دوای کاژێر 12:00ـی شەوی 21 ـی مانگ، هیچ کەسێک تۆمار ناکرێت.