رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، سلێمان هەڵشۆیی سەلامەتە و ئەوەی دەگوترێت لەبارەی ئەوەی کە خۆی کوشتبێت "دوورە لە راستییەوە."
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سۆشیال میدیا وا بڵاوکراوەتەوە گوایە سلێمان هەڵشۆیی خۆی کوشتووە، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی راپەڕینی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان دڵنیایی تەواو کرایەوە لە سەلامەتی تۆمەتبار و هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ خۆ کوشتن و زیان گەیاندن بەخۆی."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رای گشتی لەوە دڵنیادەکاتەوە کە سلێمان هەڵشۆیی "سەلامەتە و هیچ هەوڵێکیشی بۆ خۆکوشتن نەداوە."
شۆڕش ئیسماعیل پێیوایە کە "ئەو دەنگۆیانە مەرامێکی لە پشتە بۆ بەلاڕێدابردنی رێڕەوی لێکۆڵینەوە." دەشڵێت "بەڕێوەبەرایەتیمان رێکاری یاسایی لە دژی ئەو پەیج و ئەکاونتانە دەگرێتەبەر کە هەواڵی نادروستی لەم شێوەیە بڵاودەکەنەوە."
سلێمان هەڵشۆیی لە سەرەتایی دەستگیرکردنەیەوە [رۆژی 20-12-2020] بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیراوە و تاوەکو ئێستاش لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیدا دەکرێ و بەردەوامە.
سلێمان هەڵشۆیی وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و کۆتایی ساڵی 2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و تاوەکو ئێستاش بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ