لەسەر سنووری نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان تەرمی سێ کۆچبەر دۆزرانەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر سنووری باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، تەرمی سێ کۆچبەری نایاسایی دۆزرانەوە. پێشبینی دەکرێت بەهۆی بەفربارین و سەرماو و سۆڵە گیانیان لەدەستدا بێت. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانانی سنووری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دۆزینەوەی تەرمی سێ کۆچبەری نایاسایی لە گوندی سێ کانیس سەر بە شارۆچکەی باشکاڵە لە پارێزگای وان راگەیاند. 
 
هێزەکانی پاسەوانانی سنوور لە راگەیێندراوەکەدا پێشبینی دەکەن تەرمەکان کە ژنێک و پیاوێک و منداڵێکە و ئەندامانی خێزانێک بن و لە رێگەی قاچاخەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چووبنە باکووری کوردستان. بەڵام خراپی کەشوهەوا بەهۆی شەپۆلی بەهێزی بەفربارین و سەرما و سۆڵە گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، تەرمەکان رادەستی دادپزیشکی نەخۆشخانەی گشتیی شارۆچکەی باشکاڵە کراوە. 
 
لەمبارەیەوە، لقی وان-ی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و بارۆی وان و بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی وان بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن. 
 
کۆچبەرە نایاساییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام سنووری هاوبەشی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان لە دیوی پارێزگای وان وەک رێڕەوێک بەکاردەهێنن بۆ چوونە تورکیا و دواتر پەڕینەوەیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا. 
 
چوار رۆژە لە پارێزگای وان بەچڕی بەفر دەبارێت. لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە نزیکەی مەترێک بەفر باریووە و رێگەی 183 گوندی داخستبوو. پلەی گەرما بە کاتی شەو لەم ناوچە سنوورییانەدا دەگەنە 3 پلەی ژێر سفری سەدی.  
 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە