100 کورسی؛ 'بە نەهێشتنی موەلیدەکان 35٪ـی ژینگەی هەرێمی کوردستان پاکدەبێتەوە'

56 خولەک له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە رۆژانی هەڵبژاردندا پێشكێش دەکرێت، بەرنامەی 100 کورسییە. دووەم بەرنامەی تایبەت کرا بە پرسی ئاو و ژینگە لە بەرنامەی کاری بەربژێرەکاندا. 
 
بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە رێژنە مەجید، بەربژێری لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ کارزان عەزیز، بەربژێری لیستی گۆڕان لە بازنەی هەولێر؛ بوخاری جەمیل، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بازنەی هەولێر؛ هەرێم مەهدی، بەربژێری لیستی بەرەی گەل لە بازنەی هەولێر؛ هیوا عومەر، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی لە بازنەی هەولێر؛ ئاسۆ شکاک، سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەختیار سورچی، شارەزا لە بواری ژینگە بەڕێوەچوو. 
 
پیسی ژینگە و زۆری تووشبووی شێرپەنجە
 
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا بوخاری جەمیل باسی لەوە کرد، ژینگە یەکێک نەبووە لە کارە لەپێشینەکان حکومەت و گرنگی پێنادرێت و گوتی، "لەکاتی دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان، دەستەی ژینگە وەکو هۆیەکی راگرتنی باڵانس دەدرێت بە لایەنێک".
 
بەربژێرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان موەلیدەی ئەهلییەکانی بەهۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگە ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، دوو هەزار و 465 مۆلیدە لە هەرێمی کوردستان هەن.
 
بەربژێرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی لە هەولێر، زۆربوونی رێژەی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ خراپی ژینگە گەڕاندەوە و گوتی: لە ساڵی 2021ـدا 7 هەزار 904 کەس تووشی شێرپەنجە بوون، لە ساڵی 2022ـدا 9 هەزار و 61 کەس تووشی شێرپەنجە بوون، لە ساڵی 2023ـدا نۆ هەزار و 911 کەس تووشی شێرپەنجە بوون و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە هەزار 1416 کەسی دیکەش تووشی شێرپەنجە بوون. 
 
بوخاری جەمیل باسی لە پلانی حیزبەکەی بۆ ژینگە کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی هۆکارەکانی باشتری گواستنەوە دابین بکەن، کار بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل دەکەن، کار بۆ نەهێشتنی موەلیدە ئەهلییەکان دەکەن و پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەن. 
 
"بە نەهێشتنی موەلیدەکان 35٪ـی ژینگەی هەرێمی کوردستان پاکدەبێتەوە"
 
بەگوێرەی راپۆرتەکانی تەندروستی جیهانی، قەیرانی ئاو لە عێراق بەگشتی لە ئاستێکی خراپدایە. کارزان عەزیز، بەربژێری لیستی گۆڕان لە بازنەی پارێزگای هەولێر، قەیرانی ئاوی لە عێراق بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بۆ "خراپ بەکارهێنانی ئاو، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و زۆر بیرلێدان" گەڕاندەوە. 
 
کارزان عەزیز باسی لە پێویستی پاککردنەوەی هەوای هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، تەنیا بە نەهێشتنی موەلیدەکان نزیکەی 35٪ـی ژینگەی هەرێمی کوردستان پاکدەبێتەوە".
 
بەربژێرەکەی گۆڕان لە بازنەی هەولێر کارگەکان و پاڵاوگەکانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە ناوبرد و باسی لەوەش کرد، بەشێک لە پاڵاوگەکان فلتەری پاککردنەوەی هەوا بەکارناهێنن. 
 
کارزان عەزیز بە پێویستی زانی کە "بە یاسا چارەسەری پیسی ژینگە بکرێت"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە کارگەکان دووبارە نەوتی رەش بەکاردەهێننەوە، ئەوەش دەبێت هۆی ئەوەی رێژەیەکی بەرزی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بچێتە بەرگەهەوا. 
 
"رێژەی پیسبوونی هەوای هەولێر مەترسیدارە"
 
نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەڕەشەی پیسبوونی ژینگە و کەمئاوی لەسەرە. 
 
هەرێم مەهدی (هەرێم شێرە)، بەربژێری بەرەی گەل ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە کارنامەی لیستی بەرەی گەل شێوازی چارەسەری کێشەی ئاو و ژینگەیان خستووەتەڕوو.
 
هەرێم شێرە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمئاوی بۆ دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون گەڕاندەوە و گوتیشی "پێویستە یاسایەکی تایبەتمان بە دابەشکردنی ئاو هەبێت بە دادپەروەرانە".
 
بەربژێرەکەی بەرەی گەل باسی لە رێژەی پیسبوونی هەوای هەولێر کردو بە "زۆر مەترسیدار" ناویبرد و گوتیشی، "رۆژانە 16 کاژێر دووکەڵی موەلیدە لەنێو شار بڵاودەبێتەوە".
 
هەروەها هەرێم شێرە باسی لەوەش کرد، سکاڵایەکیان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان تۆمار کردووەو ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و دادگاکان و داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستن، لە بەغدا سکاڵا تۆمار دەکەین".
 
"لە پەرلەمان چارەسەری کێشەی ژینگە دەکەم"
 
تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە و رێژنە مەجید، بەربژێری لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی کارگەکان بە شەوان کار دەکەن. 
 
رێژنە مەجید باسی لە کاریگەرییەکانی پاڵاوگەکان کرد و گوتی، "پاڵاوگەکان لەسەر زەوی کشتوکاڵی جووتیاران دروستکراون و ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی لە نزیک پاڵاوگەکانن بەرهەمیان کەمیکردووە".
 
لەبارەی ئەو قرکەرانەی کە لە سنووری شاری هەولێر بەکاردەهێندرێت، بەربژێرەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گوتی، "بەشێکییان نایاسایین و یەکێک لە قرکەرەکان کە بەکاردەهێندرێت مالافیۆنە، کە کارەسات دروست دەکەن".
 
رێژنە مەجید ئەوەشی راگەیاند، دەبێت لە پەرلەمان بە پڕۆژەیاسا رێگری لە هێنانی ئەو ماددە قرکەرانە بکرێت و ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمەوێت لە پەرلەمان چارەسەری کێشەی ژینگە بکەم".
 
بەربژێرەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسی هەوا و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەبێت، "هێڵی گواستنەوەی گشتی زیاد بکرێت، سووتەمەنی کوالێتی بەرز هاوردە بکرێت و رێژەی سەوزایی بە ستاندارد بکرێت". 
 
"بە داخستنی پاڵاوگەکان قەیرانی سووتەمەنی دروست دەبێت"
 
لەبارەی هەبوونی بیری نایاسایی لە هەرێمی کوردستان، هیوا عومەر، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی لە بازنەی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان 30 هەزار بیری یاسایی و 30 هەزاری دیکەی نایاسایی هەن.
 
سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی لە بازنەی هەولێر هۆشداریدا لەوەی کە "هەرێمی کوردستان مەترسی بە بیابانبوونی لەسەرە"و گوتیشی، "پرسی ژینگە پرسێکی گشتییە و نابێت لە پەرلەمان قەتیس بکرێت".
 
هیوا عومەر لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2015ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان دەدات و حکومەت لە دابینکردنی پاڵاوگەی نیشتمانی شکستیهێناوە".
 
بەشێک لەو سووتەمەنییەی کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت لە پاڵاوگە نایاساییەکان بەرهەمدەهێندرێن و هیوا عومەر لەو بارەیەوە گوتی، "بە داخستنی پاڵاوگەکان قەیرانی سووتەمەنی دروست دەبێت".
 
"سەرۆکی حکومەت گرنگییەکی تەواوی بە بواری ژینگە داوە"
 
ئاسۆ شکاک، سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردو گوتی، "لە پەیڕەوی پارتی گرنگیی تایبەت بە پرسی ئاو دراوە".
 
ئاسۆ شکاک ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن و ئەو پاڵاوگانەشی کە کار دەکەن، دەبێت مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن.
 
ئاسۆ شکاک ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکومەت گرنگییەکی تەواوی بە بواری ژینگە داوە... دەبێت لەنێو ماڵەکانیش مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکرێن".
 
یەکێکی دیکە لە بەشداربوونی بەرنامەی 100 پرس بەختیار سورچی بوو کە شارەزای بواری ژینگەیە. 
 
بەختیار سورچی باسی لە کارنامەی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "دڵخۆشم کە بەربژێرەکانی ئێستا باسی پرسە ژینگەییەکان دەکەن".
 
یەکێک لەو رەخنانەی کە بەختیار سورچی لە بەربژێرەکانی هەبوو، ئەوە بوو کە بەربژێرەکان زۆرترین رەخنە دەگرن و زۆر کەم باسی چارەسەر دەکەن.
 
دەرمانی قرکەر یەکێک بوو لەو شتانەی کە بەختیار سورچی هۆشداری لەبارە دا و گوتی، "سێ جۆر لە دەرمانی قڕکەر لە کوردستان بەکاردەهێندرێت، کە لە جیهاندا قەدەخەن".
 
100 کورسی بەرنامەیەکی یەک کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە، پێشکێشکاری نێودار رەنج سەنگاوی پێشکێشی دەکات، بەربژێری لایەنەکان تێیدا گفتوگۆ لەسەر پلانەکانیان دەکەن لەسەر پرسێکی دیاریکراو.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کوژراوەکە.

هاونیشتمانییەک لە بەستۆڕە بە دەستی مامی هاوژینەکەی کوژرا

ئەمڕۆ شوکر محەممەد عەلی، مامی کوژراوەکە بە رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 17:00، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، برازام نێچیر عوسمان محەممەد بە دەستی ئامۆزایەکی خۆی کوژرا."