مەرگی 22 کەسی یەک ماڵبات لە حەمدانیە؛ "کێ دەتوانێت بەرگەی ئەم کارەساتە بگرێت؟"

28-09-2023
هونەر رەشید
فوئاد سلێوە، پرسە بۆ 22 کەس لە ماڵباتەکەی دەگێڕێت.
فوئاد سلێوە، پرسە بۆ 22 کەس لە ماڵباتەکەی دەگێڕێت.
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەرگەساتەکەی حەمدانیە پڕە لە چیڕۆکی تراژیدیا و ناخهەژێن. ئەو شەوەی بە ئاهەنگگێڕان دەستیپێکرد و بە شین، گریان، رۆڕۆ و سووتان کۆتایی هات. ئەوانەشی کە بە جەستە نەسووتان و چانسی رزگاربوونیان هەبوو، جەرگسووتاو بوون. کەسێک لە ئەمریکاوە 11 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت بۆ ئەوەی بێتەوە نیشتمان و بەشداری لە ئاهەنگگێڕانێکدا بکات، بەڵام بەشداری لە پرسەکەیدا دەکرێت. چیڕۆکی لەدەستدانی 22 کەسی یەک ماڵبات "بەرگەی ناگیرێت." 
 
فوئاد سلێوە، پرسە بۆ 22 کەس لە ماڵباتەکەی دەگێڕێت؛ هەرچی فرمێسکی هەبووە، هەڵیڕشتوون. هیچ شتێک سووکنایی دڵی نادات، وێنەی ئەو ئازیزانەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵی زەماوەندەکانی حەمدانیەدا گیانیان لەدەستدا، بەدەستییەوە هەڵگرتوون. لە ماوەی چەند کاژێرێکدا 22 کەسی لە ماڵبەتەکەی لەدەستداوە؛ 10 لەوانە ئەندامی خێزانەکەین، 12ی دیکەش لە خێزانی مامەکانین و تاوەکو ئێستا تەرمی هاوژینەکەی نەدۆزراوەتەوە. 
 
فوئاد بە پەنجە ئاماژە بۆ ئەو وێنانە دەکات کە بە دەستییەوە گرتوون و دەڵێت، "خوشکم، دایکم، باوکم، خوشکەکەی دیکەم. هاوژینەکەم، بێسەروشوێنە. سوپاس و ستایش بۆ خودا. ئەمەشیان خێزانی براکەمە و ئەمانەش منداڵەکانمن. دوێنێ بە سووتاوی وەرمگرتوونەتەوە. هەموو ئەمانە بەهۆی دووکەڵەوە خنکابوون. ئەمەش خوشکەکەمە، لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتبوو کەشێک بگۆڕێت." 
 
برا گەورەکەی ماوەی 11 ساڵە قەشەی کەنیسەی سریانی کاسۆلیکییە لە نەینەوا. بە باوباپیرانیانەوە ماڵباتێکی نێودارن کە بە ئال شیتۆ دەناسرێن و زۆربەیان کەسایەتیی ئایینین. تاوەکو ئێستا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە رووداوەکەدا، لەنێو ماڵباتەکەیاندا تۆمارکراوە. 
 
بەتریس سلێوە، قەشەی کەنیسەی سریانی کاسۆلیکییە و دەڵێت، " بیربکەوە، دەچیتە ماڵەوە و باوک، دایک، خوشکی خۆت نەبینیت. ژنبراکانت نەبینیت. دوو هاوژینی براکانم و چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا. خوشکەکەم لە ئەمریکاوە هاتبوو بۆ ئەوەی بەشداری لەم ئاهەنگەدا بکات. کێ دەتوانێت بەرگەی ئەم کارەساتە بگرێت؟" 
 
چیرۆکی گیانلەدەستدانی ئەندامانی ئەم خێزانە لە سەرانسەری حەمدانیە دەنگدانەوەی دروستکردووە و وێنەکانی ماڵباتەکە لە تەنیشت یەکدی لەسەر شەقامەکانی حەمدانییە هەڵواسراون. 
 
 
 
 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە