گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ هەینی تەرمی 10 کەسی دیکە لە قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە بە خاک سپێردرا، لەنێو قوربانییەکان تەرمی ماریا ئەسعەدی یەک ساڵان هەبوو کە یەکێک لە کەمتەمەنترین کەسی نێو قوربانییەکانە. 
 
تاوەکو ئێستا 38 تەرمی دیکە لە دادپزیشکیی موسڵ ماونەتەوە و هێشتا نەناسراونەتەوە، چاوەڕوانی پشکنینی دی ئێن ئەی دەکەن. 
 
چیرۆکی خەمناکی ماڵباتی ماریا بەتەنیا بە لەدەستدانی ماریا کۆتایی نایێت، ماریا خێزانی ماڵی مامی و چەند کەسێکی دیکەی نزیکی لەدەستداوە. 
 
بەپێی گوتەی شایەتحاڵانی نێو هۆڵەکە کە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ماریا قسەیان بۆ رووداو کرد، باس لەوە دەکەن دایک و باوکی ماریا لەنێو هۆڵەکە بوون، ئەو کاتەی چووبوون شایی بکەن، ماریایان لەلای مامۆژنی دانابوو، ماریاش لەگەڵ ئەو خێزانە گیانی لەدەستدا. 
 
لە خێزانی ماڵی ئەمجەد، مامی ماریا یەک کەس رزگاری بووە، ئەویش ناوی ماریۆسە. ماریۆس لەکاتی ئاهەنگەکەدا هاوڕێکانی تەلەفۆنیان بۆ کردووە و لە هۆڵەکە چووەتە دەرەوە، لەگەڵ دەرچوونی بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لە دایک و باوک و دوو خوشک و براکەی کردووە. 
 
ماریۆسی 14 ساڵان جگە لە دایک و باوک، دوو خوشک و براکەی، چەند ئەندامێکی دیکەی ماڵباتەکەی لەدەستداوە کە کۆی گشتی دەکاتە نۆ کەس. تاوەکو ئێستا سێ کەسیان تەرمەکانیان ناسراوەتەوە. ئەمڕۆ ماریۆس لە گۆڕستانی قیامە نەیدەزانی لەسەر کام تەرم شیوەن بکات.

لە وێنەکاندا باوکی ماریا دەردەکەوێت کە تەرمی کچەکەی ناوەتە سەرشانی و وێنەیەکیشی بەرزکردووەتەوە. ماریۆسیش بە جلوبەرگێکی زەرد و جامانەیەک کە لە ملی ئاڵاندووە، لەسەر تەرمی کەسوکارەکەی بێدەنگ دەگری.