ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: خاوەن هۆڵی ئاهەنگەکەی حەمدانیەمان دەستگیرکرد

27-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند خاوەنی هۆڵی ئاهەنگەکەی حەمدانیە لەلایەن دەزگاکانیانەوە دەستگیرکرا و، بە فەرمانی دادوەر رادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی کرا.
 
ئەو کەسەی لەلایەن دەزگاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراوە، خاوەنی هۆڵی هەیسەمە بۆ بۆنەو ئاهەنگەکان لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا، کە درەنگانی شەوی رابردوو لەکاتی ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە، بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بەتەواوی سووتا، لەئەنجامیشدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 دیکەش بریندار بوون و خاوەنی هۆڵەکەش هەڵات.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ بەهۆی رووداوەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک کەس دەرچوو، لەوانە خاوەنی هۆڵەکە بەناوی سەمیر سلێمان کروومی رەفۆ ئەسۆ.
 
قەبارەی کارەساتەکە ئەوەندە گەورە بوو، کە تائێستا بەتەواوەتی نازانرێت ژمارەی قوربانییەکان چەندە، ئەوەی روونە ئەوەیە؛ زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندارن، بەشێکی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، هێندە سووتاون، کە پێویستیان بە پشکنینی ترشی ناوەکی (DNA)ـیە بۆ ئەوەی بناسرێنەوە.
 
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
 
خاوەنی ئەو هۆڵەی ئاگری لێ کەوتەوە لە قەزای حەمدانیە لەلایەن دامەزراوەکانمانەوە دەستگیرکرا.
 
دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە کارەساتێکی دڵتەزێندا لە هۆڵێکی بۆنە و ئاهەنگەکان لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا ئاگرکەوتەوە و بەهۆیەوەی سەدان هاووڵاتی بوونە قوربانی. دواتر لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک کەس دەرچوو لەنێویاندا خاوەنی هۆڵەکە بەناوی (سەمیر سلێمان کروومی رەفۆ ئەسۆ).
 
دوابەدوای گەیشتنی فەرمانی دەستگیرکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئەیلوولی 2023 دامەزراوەکانمان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، خاوەنی هۆڵەکەیان دەستگیر کرد و، بە فەرمانی دادوەر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی سەگی هار

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: لەناوبردنی سەگی هار رێگەپێدراوە

منداڵێک لە کەرکووک بەهۆی پەلاماردانی کۆمەڵێک سەگی بەرەڵڵا، گیانی لەدەستدا. قایمقامییەتی کەرکووک لە رێگەی دوو لیژنەوە کار لەسەر سەگی بەرەڵڵا دەکات و دەڵێت "ئەو سەگەی پەلاماری منداڵەکەی دا، لەنێوبرا." ئەنجوومەنی باڵای فەتواش لەسەر کوشتنی سەگی زیانبەخش و هار دەڵێت "رێگەپێدراوە".