رووداو دیجیتاڵ
دۆخی تەندروستیی رۆژنامەنووس هونەر مزووری بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێکدەچێت و بەهۆی زۆربوونی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە لەشیدا، لەدوێنێ سێشەممەوە بێهۆشکراوە بۆ رێگەگرتن لە تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک.
رۆژی چوارشەممە 28ی تەممووزی 2021، موزەفەر مزووری، کە هاوەڵی هونەر مزورییە و لە نەخۆشخانەی ڤالیا لە هەولێر لەگەڵی دەمێنێتەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی" لەدوێنێ سێشەممەوە بارودۆخی تەندروستیی خراپە و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەگیانی زیادبووە، بۆیە لەترسی ئەوەی رێژەکەی لەگیانی زیاتر نەبێت لەدوێنێوە پزیشکەکان بێهۆشیانکردووە بۆ ئەوەی ئەو ماددەیە نەگاتە مێشکی و نەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک".
بەگوتەی موزەفەر مزووری "هەوکردنی زیادبووە و هەوکردنەکە گەیشتووەتە خوێنی، ئەوە جگە لەوەی لەژێر ئۆکسجیندایە".
موزەفەر مزوری، باسی لەوەشکرد ئێستا دوو سۆندەیان خستووەتە جەستەی هونەر مزورییەوە یەکێکیان تایبەتە بە ئۆکسجین و لەرێگەیەوە ئۆکسجین دەگەیێنرێتە سییەکانی، هەروەها سۆندەیەکی دیکەیان بۆ داناوە لە لوتییەوە رەوانەکراوە بۆ ئەوەی خواردنی پێبدرێت.
هونەر مزوری رۆژنامەنووس 38 رۆژ دەبێت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە. چەند رۆژێکە دۆخی تێکچووە و یەکێکە لەو رۆژنامەنووسانەی لەچەندین دەزگای راگەیاندنی کوردستانی و بیانی کاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ