رووداو - هەولێر
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سەرکۆنەی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ لە شاری هەولێر دەکات و دەڵێت: "کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ رۆژێکی رەشە لە مێژووی پەروەردە و خوێندنی باڵا. شەهیدکردنی مامۆستا لە گۆڕنانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە". دەشڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە 1991ـەوە وێنەی نەبووە."
رۆژی سێشەممە، 28-06-2022، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە دوای ساڵی 1991ـەوە رووداوی لەمجۆرە لە بواری پەروەردە رووینەداوە؛ راستە رووداوی پەلاماردان و لێدان هەبووە، بەڵام نەگەیشتووەتە کوشتن".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "لەوە خراپتر ئەوەیە، کۆمەڵێک خەڵک هەن بیانوو بۆ رووداوەکە دەهێننەوە و دەڵێن تۆمەتبارەکە 'نەخۆشی دەروونی هەیە' یان 'هۆکارەکەی وەرنەگرتنی ئەو قوتابییەیە لە زانکۆ".
ئەحمەد گەرمیانی داوای لە دادگە کرد کە "بیانووهێنانەوە بۆ رووداوەکە قبووڵ نەکات" و داوایشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە "چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە نەکەن کە پاساو بۆ رووداوەکە دەهێننەوە".
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، راگەێیندراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانی لەبارەی کوژرانی دوو مامۆستاکەی هەولێر خوێندەوە.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، کوژرانی مامۆستا بە "لەگۆڕنانی پەروەردە و خوێندنی باڵا" ناودەبات و دەڵێت: "مامۆستایان لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و پەروەردەییەکان رووبەڕووی هەڕەشە و تووندوتیژی دەبنەوە".
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "پێش سێ ساڵ پڕۆژە یاسایەکمان پێشکێشی پەرلەمان کرد کە لە نۆ ماددە پێکهاتبوو بۆ پارێزبەندی مامۆستایان، بەڵام بەداخەوە نەیانکرد و رەتیانکردەوە. ئەمەی ئەمڕۆ ئەنجامی ئەو رەتکردنەوەیە".
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت کە ئەوان ترسییان هەیە رووداوەکە "پەلبهاوێت و دووبارە و سێ بارە ببێتەوە".
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، سێ خاڵی وەکو "داواکاری"ـی خستەڕوو، کە بریتین لە:
1- داوا لە پەرلەمان دەکەین چاو بە بڕیاری رەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای پارێزبەندی مامۆستایاندا بخشێنێتەوە و پەسندی بکات.
2- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەڵگرتنی چەک قەدەخە بکات.
3- دادگەکان خاوبوونەوە لە کەیسەکانیان نەکەن، بە تووندترین شێوە سزای ئەو کەسانە بدەن کە هێرشدەکەنە سەر مامۆستایان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ