رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، خەرجکردنی 400 ملیار دیناری شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و نەینەوای راگەیاند. بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغدا لە خەرجکردنەکە ئاگاداری کردوونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14-11-2024 حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ دەستیانکردووە بە خەرجکردنی شایستەی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا .
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە گوتیشی، لەو 400 ملیار دینارە، 158 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی دیکەیان بۆ نەینەوا و کەرکووکە.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق ئاگادارکراونەتەوە کە بێن بۆ وەرگرتنی چەکی شایستەی جووتیاران.
99 ملیار و 499 ملیۆنی شایستەی جووتیارانی هەولێر ماوە، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: "ئەمجارە 55 ملیار و 400 ملیۆن دینار خەرج کراوە. هێشتا 44 ملیار و 99 ملیۆن دەمێنێتەوە".
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتیشی، لە بەغدا چەکەکان دەهێننەوە، دەیبەنە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، پرۆسەکە لەوێ 72 کاژێری پێویستە، دواتر دەچێتە بانکی بەحرکە، رەنگە کۆتایی هەفتەی داهاتوو، یاخود سەرەتای هەفتەی دواتر دەست بەخەرجکردنی بکەن.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ