رووداو دیجیتاڵ
لە حەوتەم دانیشتنی دادگەی مێردین لەسەر دۆسیەی کوشتنی پێنج هاونیشتمانیی دهۆک، سزای پێنج جار بەندکرانی تاهەتایی بۆ دوو تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە دەرکرا، بەڵام کەسوکاری کوژراوان، داوای سزای لەسێدارەدانیان دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-11-2024، حەوتەم دانیشتنی دۆسیەی کوژرانی پێنج ئەندامی دوو خێزانی خەڵکی دهۆک کە 19ـی 1ـی ساڵی رابردوو لە نزیک مێردین لەلایەن دوو کەسەوە کوژران، لە دادگەی سزا قورسەکانی مێردین بەڕێوەچوو و بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە درا.
تۆمەتبارانی دۆسیەکە پێنج کەس بوون کە دووانیان بە ناوەکانی عەبدوڵڵا کاپلان و فارس ئاکسەڤەن، تۆمەتباری سەرەکی بوون.
بەگوێرەی بڕیاری دادگە، دوو تاوانبارە سەرەکییەکە سەرەکییەکە، بە تاوانی کوشتنی پێنج هاونیشتمانییەکە، بە پێنج جار بەندکردنی تاهەتایی سزادران. هەروەها لەسەر بەتاڵانبردنی سامانی کوژراوەکان، سزای 15 ساڵی دیکەش بۆ هەریەک لە دوو تاوانبارەکە زیادکرا.
دوای دەرچوونی بڕیارەکە، حەربی جەلالەدین، ئەندامی خێزانی کوژراوان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لە بڕیاری دادگە ناڕازین و قبووڵی ناکەین''.
حەربی جەلالەدین ئاماژەی بەوە کرد: ''ئێمە بڕیاری دادگە، زانیارییەکانی و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەکە رەتدەکەینەوە، چونکە لە ئەنجامەکاندا پاڵنەری سەرەکیی تاوانەکە ئاشکرا نەکراوە.''
دادگەی سزا قورسەکانی مێردین، ''دزیکردن''ـی وەکو هۆکاری ئەنجامی تاوانەکە راگەیاندووە. حەربی جەلالەدین جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە بە هیچ شێوەیەک دزیکردن بە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە نازانین و قبووڵی ناکەین، چونکە ئەوان [کوژراوان] هیچ شتێکیان لێ نەدزراوە و تەنیا شەهید کراون، پێویستە دادگە و حکومەتی تورکیا پاڵنەری سەرەکیی تاوانەکە ئاشکرا بکەن.''
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ''جگە لە لەسێدارەدان بە هیچ سزایەکی دیکە بۆ ئەو دوو مرۆڤە چەپەڵە رازی نابین، چونکە زیندان بۆ ئەوان وەکو هۆتێلێکی لێدێت.''
بەگوتەی حەربی جەلالەدین، ئەم بڕیارەی دادگەی مێردین کۆتایی بە دۆسیەکە ناهێنێت و ''تاوەکو دۆسیەکە دەگاتە ئەنجام،" بەدواداچوونی بۆ دەکەن، گوتیشی: "دەبێت تاوانباران سزای راستەقینەی خۆیان وەربگرن.''
حەربی جەلالەدین دەڵێت: ''ژمارەیەک بژاردەی دیکەمان هەن، وەکو دادگە نێودەوڵەتییەکان کە لە کات و شوێنی گونجاودا بەکاریاندەهێنین، پەیامیشمان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئێمە ئەنجامەکە قبووڵ ناکەین، ئێوەش قبووڵی مەکەن''.
وەک ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، زانیاریی ''نهێنیی ئەمنی و سەرنجڕاکێش''ـی زۆر لە دانپێدانانی تۆمەتباراندا هەیە بەڵام تورکیا تاوەکو ئێستا راینەگەیاندوون، ''گومانمان نییە کە وڵاتی تورکیا راستییەکان دەزانێت، بەڵام خۆی بێدەنگ کردووە.''
رۆژی 19-01-2023 پێنج هاونیشتمانییەکە کە بۆ چارەسەری پزیشکی دەچوونە تورکیا، لە رێگەی سەرەکیی نسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان، لە لایەن دوو چەکدارەوە رێگری لە ئۆتۆمبێلەکەیان کرا و کوژران.
جگە لە عەبدوڵڵا کاپڵان و فارس ئاکسەڤەن کە تۆمەتباری سەرەکین؛ تۆمەتی ئەوەش دەدرێتە پاڵ ئیبراهیم دۆغان، مورات یگیت و چیگدەم بۆزکورت کە هاوکارییان کردوون. یەکێکیان تۆمەتەکەی ئەوەیە کە چەکی بۆ دابینکردوون؛ یەکێکی دیکەیان تۆمەتەکەی ئەوەیە کە چەکەکەی شاردووەتەوە؛ ئەوی دیکەش ئۆتۆمبێلی بە دوو تۆمەتبارە سەرەکییەکە داوە.
بەپێی زانیارییەکانی عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە مێردین، چیگدەم بوزکورت کە چەکەکانی شاردووەتەوە، سزای شەش مانگ و 20 رۆژ بەندکرانی بۆ دەرکراوە، مورات یگیت کە تۆمەتی پێدانی ئۆتۆمبێلی بە تۆمەتبارە سەرەکییەکان لەسەر بوو، بەبێ تاوان ناسێنرا.
بەڵام ئیبراهیم دۆغان کە چەکەکانی بۆ عەبدوڵڵا کاپڵان و فارس ئاکسەڤەن دابینکردووە، دۆسیەکەی جیاکراوەتەوە و لە کاتێکی دیکەدا بڕیار لەسەر سزاکەی دەدرێت.
ئەو پێنج هاونیشتمانییەی کوژران بریتیبوون لە: حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفای تەمەن 69 ساڵ و چیمەن شاهین خالیدی هاوژینی کە تەمەنی 75 ساڵ بوو، هەروەها هندرینی کچیان کە تەمەنی 39 ساڵ بوو؛ لەگەڵ واحیدە حەیدەر جاسمی تەمەن 63 ساڵ و مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیمی تەمەن 45 ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ