347 نانەواخانەی پارێزگای ورمێ سزا دران

28-04-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە یەک مانگدا 347 خاوەن نانەواخانە لە پارێزگای ورمێ بەهۆی سەرپێچی و کاری نایاسایی سزا دراون.
 
حوسێن نەجەفزادە، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی چاودێری و سزادانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە مانگی رابردووی هەتاویدا 381 دۆسێی سەرپێچی بۆ نانەواخانەکانی ئەو پارێزگایە کراوەتەوە، 347یان بەهۆی گرانفرۆشی یان نەفرۆشتنی نان بە خەڵک بە بڕی نزیکەی 648 ملیۆن تمەن سزای نەختی دراون.
 
هەروەها دەڵێت، ژمارەیەکی دیکە لە نانەواخانەکان داخراون و بەشە ئاردی مانگانەی ژمارەیەکی دیکەش بڕاوە.
 
لە پارێزگای ورمێ چوار هەزار و 200 نانەواخانە هەن. حکومەتی ئێران لە ساڵی رابردووەوە بەپێی ئەو نانەی دەیفرۆشن، ئارد بە نرخی حکومی دەداتە نانەواخانەکان. 
 
نرخی فەردەیەک ئارد بە نرخی حکومی کەمتر لە 50 هەزار تمەنە و ئەو نانەواخانانەی ئاردەکە وەردەگرن دەبێ هەر نانێک بە 350 تاوەکو 400 تمەن بفرۆشن. نرخی ئارد لە بازاڕی ئازاد شەش تاوەکو 10 هێندەی نرخە حکومیەکەیەتی، بۆیە بەشێک لە نانەواخانەکان ئاردەکە یان نان لە بازاڕی ئازاددا دەفرۆشن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە