وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەوەی لەبارەی مۆزەوە بڵاوکراوەتەوە بۆ سۆشیاڵ میدیایە

28-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو میوەیەی، گوایە بەناوی مۆزەوە لە کوردستان دەفرۆشرێت روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "ئەوەی لە کوردستاندا دەفرۆشرێت مۆزە، رەنگە ئەو بەرهەمەش هەبێت، بەڵام بەو رادەیە نییە کە بڵاودەکرێتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 28-3-2023، د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی فرۆشتنی بەرهەمێکی کشتوکاڵی بەناوی "پلانتاین" لە هەرێمی کوردستان کە شێوەکەی بە مۆز دەچێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بابەتەی باسکراوە بەو شێوەیە نییە کە بووەتە هۆی دروستکردنی گومان لەلای خەڵک، گوایە ئەو مۆزەی لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت مۆز نییە و پلانتاینە، بابەتەکە خۆی بۆ سۆشیاڵ میدیایە، بە شێوەیەکی نازانستی باسکراوە."
 
د. زێدا محەممەد، بە دووری نازانێت، میوەی پلانتاین لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام دەڵێت: "ئەوەی لە کوردستاندا هەیە مۆزە، ناکرێت گومان لەلای خەڵک دروستبکرێت لەسەر بنەمایەکی ناڕاست، رەنگە ئەو بەرهەمەی دیکە هەبێت، بەڵام کەمە و بەناوی مۆزیشەوە نافرۆشرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن. دەشڵێت: "دەبێت سەرەتا ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بەو شێوەیە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی نادروست و ناتەواو باش نییە."
 
رۆژی دووشەممە، لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک و سەرۆکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەو بابەتەی ورووژاند، ئەوەش دوای ئەوەی  لە ڤیدیۆ گرافیکێکدا گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بەرهەمێک بەناوی پلانتاینەوە بەناوی مۆزەوە دەفرۆشرێت، کە لە مۆز جیاوازە".
 
لەشکر حەمید باسی جیاوازی نێوان مۆز و پلانتاین دەکات و دەڵێت: "مۆز بەهایەکی بەرزی خۆراکی هەیە، رێژەیەکی زۆری ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە و درێژییەکی شەش ئینج (15 سانتیمەتر) زیاتر نییە، بەڵام ئەو بەرهەمی دیکە ناوی پلانتاینە و درێژییەکەی 12 ئینج دەبێت، تامی تفتە و شیرین نییە، تام و چێژی نییە، راستە زیانی نییە و بەهای خۆراکیی بەرزە، بەڵام راستەوخۆ ناخورێت و دەبێت پارچە پارچە بکرێت و لە رۆندا سووربکرێتەوە و دواتر بخورێت."
 
بە گوتەی ئەو ئەندازیارەی خۆراک، نرخی پلانتاین لە مۆز هەرزرانترە، بەڵام لە بازاڕەکان بەناو و نرخی مۆزەوە دەفرۆشرێت.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا قسەی زۆر لەبارەی مۆز و جۆرەکەی دیکە کە پێی دەگوترێت "پلانتاین" کرا. بەشێکی خەڵکی بە تەنزەوە دەیاننووسی "یەکێک تێمان بگەیێنێت.. ئەرێ بەڕاست ئەوەی چەند ساڵە خواردوومانە مۆزە بووە یان پلانتاین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە