رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، لە رووبەڕووبووەنەوەی هێزەکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، 17 چەکداری ئەو گرووپانەیان کوشتوون و 40ـی دیکەشیان بریندار کردوون.
رۆژی شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانمان لە چەندین بەرەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەت لە بەنداوی تشرین، هێرشی گەورەیان کردە سەر هێزەکانی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانیان".
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، دوێنێ ئێوارە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ئەبو قەلقال و گوندی عەلوش لە نزیک بەنداوی تشرین و شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوانیان روویداوە.
بەگوێرەی هەسەدە، لە پێکدادانەکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، 17 چەکدارییان کوشتوون و 40ـی دیکەشیان بریندار کردوون و لەنێویشیاندا چەند فەرماندەیەک هەن.
لەبارەی زیانەکانی خۆیانەوە، هەسەدە دەڵێت، تەنیا یەک شەڕڤانیان بریندار بووە و ئەویش برینەکەی سووکە.
25 رۆژە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین دەدەن کە بە دووری 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی حەلەبەوە هەڵکەوتووە.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە بە گوتەی خۆی رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە بەنداوی تشرین تۆماریکردبوو، باسی لەوە کرد، لە 25 رۆژدا شکستیان بە 20 هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی بەنداوەکە هێناوە.
لەو ماوەیەدا، بە گوتەی فەرهاد شامی، "زیاتر لە 450" چەکداری لایەنگری تورکیا کوژراون و "دەیان" تانک و زرێپۆشیان تێکشکێندراون.
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی 16 شەڕڤانی خۆی "لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی داگیرکاری تورک و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا" راگەیاند.
لە دوای هێرشەکەی چەکدارانی هەتەشە بە ناوی "بەرپەرچدانەوەی شەڕەنگێزی" لە 25ی 11ی 2024 بۆسەر سوپای سووریا، چەکدارانی نزیک لە تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبج دا گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ