گوندێکی باکووری کوردستان بەهۆی نەخۆشیی هارییەوە شەش مانگ کەرەنتین دەکرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوندێکی پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان، بە هۆی نەخۆشیی هارییەوە شەش مانگ کەرەنتین دەکرێت.
 
محەممەد یاشار، موختاری گوندی تۆکڵو سەر بە شارۆچکەی بەسنی لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رۆژی 25ی مانگ، سەگێکی بێلانە گازی لە منداڵێک گرتووە و دوای پشکنینیش نەخۆشیی هاری لە سەگەکەدا دەستنیشانکراوە.
 
بە گوتەی یاشار، منداڵەکە ناوی ئەحمەد ئوچارە و تەمەنی حەوت ساڵە، لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانەوە سەگەکە پەلاماری داوە.
 
دوای پەلامارەکە، منداڵەکە گەیێندرایە نەخۆشخانەی گوندەکە و چارەسەری بۆ کرا. دواتر، بە مەبەستی چارەسەری زیاتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی پارێزگەی دیلۆکی باکووری کوردستان کرا.
 
موختاری گوندەکە گوتی، بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ گوندەکانی دەوروبەری، گوندەکە بۆ شەش مانگ کەرەنتین دەکرێت. 
 
هەروەها وەک هۆشدارییەک، لەسەر تابلۆیەکی دەروازەی گوندەکە نووسراوە: ''ئاگادار بە، لەم گوندەدا نەخۆشیی هاری هەیە''.
 
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانی شارۆچکەکە، دوای رووداوەکە هەڵمەتی کوتان لە سەگەکانی گوندەکە دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، لە 21 پارێزگەی باکووری کوردستان و تورکیادا 50 نەخۆشیی هاری دەستنیشانکراون.
 
هاریی سەگ، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و دووچاری کۆئەندامی دەمار دەبێت و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هەروەها نەخۆشییەکە لەڕێگەی شلەکانی جەستەوە بەتایبەت لیک و خوێنی کەس یاخود ئاژەڵی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە و تەنانەت پەیوەندیی راستەوخۆ و گازگرتنیش هۆکارێکی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە