رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەی کەمیی گاز و کارەبا، هەموو رۆژانی پێنجشەممەی یەکەم مانگی زستان لە پارێزگای کرماشان کرایە پشوو.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، بە بڕیاری لیژنەی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزە لەو پارێزگایە، هەموو رۆژانی پێنجشەممەی مانگی بەفرانبار (یەکەم مانگی زستان) دەکرێتە پشوو.
بەپێی ئەو بڕیارە، سێ پێنجشەممەی داهاتوو لە پارێزگای کرماشان سەرجەم قوتابخانە، زانکۆ، فەرمانگە و بانکەکان پشوو دەبن. لە بڕیارەکەدا هاتووە، پشووەکە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە.
پارێزگاری کرماشان رایگەیاندووە، ئامانج لە راگەیاندنی پشوو لە رۆژانی پێنجشەممە ئەوەیە، رێگە بە بڕینی کارەبا و گازی ماڵان و کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنان بگرن.
حکومەتی ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا و گاز کێشەی هەیە و زیاتر لە مانگێکە، رۆژانە یەک بۆ دوو کاژێر کارەبای ماڵ و دووکانەکان دەبڕێت. پێدانی کارەبا بە یەکە پیشەسازییەکانیش کەم کراوەتەوە. جگە لە کارەبا، ئێران کێشەی کەمیی گازیشی هەیە. بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمپانیای گازی ئێران، بەکارهێنانی رۆژانەی گاز لەو وڵاتە گەیشتووەتە نزیکەی 860 ملیۆن مەتر سێجا و 71٪ـی لە ماڵاندا بەکاردەهێندرێت کە 18٪ـی زیاترە لە کاتی هاوشێوەی ساڵی رابردوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ