رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگەی نەینەوا بۆ کورد نائومێدی بوو و پێویستە پارتی و یەکێتی بەدواداچوونی ورد بکەن و بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە.
عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، ئەم شەو (چوارشەممە، 27-12-2023) گوتی "ئەنجامەکانی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا زۆر خراپ بوون و تووشی شۆک بووین."
گوتیشی "کورد پێشبینییەکانی وابوو؛ 9 بۆ 10 کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا بەدەستبهێنێت، 7 کورسی پارتی و سێ کورسی یەکێتی، بەڵام ئەنجامەکان چاوەڕواننەکراو بوون کاتێک کورد تەنیا 6 کورسی بەدەستهێنا (پارتی چوار کورسی و یەکێتی دوو کورسی)، بەوەش پێگەی کورد لە نەینەوا کەوتووەتە مەترسییەوە و پارتی و یەکێتی لەو دۆخە بەرپرسن.
عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتیشی "کورد پۆستەکانی ئێستای لە نەینەوا دەستناکەوێتەوە، ئەگەر پارتی و یەکێتی هاوئاهەنگی نەکەن بۆ دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی، ئەوا کورد لە ئیدارەی نوێدا هیچی دەستناکەوێت."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، جێگری پارێزگاری نەینەوا باسی لە دۆخی شنگال کرد و گوتی "کارەساتە، هیچ بەربژێرێکی کورد لە شنگال دەرنەچووە."
بەگوتەی جێگری پارێزگاری نەینەوا، لە 200 هەزار دەنگی دەنگدەرانی شنگال، پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە هیچ بەربژێرێکیان سەربخەن، ئەوەش نیشانەی ناڕەزایی و نیگەرانیی خەڵکی شنگالە لە سیاسەتی ئەم دوو حیزبە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانیی خەڵکی شنگالە لە دۆخی قەزاکەیان کە ئەنجامەکان وان، هاوکات نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کاریگەریی زۆری لەسەر رێژەی دەنگەکانی کورد لە شنگال هەبوو. "ململانێی کورد و کورد، کورد و عەرەب، عێراق و هەرێمی کوردستان، تەنانەت ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە شنگال هەن و هەموو ئەم ململانێیانە شنگالیان کردە قوربانی."
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراقدا کە رۆژی 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، کورد لە پارێزگەی نەینەوا بە دوو لیستی سەرەکی بەشداربوو، لیستێکیان هی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن بە 137 هەزار و 714 دەنگ چوار کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگەکەی بەدەستهێنا و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش بە 49 هەزار و 505 دەنگ دوو کورسیی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ