رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک شاری کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستان گیانلەدەستدانی چوار کەسی لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گڕی گرتووە.
ئەمڕۆ هەینی 27-09-2024، لە نزیک شاری کۆیەشتی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیژۆ 405 و تەکسییەک، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
محەممەد زارعی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە لەوبارەوە رایگەیاند، سێ سەرنشین و شۆفێری تەکسییەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان گواستراونەتەوە بۆ دادپزیشکیی شارەکە.
محەممەد زارعی گوتی، بەهۆی رووداوەکەوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گڕی گرتووە و جیا لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەک لە سەرنشینانیش بریندار بوون کە دوای دەرهێنانەوەیان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، هۆکاری رووداوەکە لادان بۆ سایدی بەرامبەر و خەواڵوویی شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بووە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن. بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024ـوە تاوەکو 21-07-2024، شەش هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ