رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەى پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاینى بۆ 48 کاژێری دیکە درێژکردەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، "ئەمە دوایین دەرفەتە."
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەمە، 27-09-2022 بە رووداوی گوت، "لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى 12ی ئامادەیى بۆ ئەوانەى تاوەکو ئێستا فۆڕمى زانکۆلاین-یان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیارمان داوە بۆماوەی 48 کاژێری دیکەیش ماوەکەی درێژبکەنەوە".
پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی پێنجشەممە 29-09-2022 بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووان کە پێشتر بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە.
بەگوتەی عەباس ئەکرەم، ئەم درێژکردنەوەیە دوایین دەرفەتە و چیدیکە ماوەى پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە.
لەبارەی کاتی راگەیاندنی ناوی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە پرۆسەیەکی جیاوازە و دوای ئەو 48 کاژێرە دەستی پێدەکرێت، بەڵام دیارنییە کەی ناوەکان رادەگەیێندرێن.
زانکۆلاین سیستمی ئهلکترۆنییە بۆ پێشکهشکردنی داخوازینامه بۆ ناوهندەکانی وەرگرتنی قوتابییانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، سیستمەکە 18-9-2022 کاژێر 08:00ی بەیانی کاراکرابوو.
رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2022، تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی خولی یەکەم دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگای هەولێر 42 هەزار و 112 قوتابی، لە دهۆک 29 هەزار و 845 قوتابی، لە سلێمانی 28 هەزار و 728 قوتابی و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش هەزار و 729 قوتابی مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی پۆلی 12 هەبوو.
هەروەها رۆژی 20ـی ئاب بە تاقیکردنەوەی زیندەزانی لە بەشی زانستی و مێژوو لە بەشی وێژەیی، تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی 12ـی ئامادەیی دەستیپێکرد و رۆژی شەممە 27ی ئاب بە تاقیکردنەوەی فیزیا لە بەشی زانستی و جوگرافیا لە بەشی وێژەیی کۆتایی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ