رووداو دیجیتاڵ
فرۆشتنی کتێب بۆ ئەوان تەنها سەرچاوەیەکی داهات نییە، بەڵکو خەونیان ئەوەیە کۆمەڵگە لەگەڵ کتێب ئاشت بکەنەوە و هانی گەنجان بدەن کە زیاتر بخوێننەوە و خاوەنی بیرۆکەی خۆیان بن.
زامۆ و چراخان دوو گەنجی شاری سلێمانین، ئەوان لە باخی گشتیی سلێمانی بە شێوەیەکی جیاواز کتێبفرۆشییەکی بچووکیان داناوە، دەیانەوێ لە رێگەیەوە هەم کارێک بۆخۆیان بکەن و هەم هانی گەنجانیش بدەن بۆ کتێب خوێندنەوە.
زامۆ عومەر و چراخان تۆفیق ـی هاوڕێی کە هەردووکیان تەمەنیان 18 ساڵە، لە قوتابخانە یەکدیان ناسیوە و ئەمساڵ قۆناخی ناوەندییان تەواو کردووە، دوای دەرچونیان لە قوتابخانە بڕیار دەدەن کارێک پێکەوە بکەن کە وەک خۆیان دەڵێن، هەم سوودی بۆ خۆیان هەبێت و هەم سوودی بۆ کۆمەڵگەش.
زامۆ عومەر لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بیرۆکەکە هی هەردووکیان بووە، خانەوادەکانیشیان رێگر نەبوون و پشتگیرییان کردوون. زامۆ عومەر هەروەها دەڵێت "سەرەتا کە دەستمانپێکرد داوای هاوکاریمان لە ناوەندێکی کتێب فرۆشتن کرد هاوکاریمان بکەن و ئەوانیش کتێبەکانیان بە نرخێکی کەمتر پێداین".
سەبارەت بە داهات و فرۆشتنی کتێبەکان و پێشوازیی خەڵک لەو بیرۆکەیە، زامۆ عومەر گوتی" بەداخەوە سەرەتا فرۆشتنی کتێب زۆر خراپ بوو، تاوەکو رۆژێک هاوڕێیەک لە سۆشیاڵمیدیا وێنەی ئێمە و کتێبەکانی بڵاوکردەوە، ئێستا باشترە".
زامۆ عومەر ئاماژەی بەوەکرد کە گەنجی کورد ئێستا زیاتر کاتەکانی بە بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە بەسەردەبات وەک لە خوێندەوەی کتێب، ئەو دەڵێت" بەداخەوە ئێستا زۆر کەس هەیە ئامادەیە پارەیەکی زۆر بداتە خواردن بۆ پڕکردنی گەدەی، بەڵام ئامادە نییە پارەیەکی کەم بدات بۆ کڕینی کتێبێک کە خۆراکی مێشکە".
ئەوان لەو کارەیاندا پەیامێکی دیکەشیان هەیە کە دەڵێن پێویستە گەنجان خاوەنی بیرۆکەی خۆیان بن و بۆ کارکردن تەنها پشت بە بڕوانامە نەبەستن. هەروەها بەنیازن لە داهاتوویەکی نزیکدا لە تەواوی شاری سلێمانی کتێبفرۆشی لەو جۆرە دابنێن.
كتێبفرۆشی وڵات، كتێبفرۆشییەكی بچووكی سەرشەقامە و بە دیزاینێكی نوێ و جوان دروستكراوە، رۆژانە دوای کاژێر 14:00 لە بەردەم باخی گشتیی دەوەستێت.
یەكەم کتێبفرۆشییان کە کتێبخانەیەکی بچووکە، وەك تاقیكردنەوە دەستی بەكار كردووە و وەک خۆیان دەڵێن "ئەگەر سەركەوتوو بێ لە سەرجەم شار و قەزا و شارۆچکە و تەنانەت گەڕەكەكانیش دادەنرێ و بە سەدان هەلی كار دەستەبەر دەكات و سیمایەكی جوانیش دەبەخشێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ