رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە چۆمان ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان نۆرەیان گرت و بەربژێری خۆیان بۆ کۆنگرەی 14 هەڵبژارد. ئەو دەڤەرە نزیکەی شەش هەزار ئەندامی هەیە و شەش کەسی لە دوو بازنەدا سەردەکەون.
هەوارگە کەریم، ئەندامی پارتییە و دەڵێت، "بێگومان حەز دەکەین لەم کۆنگرەیەدا رۆڵی ئافرەت کاریگەرتر بێت و خۆم ئەو کەسەم هەڵبژارد کە هەمیشە لە شارەکەم لە خەمی ئافرەتدایە و کاریان بۆ دەکات."
رەسوڵ مەلاسەعید، ئەندامێکی دیکەی پارتییە و گوتی، "بێگومان چاومان لە نوێبوونەوە و تازەگەرییە، دەمانەوێت گەنج و لاوی کارامە بچنە پێشەوە، بۆئەوەش کار دەکەین."
سۆران ناوەندەیی، ئەندامی پارتییە و دەڵێت، "دەمانەوێت لەم کۆنگرەیەدا دەنگی دەڤەرەکەمان دلێرتربێت کەسانی شیاو بەرینە پێشەوە و بتوانن رۆڵیان هەبێت لە سەرکردایەتی حیزبدا."
هەڵبژاردنەکانی پارتی بۆ کۆنگرەی 14 لە سنووری 24 لقدا کە دابەشبووە بەسەر 163 بازنەدا، رۆژانە لە کاژێر 9ـی بەیانییەوە تاوەکو 5ـی ئێوارە بەڕێوەدەچن؛ هەمان رۆژ بەربژێرە دەرچووەکان رادەگەیێندرێن و پڕۆسەکەکە لەلایەن 21 کەسی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن سەرپەرشتی دەکرێت.
نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی 14ـی پارتی رایگەیاند، "لە رۆژی شەممە 27-8-2022، پڕۆسەکە دەستیپێکردووە، هەر رۆژە و لە سنوورێک بە ئەوروپاشەوە بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکەین لە ماوەی کەمتر لە مانگ و نیوێکدا دواهەمین راپۆرتی تەواوبوونی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان بدەینەوە سەرکردایەتی و رۆژی کۆنگرە دەستنیشان بکرێت."
لە هەزار ئەندامی نێو رێکخستنەکانی حیزب لق و ناوچەکان بەربژێرێکیان بۆ کۆنگرە سەردەکەوێت، 800 کەس لە رێگەی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێن و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی و تەواوی بەرپرسی لقەکان راستەوخۆ ئەندامی کۆنگرە دەبن.
حەسەن عەدۆ، بەرپرسی لقی 26ـی گوڵان بە رووداوی گوت، "چاوەڕێمان نەدەکرد بەو رێژە زۆرە و بەو گەرموگوڕییە ئەندامان بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پەرۆشبن بۆ بەستنی کۆنگرە، بەڕاستی جێگەی دەستخۆشیە. سەبارەت بە پڕۆسەکەش کە ئەمڕۆ دەستپێکەکەی بوو کەموکوڕی هەبوو، بەڵام زۆر دیار نەبوو کە شایەنی باسکردن بێت و بۆ رۆژانی داهاتوو دەبنە ئەزموون و پڕۆسەکە خێراتر بەڕێوەدەچێت."
کۆنگرەی 14ـی پارتی بە بەشداریی هەزار ئەندام کە 25%ـی ئافرەت دەبن، کۆتایی مانگی 10 یاخود سەرەتای مانگی 11 لە دهۆک دەبەسترێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ