قایمقامی هەولێر: هەموو ئامادەکارییەک بۆ هاتنی گەشتیاران کراوە

27-06-2023
بیلال ئەحمەد
گەلی عەلی بەگ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
گەلی عەلی بەگ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی پابەند نەبوون بەر بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ تا ئێستا بە بڕیاری دادوەر چەندین کەس لە هەولێر دەستگیرکراون و ئازادنەکراون، دووپاتیش دەکاتەوە کە بۆ رۆژانی جەژن رێگە نادەن قوربانی لەنێو ماڵان سەرببردرێن.
 
نەبەز عەبدولحەمید، لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی سێشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2023 گوتی، بەهۆی مەترسی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڕیاردراوە کە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکان قەدەغەیە، "لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان چەندین کەسیان لە هەولێر دەستگیرکردووە کە ئاژەڵیان لە شوێنی دیکە سەربڕیوە و بە بڕیاری دادوەریش تا ئێستا بەشێک لەو کەسانە بەدەستبەسەرکراوی ماونەتەوە."
 
بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تا ئێستا 5 کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، وەزارەتی تەندروستیش هۆشداری داوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئاژەڵی قوربانی لە ماڵەوە سەرببڕدرێت، چونکە هۆکارێکی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە.
 
قایمقامی هەولێر باس لە سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر دەکات و دەڵێت، سەربڕخانەکە بۆ رۆژانی جەژن لە کاژێر 6 بەیانی تاوەکو 6 ئێوارە کراوە دەبێت بۆ سەربڕینی ئەو ئاژەڵانەی کە هاووڵاتیان دەیانەوێت بیکەنە قوربانی، لەو سەربڕخانانە تەواوی پێداویستی پزیشکی و تەندروستی دابینکراون و دوو جۆر پشکنین دەکرێت، یەکەمیان پێش سەربڕینی ئاژەڵەکە بۆ زانینی دۆخی ئاژەڵەکە ئایا هەڵگری هیچ نەخۆشییەکە یاخود نا، هەروەها پشکنینی دووەم دوای سەربڕینەکە بۆ گوشتەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هیچ کێشە لە گوشتەکە نییە و تەندروستە، "بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هاوکاربن و لە سەربڕخانەکان قوربانییەکان سەرببڕن."
 
لەبارەی هاتنی گەشتیار و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بۆ رۆژانی جەژن نەبەز عەبدولحەمید گوتی، چاوەڕی دەکەین ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ رۆژانی جەژن سەردانی هەولێر بکەن و لە ئێستاوە لێشاوی هاتنی گەشتیار دەستیپێکردووە، هەموو رێکارێکیش بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران و پێشوازییەکی شایستە گیراونەتەوەبەر.
 
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پێشبینیکردووە کە بۆ رۆژانی جەژن زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار روو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە بەپێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوودا 6 ملیۆن گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، سەدا 25 یان گەشتیاری بیانی بوونە.
 
قایمقامی هەولێر لەبارەی پلانی ئەمنیی شاری هەولێر بۆ رۆژانی جەژن گوتی، هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە "پلانێکی تۆکمەیان داناوە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی شار و رێکخستنی هاتووچۆی هاووڵاتیان، لەماوەی رۆژانی جەژنیشدا هێلە گەرمەکانی تەندروستی و پۆلیس و ئاگرکۆژێنەوە کراوە دەبن بۆ هەر حالەتێکی ناخوازراو."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.