رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند 16 کەسی بیانی لە ناوچەی پیشەسازیی دەربەندیخان دەستگیرکران کە بە قاچاخ هاتوونەتە دەربەندیخان و ویستوویانە سەردانی پارێزگاکانی عێراق بکەن بۆ دۆزینەوەی کار.
رۆژی شەممە 27-05-2023 سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەناوچەی پیشەسازیی دەربەندیخان، 16 کەسی پاکستانی و دوو کەسی دیکە کە خەڵکی باشووری کوردستانن دەستگیرکران".
بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان: "ئاسایشی دەربەندیخان زانیاری هەبووە ئەو 16 کەسە بە قاچاخ هاتوونەتە دەربەندیخان و لەنێو بارهەڵگرێکدا کە شوفێرەکانی دوو کوردی باشووری کوردستان بوون، ویستوویانە بە قاچاخ بپەڕنەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق.
سلێمان محەممەد هەروەها دەڵێت دوای ئەوەی زانیاریی تەواویان لەبارەی ئەو کەسانە دەستکەوتووە، هەموویان دەستگیرکراون.
بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان، ئەو کەسانە ویستوویانە بچنە پارێزگاکانی عێراق بۆ ئەوەی لەوێ کاریان دەستبکەوێت، دوو شوفێری کوردیش کە پارەیان لێیان وەرگرتووە، لەنێو بارهەڵگرەکانی خۆیاندا حەشاریان داون بۆ ئەوەی دەربازیان بکەن.
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت "هەر 18 کەسەکە بە بڕیاری دادگە دەستگیرکراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ