قایمقامی دەربەندیخان: هەفتەی داهاتوو گرێبەستی بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەی ئاو واژۆ دەکرێت

14-12-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن ئاوی دەربەندیخان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند، بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای ئارکیتێکت واژۆ بکات بەمەبەستی خەرجکردنی 10 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکە و راستەوخۆ دەست بە کارەکان بکرێت. 
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی زەوییەک بە 20 ملیۆن دۆلار دا بۆ ئەوەی بەشێک لەو بودجەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان خەرجبکرێت، بەڵام نەتوانرا راستەوخۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دەستبەکاربێت، چونکە لەسەر میکانیزمی خەرجکردنی پارەکە نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023 سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یەکشەممە لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران قسەمان کردووە و ئاگادارمان کردوونەتەوە؛ تاوەکو ئێستا پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان خەرجنەکراوە و پێیانڕاگەیاندین لە ماوەی 10 رۆژدا کێشەکە چارەسەر دەکرێت و وەکو سولفەی یەکەم، چوار ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیا خەرجدەکرێت."
 
قەزای دەربەندیخان گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەش لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام بەهۆی نەدانی پارەوە کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرتووە.
 
قایمقامی دەربەندیخان گوتی "بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆمپانیای ئۆهیتان کە جێبەجێکاری پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخانە لەگەڵ کۆمپانیا ئارکیتێکت کە بڕیارە 10 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکە خەرجبکات، گرێبەست واژۆ بکەن و 1ـی شوباتی 2024 بڕی چوار ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکە خەرجدەکرێت، لەبەرامبەردا دەبێت کۆمپانیاکە راستەوخۆ سەرجەم ئەو کەرەستە و ئامێرانەی بۆ پڕۆژەکە پێویستن، لە ئەڵمانیاوە هاوردە بکات."
 
بودجەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان 19 ملیۆن دۆلارە و تائێستا نزیکەی 55٪ بۆ 60٪ ـی پڕۆژەکە تەواو بووە. سلێمان محەممەد دەڵێت "لە سولفەی یەکەمدا چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ کۆمپانیاکە خەرجکراوە، ئێستاش چەکی چوار ملیۆن و 250 هەزار دۆلار ئامادەیە کە سەرۆکوەزیران و وەزارەتی داراییش بڕیاری خەرجکردنیان داوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیولە و پارە لە بانک بۆیان خەرجنەکراوە."
 
هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بکەین کە 10 ملیۆن دۆلارمان بۆ خەرج دەکات، بەڵام ئیتر نازانین دەکرێت یاخود نا، چونکە لە بنەڕەتەوە بڕیار بوو دوو هەفتەی رابردوو گرێبەستەکە بکەین. دوای گرێبەستیش دەبێت 1ـی شوباتی 2024 چوار تاوەکو شەش ملیۆن دۆلارمان بۆ خەرج بکەن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارگێریی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، لە مانگی حەوتەوە بڕیار بوو بە قۆناخ 10 ملیۆن دۆلار وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک خەرجنەکراوە، چوار ملیۆن و 250 هەزار دۆلاریش بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت بڕیاری خەرجکردنی دەرکراوە و کراوەتە چەکیش، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیولە و پارە لە بانک، خەرجنەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە