بە بەشداری 200 خاوەنکار فێستیڤاڵی بەرهەمەنێوخۆییەکانی دەربەندیخان بەڕێوەچوو

20-10-2023
هونەر حەمید
فێستیڤاڵی بەرهەمەنێوخۆییەکانی دەربەندیخان
فێستیڤاڵی بەرهەمەنێوخۆییەکانی دەربەندیخان
نیشانەکردن دەربەندیخان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە نێوخۆییەکانی دەربەندیخان بە بەشداری 200 خاوەنکار کە 160ـیان ئافرەتن، بەرێوەچوو، خاوەنکارەکان فێستیڤاڵەکە بە دەرفەت دەزانن بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان.
 
هۆنیا وەلی، خاوەنکارە و بەشدارێکی فێستیڤاڵەکەیە، بە رووداوی گوت، "لەم رۆژەدا ئەوەی خوێندن تەواو دەکات مەرج نییە دابمەزرێت لە شوێنێکدا دەبێت دەستبکات بە ئیش و ئیشێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە وەک خواردن دروست کردن یان هەر پیشەیەکی دیکە."
 
پەیڤین عومەر، هاوژینی برای هۆنیایە پێکەوە هاتوونەتە فێستیڤاڵەکە و دەڵێت، "ئێمە وەک خانمانی قەزای دەربەندیخان تەنیا لە ڤێستیڤاڵەکان دەتوانین بەشداری بکەین کاری دەستی و خواردن پێشکەش بکەین، لەبەر ئەوەی قەزاکەمان بەهۆی بێکاری کە سەرجەم کوردستانی گرتووەتەوە، هەلی کار کەمە، بەتایبەت بۆ ئافرەتان تەنها چەند ئیشێک هەیە ئافرەتان ئەیکەن ئەویش ئەوەیە توانایەکی باشیان هەیە. هەموو ئافرەتان ناتوانن خواردن دروستبکەن بیفرۆشن."
 
جەمیلە محەممەد، خاوەنکارێکی دیکەیە لە فێستیڤاڵەکە چەند مووروویەک هەندێک خواردنی هێناوەتە فێستیڤاڵەکە و دەڵێت، " ئەو موورووانەم هێناوە لەگەڵ هەندێ پەردە و ترخێنە و دۆینە، قیمەتی کرد باشە، نەیکرد بە قوربانی تۆبێت."
 
فێستیڤاڵەکە تەنیا وەکو شوێنێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی بەشداربووان سەیر ناکرێت بەڵکو دەرفەتێکی دروستکردووە تاوەکو  هاونیشتمانییان پشوویەک بدەن.
 
ئالا نامیق، سەردانی فێستیڤاڵەکەی کردووە گوتی، ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ دەربەندیخان باشە، چونکە خۆی شارێکە جموجۆڵی کەمە، ئەو کەسانەشی لێرەن ئەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن.
 
لارا سالار، سەردانیکەرێکی دیکەیە، باسی فیستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "خۆی لە راستیدا لێرە چەندین کەسی بەهرەمەندمان هەیە، ئەو کەسانەی کە بەهرەیەکیان هەیە، ئەتوانن بێن لێرە بەهرەکانیان نیشان بدەن و چەند گەنجیش دێت لێرە سەیریان دەکات. هیوادارم بتوانن شتی زیاترمان پێشکەش بکەن."
 
ڤێستیڤاڵەکە  لەژێر چاودێری قایمقامیەتی دەربەندیخان، بە هاوکاری ناوەندی وەزرش و لاوان و سەنتەری پاراستنی چاودێریی کۆمەڵایەتیی منداڵان رێکخرابوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە