نێچيرڤان بارزانى داوا لە لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت ده‌كات پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان بن

27-05-2023
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
نیشانەکردن نێچيرڤان بارزانى
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ   

 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لە دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت: داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك و به‌تايبه‌تى لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ين، پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان بن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ماددەکانى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی بە گۆڕانکارییەوە پەسندکرد کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند ئەندامێکى کوردى لیژنەکەش کۆبووەنەوەکەیان جێهێشت. 
 
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ده‌ستكارى و گۆڕانكارى له‌و بڕگانه‌ى پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى عێراق ده‌ڕوانين كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌يه و يه‌كجاریی ره‌تيان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌." 
 
ئه‌و هه‌نگاوه‌، بەگوتەی نێچيرڤان بارزانى، "دروستكردنى به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ياساى بودجه‌ كه‌ هه‌موو عێراقييه‌كان به‌ ئومێده‌وه‌ چاويان لێيه‌ بۆ ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوو په‌سند بكرێت." 
 
"پابه‌ندى به‌ رێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، بنه‌ماى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى عێراق و هه‌نگاوى دروسته‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ وڵات و ته‌واوى پێكهاته‌كانى. بازدان به‌سه‌ر لێكگه‌يشتن و رێككه‌وتنه‌كاندا و هه‌وڵدان بۆ پێشێلكردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، مامه‌ڵه‌يه‌كى ته‌واو ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسياريەتيى نيشتمانيدا و جگه‌ له نائومێدى و ئاڵۆزكردنى سه‌قامگيريى دۆخى سياسيى وڵات، هيچى ديكه‌ى ‌لێناكه‌وێته‌وه‌ و زيان به‌ ته‌واوى عێراق ده‌گه‌يێنێت"، ئەمە وەک نێچيرڤان بارزانى دەڵێت. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "رابردوو و ئه‌زموونه‌كان سه‌لماندوويانه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ لۆژيكى هێز و زۆرينه‌ و كه‌مينه و پێشێلكردنى ماف و شايسته‌كانى پێكهاته‌كانى عێراق‌، هيچ كاتێك ئارامى و سه‌قامگيریی بۆ وڵات نه‌هێناوه‌ و ناهێنێت، بۆيه‌ داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك و به‌تايبه‌تى لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ين، پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان بن و هه‌موومان له‌ ئاستى به‌رپرسياريه‌تيدا ره‌فتار بكه‌ين، لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كانيش ده‌بێت يه‌كڕيز و ته‌با به‌رگرى له‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانمان بكه‌ن."  
 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى دەکاتەوە، "هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانه‌ و ئه‌زموونى چه‌ند مانگى رابردووى پێكه‌وه‌كاركردن و لێكگه‌يشتن و ته‌بايى له‌نێوان هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كاندا و كاركردن به‌ رێككه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌تى فيدراڵى، مايه‌ى خۆشحاڵيى گه‌لى عێراق و دۆسته‌كانى بوو، بۆيه‌ ده‌بێت بره‌و به‌و ئاراسته‌يه‌ بدرێت و رێگه‌نه‌درێت كه‌سانێك ببنه‌ هۆى به‌لاڕێدابردنى رێككه‌وتنه‌كان و ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌." 
 
بەپێی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، بەڵام مەرج نییە بۆ هەناردەکردن بێت، دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
 
دەقی پەیامەکەی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 
 
به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ده‌ستكارى و گۆڕانكارى له‌و بڕگانه‌ى پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى عێراق ده‌ڕوانين كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌يه و يه‌كجارى ڕه‌تيان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ دروستكردنى به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ياساى بودجه‌ كه‌ هه‌موو عێراقييه‌كان به‌ ئومێده‌وه‌ چاويان لێيه‌ بۆ ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوو په‌سه‌ند بكرێت.
 
پابه‌ندى به‌ ڕێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، بنه‌ماى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى عێراق و هه‌نگاوى دروسته‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ وڵات و ته‌واوى پێكهاته‌كانى. بازدان به‌سه‌ر لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتنه‌كاندا و هه‌وڵدان بۆ پێشێلكردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، مامه‌ڵه‌يه‌كى ته‌واو ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسياريه‌تيى نيشتمانيدا و جگه‌ له نائومێدى و ئاڵۆزكردنى سه‌قامگيريى دۆخى سياسيى وڵات، هيچى ديكه‌ى ‌لێناكه‌وێته‌وه‌ و زيان به‌ ته‌واوى عێراق ده‌گه‌يێنێت.
 
ڕابردوو و ئه‌زموونه‌كان سه‌لماندوويانه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ لۆژيكى هێز و زۆرينه‌ و كه‌مينه و پێشێلكردنى ماف و شايسته‌كانى پێكهاته‌كانى عێراق‌، هيچ كاتێك ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ وڵات نه‌هێناوه‌ و ناهێنێت، بۆيه‌ داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك و به‌تايبه‌تى لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ين، پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كان بن و هه‌موومان له‌ ئاستى به‌رپرسياريه‌تيدا ڕه‌فتار بكه‌ين، لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كانيش ده‌بێ يه‌كڕيز و ته‌با به‌رگرى له‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانمان بكه‌ن.
 
دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانه‌ و ئه‌زموونى چه‌ند مانگى ڕابردووى پێكه‌وه‌كاركردن و لێكگه‌يشتن و ته‌بايى له‌نێوان هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كاندا و كاركردن به‌ ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى حكوومه‌تى فيدراڵى، مايه‌ى خۆشحاڵيى گه‌لى عێراق و دۆسته‌كانى بوو، بۆيه‌ ده‌بێ بره‌و به‌و ئاراسته‌يه‌ بدرێت و ڕێگه‌ نه‌درێت كه‌سانێك ببنه‌ هۆى به‌لاڕێدابردنى ڕێككه‌وتنه‌كان و ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌.
 
نێچيرڤان بارزانى
 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.