رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال "یەبەشە" راگەیاند، لە کۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بە قەزای شنگال، ئۆتۆمبێلێک لەلایەن "درۆنەکانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج، بەو هۆیەوە دوو فەرماندەی یەبەشە" گیانیان لەدەستداوە و شەڕڤانێکیشیان برینداربووە.
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانێک لە کۆمەڵگەی خانەسۆر بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "کاژێر 11:35ـی بەیانیی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک و فەرماندەکانی یەبەشە پیر چەکۆ و ئاگر جەعفەر و شەڕڤانێکی دیکە کرانە ئامانج لە کاتێکدا ویستوویانە بچنە پرسەی دوو گەنجی ئێزدی. لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوو فەرماندەکە شەهید بوون و شەڕڤانیکی دیکەش برینداربووە."
پیر چەکۆ، فەرماندەی فەوجی 80ـی حەشدی شەعبی بووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پیر چەکۆ (سەعید عەلی بەدەل) لە ساڵی 2016 چووەتە ریزەکانی یەبەشەو؛ "بۆ ئەوەی بەهانای خەڵکی ئێزدییەوە بچێت کە چەکدارانی داعش لە ئابی 2014 هێرشی کردە سەر ئێزدییەکان."
یەبەشە دەڵێت: "پیر چەکۆ کاریگەریی زۆری هەبووە لە رزگارکردنی شنگال و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال."
ئەوە جاری یەکەم نییە هێزەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال دەکرێنە ئامانج، ئەو هێزانە پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا درێژ دەکەن، تورکیاش تائێستا چەند جارێک بەرپرسیاریێتی خۆی لە هێرشەکان راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ