رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە شاری سلێمانی کچێک بەناوی "کەژاڵ مستەفا" لەسەر پۆستێکی فەیسبووک و بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە.
رۆژی دووشەممە 27-2-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەژاڵ مستەفا لەکاتی کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێران کۆمێنتێکی لەبارەی پۆلیس کردووە و بەبێ ئەخلاق ناوی بردوون، دواتر پەیجێکی فەیسبووک بە ناوی 'مانامیدیا' ئەو کۆمێنتەی کەژاڵی کردووە بە مانشێت، نوێی کردووەتەوە و بڵاویکردووەتەوە."
بەگوتەی گوتەبیژی پۆلیسی سلێمانی ئەو کۆمێنتەی کەژاڵ مستەفا، لەبارەی پۆلیس "دەنگۆی خراپ"ی لێکەوتووەتەوە، بۆیە پۆلیس سکاڵای لە پەیجەکە کردووە و سەرنووسەرەکەی بانگکردووە، ئەویش خۆی لێ بێبەری کردووە و باسی لەوەکردووە، ئەو پۆستەیان "لە کەژاڵ مستەفا وەرگرتووە."
دوێنێ کەژاڵ مستەفا سەردانی پۆلیسی سلێمانی کردووە، گوتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت: "دادوەر کەژاڵی بانگکردووە، سەردانی پۆلیسی کردووە و راگیراوە، کەژاڵ دەڵێت پۆستەکەی لەلایەن پەیجەکە دەستکاری کراوە، دوێنێ دادوەر سەرنووسەری پەیجەکەی ئازادکردووە و کەسێکی لە پەیجەکەی لەگەڵ کەژاڵ هێشتووەتەوە و بڕیارە رووبەڕووی یەکدی بکرێنەوە، بزانن نووسینەکەی دەستکاری کراوە یاخود خۆی بەوشێوەیە بڵاویکردووەتەوە."
یاسای قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، کە بە یاسای ژمارە (6) ناسراوە، ساڵی 2008 لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە.
پۆستی ئەلیکترۆنی لەنێو یاساکەدا هاتووە، بە جۆرێک ئەگەر ئەو پۆستە ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس، هەڕەشەکردن، یان ناوزڕاندن، یان جنێودان یاخود هەواڵی هەڵبەستراو، سزاکەی بەندکردنە کە لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامە دەکرێت، کە لە یەک ملیۆن کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ