رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق پڕۆژەیاسای نەوت و گازی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و، بڕیارە لەوێوە بۆ جاری چوارەم بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردن، پێشتر 3 جاری دیکە نێردراوە و نێرداروەتەوە بۆ حکومەت.
بەپێی دەستووری عێراق بیرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی پێش 2005 لێدراون هەر لە دەست حکومەتی کوردستاندا دەمێنن، ئەوانەشی پاش نووسینەوەی دەستوور و 2005 لێدراون بە هاوبەشی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بەڕێوەدەبرێن، لایەنە شیعەکان ئەمەیان قبووڵ نییە، دەلێن هەموو بیرە نەوتییەکان پێش و پاش 2005 دەبێ لە ژێر دەستی حکومەتی بەغدا بن.
رۆژی چوارشەممە 24-2-2021 دوایین کۆپی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە وەزارەتی نەوت رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا و لەوێش رەوانەی پەرلەمان دەکرێت. بەپێی مادەی 112ـی دەستوور بیرە نەوتەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی پێش ساڵی 2005 ـن بەڕێوەبردنیان لەدەست حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت و ھەر بیرە نەوتێکیش دوای پەسندکردنی دەستووربێت، بەھاوبەشی بەڕێوەدەبرێت.
رێبوار تەھا، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە دەبێتە ھۆکاری چارەسەری کێشەکان بە مەرجێک ھیچ لایەنێک لەدەستوور لانەدات و بەپێی دەستوور بچینە نێو ماددەکانی ئەم یاسایە. ئەمە گرنگە بۆ ئیدارەدانی نەوت بەتایبەت و سامانە سرووشتیەکان بەگشتی".
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق پێیوایە "ئەم یاسایە دەبێتە ھۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان ھەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی بتوانن ھاوبەشی لەئیدارەدانی ئەم دۆسیەیە بکەن. بەڕای ئێمە بەپێی ماددەی 112 دەبێ شەراکەت ھەبێت، رای جیاواز ھەیە دەبێت ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت لەھەرێمی کوردستان و عێراق مەرکەزی بێت. ئەمە ناکۆکیی نێوان ھەردوولایە، کاتێک بێتە لای ئێمە بێگومان گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت و دەبێتە یەکێک لەبابەتە گرنگەکانی پەرلەمان".
رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2007 ئامادە کرا، بەڵام لایەنەکان لەسەری نەگەیشتنە رێککەوتن و نەبووە یاسا، بەڕای شارەزایانی بواری نەوت لەم خولەشدا ئەم پرۆژەیاسایە لەپەرلەمان پەسند ناکرێت و بە میرات بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان بەجێ دەمێنێت.
فەیسەڵ رێکانی شارەزای نەوت دەڵێت: "دەستووری عێراق لەزۆربەی ماددەکانی باس لەدابەشکردنی سامانە سرووشتیەکان دەکات لەنێوان ھەرێم و پارێزگاکان لەگەڵ ناوەند، ئەگەر یاسای لەم جۆرە پەسند بکرێت دوور دەکەوینەوە لەزۆربەی کێشەکان کە روویانداوە".
هەروەها یونس کامل شارەزای نەوت و ئابووری بە رووداوی راگەیاند : ھەموو خولێک ھەوڵدددرێت ئەم یاسایە بۆ خولی دوای خۆی بھێڵدرێتەوە، ئەوە ئێستا ئێمە لەخولێکی دیکەی پەرلەمان نزیک دەبینەوە و ئەم خولەش بەرەو کۆتایی دەچێت، بۆیە پێموانییە کە ئەو کاتەی ماوە بەشی پەسند کردنی ئەم یاسایە بکات.
پرسی نەوت یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. چەندینجار حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە یاسای نەوت و گاز دەربچێت، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی وزە لە نێوان هەولێر و بەغدا.
لە 2007 وە سێ جار پرۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگربووە لەتێپەڕاندنی ، ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی دیکە پرۆژەیاساکەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی لەوێوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت بەڵام ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن کەوا ئەم خولەی پەرلەمانیش تەواو دەبێت و یاسای نەوت و گاز دەنگی لەسەر نادرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ