رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت.
ئەمڕۆ هەینی محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە ههولێر، دهۆك، زاخۆ، سۆران، چۆمان، بارزان، مێرگهسۆر و ئیدارهی سەربەخۆی راپهرین و زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان باران باری.
ئەو کەشناسە گوتی، بارانبارینی ئەمڕۆ بههۆی نزمه پاڵهپهستۆی دهریای رهشهوه بووە؛ گوتیشی، "زۆرترین بڕی باران لهنێوان سۆران و مێرگهسۆردا باریوە."
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممە محەممەد کەمال گوتی، "نیوەڕۆ بۆ ئێوارەی سبەی، له سنوری ناوچه شاخاوییهكانی پارێزگای دهۆك، دهوروبهری ههولێر و ناوچه شاخاوییهكانی ئیدارهی سەربەخۆی سۆران بە شێوەی ناوبەناو ئەگەری تاوەباران و هەورەبرووسکەی پاییزە هەیە."
کەی بارانی پەڵە دەبارێت؟
بارانی پەڵە بەو بارانە دەگوترێت کە هێندە ببارێت و بچێتە ناخی زەوییەوە کە بتوانرێت دەست بە چاندنی دانەوێڵە بکرێت. محەممەد کەمال گوتی، بارانی پەڵە نزیکەی 30 ملیمەتری پێویستە، "به مهرجێك بارانهكه لهسهرخۆ بێت و كهمترین پچڕانی تێدابێت."
گۆڕانی کەشوهەوا پێشبینییەکانی قورس کردووە. محەممەد کەمال دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییە دوورمەوداکان، بارانی پەڵەی ئەم ساڵ دەکەوێتە نێوەڕاستی مانگی 12، جگە لە بەشێکی ناوچە کوێستانییەکان کە نێوەڕاستی مانگی 11 ئەگەری پەڵەدانیان هەیە.
بە گوتەی ئەو کەشناسە، كهمیی بڕی باران له وهرزی پاییزدا مانای ئهوە نابێت ساڵەکە کەم باران بێت و بارانی باش لە هەرێمی کوردستان زیاتر وەرزەکانی زستان و بەهار دەبارێت؛ گوتیشی، "هیچ مەترسییەکی وشكەساڵی نییە."
هەر ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی پلەی گەرما "کەمێک" بەرز دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 34 پلەی سیلیزی
دهۆک: 31 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 34 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 30 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 22 پلەی سیلیزی
سۆران: 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ