رووداو - حەویجە
چەند خولەکێک دوای بەربانگ لە ناحیەی عەباسی سنووری حەویجە خانوویەک بەسەر پیاوێکدا رووخا. حاجی یونس ئەو پیاوەیە کە کەوتە ژێر داروپەردووی خانووەکە و هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا.
ئەسیر عەبدولهادی یەکەم کەس بووە لەدوای رووداوەکە بەهانای ئەو خێزانەوە چووە و دەڵێت، "لەگەڵ هاوار و قیژەی خێزانی حاجی یونس، گەیشتینە شوێنەکە و نزیکەی 10 خولەکیان پێچوو تاوەکو حاجی یونس دەربهێنن، بەڵام هەناسەی لەبەر بڕابوو."
ئەسیر ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رۆژی رووداوەکە لە حەویجە بووە، درەنگ گەڕاوەتەوە و لەوێ رۆژووی شکاندبوو. بەر لە بانگی عیشا نانی خواردووە، ژنەکەی لە دەرگاکە چووەتە دەرەوە و سەقفی خانووەکە کەوتووەتە خوارەوە، پارچەیەک ئاسن کەوتووەتە سەر شانی، هەموو سەقفەکە کەوتبوو بەسەریدا؛ نەماندەتوانی دەریبهێنین و بانگی دراوسێکان و هەندێک برامان کرد بۆئەوەی یارمەتیمان بدەن."
بەهۆی کاریگەریی باران و کۆنییەوە، خانووەکە داڕماوە؛ هێشتا داروپەردووی داڕماو و پاشماوەی کارەساتەکە هەڵنەگیراوەتەوە.
حاجی یونس پیشەی ئاسنگەری بووە و خاوەنی سێ هاوژین و 12 منداڵە؛ لە هاوژینی سێیەمی یەک منداڵی هەبووە. لە شەڕی داعش دوو برای لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن کراون.
قەیسەر نایف خەڵەف، برای حاجی یونس دەڵێت، "6 براین، دووانمان لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن کران، لەدوای ئازادکردن نەگەڕانەوە، قوربانیی تیرۆرن، ئەوەش هەر داخ و لاحەولەوەلای دەوێت، ئەمەش گیانی لەدەستدا بەوەی خانووەکە کەوت بەسەریا. داوامان ئەوەیە، بەڵکو کەمێک دۆخمان باش ببێت."
پرسەی حاجی یونس لەلایەن خزم و دۆستانیەوە قەرەباڵخ کراوە. خەڵکی سنووری عەباسی و گوندەکانی دەڵێن، "بەهۆی خراپیی خانووەکانیان، ساڵانە ئەم جۆرە رووداوانە لە وەرزی زستان روودەدەن."
سائیب یونس، چالاککوانی مەدەنی گوتی، "دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوانە بەهۆی ئەوەی خانووەکان قوڕن، لە ناحیە و گوندەکانیش، بەردەوامە. لەم ناوچە گوندنشینانە و ناحیەکە ئاستی بژێویی خەڵک سنووردارە، خەڵک ناتوانن خانووی بەرد بکەن بە شێوەیەکی باش، بۆیە خەڵک پەنا بۆ خانووی قوڕ دەبەن، چونکە دروستکردنی ئاسانە."
بەپێی گوتەی خەڵکی عەباسی سەر بە قەزای حەویجە، نزیکەی 80%ی خانووی سنوورەکە لە گڵ دروستکراون و مەترسیی دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو جۆرە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ