رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکى 7 ئەندامى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک پێکدەهێندرێت بۆ هەموارکردنى پەیڕەوى ناوخۆى ئەو ئەنجوومەنە. دوو ئەندام بۆ پارتى و تورکمان جێهڵدراون و دەبێت تاوەکو 11ـى ئەیلوول هەموارەکە ئامادە بێت.
بڕیارى پێکهێنانى ئەو لیژنەیە لە کۆبوونەوەى 24ـى ئابى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک درا کە فراکسیۆنى پارتى، بەرەى تورکمانیى بەکگرتوو و هاوپەیمانیى عەرەبی تێیدا ئامادەنەبوون.
لیژنەکە پێکهاتووە لە دوو ئەندامى یەکێتى، ئەندامێکى پارتى، ئەندامێکى تورکمان، دوو ئەندامى عەرەب و کۆتاى کریستیان.
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "26ـى ئاب بڕیارى فەرمى دەستبەکاربوونى لیژنەکە لەلایەن سەرۆکى ئەنجوومەنەوە دەردەکرێت. دوو ئەندامیان جێهێڵدراون بۆ ئەو لایەنانەى بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە".
یەکەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە ساڵی 2005 کرا و لەو کاتەوە کار بەو پەیڕەوە دەکرێت.
پەروین فاتیح گوتى، "بەگوێرەى یاسا، دەبێت تاوەکو 11ـى ئەیلوول کارى لیژنەکە بۆ هەموارى پەیڕەوى ناوخۆ تەواو بێت. پێنج ئەندامەکەى لیژنەکە کە ئێستا دەوام دەکەن، کارى خۆیان دەکەن تاوەکو ئەو کاتەى دوو ئەندامەکەى دیکە بەشدارىی کۆبوونەوەکان دەکەن".
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد، پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب. ئەو هەنگاوە ناڕەزایی بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیی عەرەبی، فراکسیۆنى پارتى لێکەوتەوە و لەو کاتەوە بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ