رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان، زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا، بریکاری وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند: بۆ ئامادەکردنی پێشنیاز و راسپاردە بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ئەنجوومەنی باڵای وەزارەتی تەندروستی کۆدەبێتەوە.
د. رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 26-7-2021 ئەنجوومەنی باڵای وەزارەت لە رێگای ئۆنلاینەوە کۆدەبێتەوە. تێیدا پێشنیارەکان بەپێی دوا ئامار و هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەت بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئامادە دەکەین، کە بڕیارە کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە بکرێت."
لە رابردوودا جگە لە تاکپارێزی و خۆپارێزی، تاکە رێگەی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پێدانی ڤاکیسن و دابینکردنی بووە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، د. رەهێڵ فەرەیدوون، گوتی: "هەرچەندە لە رابردوو هەوڵی زۆر دراوە بتوانین لەو سێ جۆرە ڤاکسینانەی بەکاریدەهێنین خۆمان دابینی بکەین، بەڵام نەتوانرا. لە چەند هەفتەی داهاتوودا رێژەی دابینکردنی ڤاکسینەکان بۆ دوو هێند و سێ هێندە زیاد دەبێت. ئێمەش بۆ خۆمان پلان و بەرنامەمان هەیە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەزارەت بڕیاری لەسەر دەدەین و دەیکەینە راسپاردە."
لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر ڤاکسین (فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم) بەکاردەهێندرێت. د.رەهێڵ دەڵێت: "بۆ ڤاکسینی فایزەر سەنتەرەکان زیاد دەکەین، چونکە بەپێی ئەو رێنمایی و رێوشوێنانەی تازە دەرچوون و بەپێی دوا روونکردنەوەکان ئاسانکاری لە هەڵگرتن و بەکارهێنانی فایزەر هاتووە، بۆ نمونە؛ دەتوانی بۆ ماوەی مانگێک لە پلەیەکی گەرمی ئاسایی (2-8) هەڵیبگریت".
سەبارەت بە توانای نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا، د. رەهێڵ فەرەیدوون گوتی: "ئەوەی لە نەخۆشخانەکاندا هەیە بەراورد بە شەپۆلی یەکەم و ساڵی رابردوو، ئامادەکاری و پێداویستی زیاتر کراوە چ لەلایەن هێزی مرۆیی و چ لەلایەنی نەخۆشخانەکان و سەنتەکانی چاودێرییەوە".
رۆژی یەکشەممە 25-7-2021 زۆرترین تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا. بە جۆرێک 11 هەزار و 631 پشکنین کران، دەرکەوت دوو هەزارو 178 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، هەزار و 57 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 14 کەسیش مردوون.
د. رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "کاتێک ژمارەی تووشبووان دابەشی ژمارەی پشکنینەکان بکەین رێژەی تووشبوون 18٪ی تێپەڕاندووە، ئەوەش چاوەڕوانکراوبوو. چونکە شەپۆلی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، بەتایبەت ئەو جۆرە نوێیە کە بە کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا ناسراوە و وەکو شەپۆلی یەکەم و دووەم نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ