وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: هێشتا کات ماوە بۆئەوەی باسی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بکەین

26-04-2023
هێمن بابان رەحیم
دراوی 10 هەزار دیناریی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی 10 هەزار دیناریی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای گوێگرتن لە راپۆرتی تیمی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لای قوباد تاڵەبانی؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جارێکی دیکە داوای گەڕانەوەی جێگرەکەی و وەزیرەکانی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکان کرد. مەسروور بارزانی داوای کرد، تیمی یەکێتی لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و چیدی نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن.
 
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانیش رایگەیاند، داواکاری و مەرجەکانی تیمی یەکێتییان بە حکومەت گەیاندووە، سەرەکیترینیان مووچەی مووچەخۆرانی سلێمانییە و دەشڵێت، جیاکاری لە دابەشکردنی مووچەدا کراوە.
 
ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار لە سلێمانی کێشەی تێکەوت، بەهۆیەوە مانگرتن لە شارەوانیی سلێمانی دەستیپێکرد، جگە لەوەش یەکێتی و پارتی یەکدییان بە راگرتنی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگەکانیان تۆمەتبار کرد.
 
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار لە سنووری سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین جیاکاری کراوە و دەڵێت، ئەوەی کراوە کاری سەربەخۆی لقی سلێمانیی بانکی ناوەندییە و بڕیاردەری ئەو کارە رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکەنەوە.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەموو هەوڵێکمان بۆ دابینکردنی مووچەیە، بۆ ئەو مەبەستەش کار لەسەر هەموو رێگەکان دەکەین؛ ئەوەی کە هەبێت لەگەڵ سامانە سرووشتییەکان و حکومەتی عێراق قسە دەکەین، داهاتی ناوخۆ و بڕێکی کەم هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش هەیە. هێشتا کاتیش ماوە بۆئەوەی باس لە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بکەین، چونکە هێشتا بەشێک لە مووچەی مووچەخۆرانی وەزارەتەکان و خانەنشینان بۆ مانگی سێ دابەش نەکراوە، کە ئەوەش بەشێکی زۆری لە سلێمانییە و لەسەر داهاتی ناوخۆیە."
 
ماوەی شەش مانگ دەبێت قوباد تاڵەبانی و چوار مانگیشە وەزیرانی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن، رۆژی 17ـی ئەم مانگە تیمێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی قوباد تاڵەبانیان کرد، بەڵام تیمی یەکێتی دەڵێن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ناگەڕێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە