بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان: ئەمساڵ سەرجەم گەنمی جووتیاران وەردەگرین

26-03-2023
پەیمان محەممەد
سایلۆیەکی گەنم لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
سایلۆیەکی گەنم لە هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کوالێتیی ماددەکانی بەشەخۆراک بەرزبووەتەوە، کاڵای زیادەی مانگی رەمەزانیش لەم رۆژانەدا دابەشدەکرێت. دەشڵێت: "بڕیارە ئەمساڵ هەرچی گەنمی جووتیارانە وەربگیرێت و لە ماوەی دوو هەفتەشدا دەبێ پارەکانیان پێبدرێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 26-03-2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوراز گوڵپی و جەعفەر موبەشرنیا پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا بەشەخۆراکی زیادەی مانگی رەمەزان دابەشدەکرێت.
 
بڕیارە لەم مانگەدا، جگە لەو خۆراکانەی پێشتر دابەش دەکران، یەک تەبەقە هێلکە، 5 کیلۆ ئاردی سفر، نیو کیلۆ ئاردی نیشاستە و کیلۆیەک شەعریە بدرێتە هەر خێزانێک.
 
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "بەردەوام رۆژانە ماددە خۆراکییەکان دەگاتە هەرێمی کوردستان، دوێنێ 60 تۆن ئاردی سفر بۆ سلێمانی هاتووە، ئەمڕۆ 7 بارهەڵگر دەگاتە سلێمانی، زیاتر لە 60 تۆن ئارد بۆ هەولێر هاتووە، شەعرییەکەش بۆ هەر سێ شارەکانی دهۆک، سلێمانی و هەولێر گەیشتووە، بەڵام فەرمان هەیە لە هەمووی عێراق ماددە خۆراکییەکان بەیەکەوە دابەش بکرێن.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان، بەشەخۆراکی مانگی سێ هاتووە و لە کۆگەکان لای بریکارەکانە و لەم رۆژانەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان گلەیی لە کوالێتی و جۆری ماددە خۆراکییەکان دەکەن. دەگوترێت لە ماوەی پێشوودا جۆرێک دۆشاوی تەماتە و برنج دابەشکراوە کە کوالێتییان زۆر خراپ بووە.
 
نەوزاد شێخ کامیل لەو بارەوە دەڵێت، لە رابردوودا کوالێتیی کاڵاکان باش نەبوو، بەڵام ئێستا گلەییەکان کەم بووەتەوە: ''ئێستا دۆشاوەکە، لە جۆری ئاڵتونسایە کە لە هەرێمی کوردستان زۆربەی خەڵک هەر ئەم دۆشاوە بەکاردێنن، تەنیا برنجەکە کێشەی هەیە و ئێمەش گلەیی خەڵکمان گەیاندووەتە وەزارەتی بازرگانی عێراق.''
 
بەپێی پسوولەی بەشەخۆراک، نزیکەی 5 ملیۆن و 250 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن کە ئەم رێژەیە 2 ملیۆن خێزان لەخۆ دەگرێت. 
 
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کاڵا، ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: ''ئێمە وەکو چاودێریی بازرگانی، لیژنەکانی قایمقامیەت و لیژنەی ئاسایشی ئابووری، سەردانی مارکێت و مۆڵەکان دەکەین و ئەو کاڵایانەی نرخەکانیان زیاتر لە رادەی پێویستە، سەیری مانێفێستی کڕینیان دەکەین، ئەگەر جیاوازی لەگەڵ نرخی فرۆش زۆر بوو، بێگومان رێگەی لێدەگرین.''
 
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا نزیکەی 300 شوێن سەرپێچییان کردووە و نزیکەی 60 مارکێت و مۆڵیش لەسەر مەسەلەی بەرزکردنەوەی نرخ و فرۆشی کاڵای ماوەبەسەرچوو داخراون و بە سەدان ملیۆن دیناریش پێبژاردن کراون.
 
ئەو بەڕێوەبەر ئاماژە بەوە دەکات، دابەشکردنی بەشەخۆراک بەتایبەتی بەشەخۆراکی زیادەی مانگی رەمەزان، کاریگەری لەسەر نرخی کاڵاکان هەیە، ''ئەگەر ئەم بەشەخۆراکە نەبووایە، رەنگە هەرچی کاڵایە نرخەکەی دوو بەرامبەر زیادی کردبایە.''
 
نەوزاد شێخ کامیل هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت، لە زۆربەی کۆگەکانی هەرێمی کوردستان کاڵایەکی زۆر هەیە ''بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئێستا هەر چوار دەروازە سنوورییەکانمان لێ دابخرێن، ئێمە بەشی شەش مانگ خۆراکی پێویستمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە.''
 
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران
 
سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، 23ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیری بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە و بڕیاردراوە لە یەکی مانگی چوارەوە، وەرزی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەستپێبکات، هەروەها نرخی هەر تۆنێک گەنم، 850 هەزار دینار دیاریکراوە.
 
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، هەر لە کۆبوونەوەکەی 23ـی مانگدا بڕیاردراوە 500 ملیار دینار وەکو قۆناخی یەکەم بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی، کە لە وەرزی وەرگرتنی گەنم، دەبێ لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەو پارەیە بگاتە دەستی جووتیاران.
 
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "ئەمساڵ هەرچی گەنمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە جووتیاران وەردەگیرێت." گوتیشی، عێراق ساڵانە پێویستی بە 5 ملیۆن تۆن گەنم هەیە، لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 750 هەزار تۆن گەنم پێویستە، ئەگەر پێنج ملیۆن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت، پێویست بە هاوردەکردنی گەنم ناکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە