ڤیان سەبری: لایەنی نێوخۆیی و هەرێمی لەپشت بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراقەوەن

27-01-2023
شیراز رەئوف
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ راگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان "بڕیارێکی سیاسییە و لایەنی ناوخۆیی و وڵاتی هەرێمی" دەستیان لە بڕیارەکەدا هەیە.
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی، ئەو پەرلەمانتارەی سکاڵای لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە لە دادگەی فیدراڵی، سەربەخۆ نییە و کاردانەوە و دڵخۆشیی هەندێک لایەنی سیاسی بە بڕیارەکە دەرخەری ئەو راستییەیە کە کێ لەپشت ئەو بڕیارەوەیە دژی هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، جگە لە لایەنی سیاسیی نێوخۆیی، وڵاتێکی هەرێمیش رۆڵی هەیە لەم بڕیارەدا و دەڵێت: "کاتی بڕیارەکە و شێوازی سکاڵاکە بۆ شێواندنی ئەو کەشە ئەرێنییەیە کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هاتووەتە ئاراوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
 
دادگەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی هەڵوەشاندەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
 
ڤیان سەبری لەبارەی هەڵوێستی سیاسیی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی گوتی: "یەکێتی هەڵوێستی نەبووە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ پەیوەندیی و گفتوگۆیەکی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی نەکردووە لەوبارەیەوە."
 
بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گوتی، پێویستە حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەپێی دەستووری عێراقی نابێت لەو بڕیارانە پاشگەزبێتەوە کە دەیاندات. گوتیشی، "ئەو رەفتارانەی حکومەتی عێراقی متمانەمان کەمدەکاتەوە و بۆ هەر بڕیارێکی دیکە زیاتر ورتر دەبین لە مەرجەکانمان".
 
لە وەڵامی ئەوەش کە دادوەرە کوردەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوەکو چەند دەتوانن رێگریی بکەن لەم بڕیارانەی دادگەکە دژی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "دادوەرە کوردەکان ناتوانن رێگریی بکەن، چونکە تەنها دوو دادوەری کورد ئەندامی دادگەکەن و ئەگەر بەشداریی دانیشتنێکیش نەکەن ئەوا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرەکانی دیکە بڕیارەکان تێدەپەڕێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە