رووداو دیجیتاڵ
گوندی هەرمۆتە لە کۆیە ساڵانێکە بووەتە هێمای پێکەوەژیانی موسڵمان و کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان، بە تەنیشت هەر چەند ماڵێکی کریستیان، ماڵێکی موسڵمانیش هەیە و پێکەوە دەژین. وەکو دەگوترێت، "موو ناچێت بە بە بەینیاندا."
غازی عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییەکی موسڵمانی گوندەکەیە و بە رووداوی گوت: ''لەگەڵ هەموو کریستیانەکان سەردان و هاتووچۆکردنمان هەیە، هەموویان مرۆڤی باشن، لەڕووی دەست پاکییەوە زۆر ئەمین و ئامانن، زۆر بێ کێشەن وەک برا واین.''
هەرمۆتە گوندێکی دێرینی کریستیاننشینە، بەدووری سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای قەزای کۆیە، بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، پێش هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ کوردستان، کریستیانەکان لە گوندەکە بوون.
جەمیل مەتی، کریستیانی گوندی هەرمۆتەیە و دەڵێت، ''لە کۆنەوە هەرپێکەوە ژیاوین، موسڵمانەکان لێرە سەرقاڵی سەپانی بوون، زۆر خزمەتی یەکترمان دەکرد، لە جەژن و بۆنەکاندا ئەوان دێن و ئێمەش دەچین، پێکەوە دادەنیشین کەس نازانێ کێ کریستیان و کێ موسڵمانە.''
ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە ئێستا 535 کەسە، 375یان کریستیان و 160یان موسڵمانن، بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و هەلی کاریش، ساڵی رابردوو چوار ماڵ گوندەکەیان جێهێشتووە.
هەرمۆتە زیاتر لە هەزار ساڵە بووەتە هێمای پێکەوەژیانی کریستیان و موسڵمانەکان، ئێستا 108 ماڵی کریستیان و 30 ماڵی موسڵمان پێوەکەوە شین و شایی لەگەڵ یەکدی بەش دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ