ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک: 25 رۆژ جارێک یەک بوتڵ گاز بە ماڵان دەدرێت

26-01-2023
هیدایەت جان
کارگەیەکی گاز لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کارگەیەکی گاز لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت، "رۆژانە 200 تۆن گاز وەکو پشکی پارێزگای دهۆک دیاریکراوە و 364 هەزار خێزان لەو پارێزگایەدا دەژین و بەوپێیە هەر خێزانێک بە 25 رۆژ یەک بوتڵ گازی بەردەکەوێت".
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-01-2023، عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لە دهۆک 280 هەزار خێزان هەن و 84 هەزار خێزانی پەنابەر و ئاوارەشی لێ نیشتەجێ کراون، کە سەرجەمی دەکاتە 364 هەزار خێزان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆژانە هەشت تانکەر گاز دەداتە دهۆک و پاڵاوگەی لانازیش دوو تانکەر دەنێرێت کە دەکاتە 200 تۆن".
 
عەبدولسەمەد تێلی دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو 200 تۆن گازەی وەکو پشکی دهۆک دیاریکراوە، هەر خێزانێک لە 25 رۆژدا بوتڵێک گازی بەردەکەوێت، ئەوەش زۆر کەمە، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا کە خواست لەسەر گاز زیاتر دەبێت و هەندێک خێزان بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان بەکاریدەهێنن".
 
سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەدا: "کۆمپانیای دانا گاز رۆژانە لە نێوان 55 تاوەکو 60 تانکەر گاز بەرهەمدەهێنێت و لەو ژمارەیە 12 تانکەر دەداتە پارێزگای سلێمانی و 13 تانکەر دەداتە هەولێر و هەشت تانکەریش دەداتە پارێزگای دهۆک، هاوکات پاڵاوگەی لانازیش دوو تانکەر دەداتە هەولێر و دوو تانکەریش بۆ دهۆک دەنێرێت، کۆمپانیای دانا گاز نیوەی ئەو گازەی بەرهەمی دەهێنێت، لە بازاڕی ئازاددا دەیفرۆشێتەوە".
 
عەبدولسەمەد تێلی گوتی: "مەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیای دانا گاز ئەوەیە، کاتێک پێداویستیی گازی هاووڵاتییانی پڕکردەوە، ئەوەی مایەوە دەتوانێت لە بازاڕی ئازاد دا بیفرۆشێتەوە، بەڵام ئەم کۆمپانیایە بە هاوین و زستان کە ئاستی بەکارهێنانی گاز جیاوازی یەکجار زۆرە، هەر بە یەک رێژە گاز بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکات و ئەوی دیکەی دەفرۆشێتەوە".
 
لەبارەی کێشەی کەمیی گازی ماڵان و فرۆشتنی گازی حکومی لە کارگەکانی بەردەڕەش بە نرخی ئازاد، عەبدولسەمەد تێلی گوتی: "کێشە و کەموکوڕی لە دابەشکردنی گاز لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە دهۆکیش ئەو کەموکوڕییە بەرچاو دەکەوێت، ئێمە بەوەدا دەزانین کە لیژنەکان لە چاودێریکردنی کارگەکانی دابەشکردنی گاز لە بەردەڕەش کەموکوڕییان هەیە، کە پشکی بەردەڕەش مانگانە 26 تانکەر گازە و پشکی ئامێدی 21 تانکەرە کە هەردووکیان رێژەی دانیشتووانیان وەکویەکە، بەڵام لە ئامێدی ئەو کێشەیە دروستنەبووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت وەڵامی زاوایەکی سەدام حوسێن دەداتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی رەتدەکاتەوە، کە "لێدوانی ناڕاست"ـی بەناوی مەسرور بارزانییەوە بڵاوکردووەتەوە.