بەشێک لە کەسوکاری موراد کانی کوردەیی بوونە پارتی دیموکراتی کوردستان

25-11-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە کەسوکاری موراد کانی کوردەیی پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد. کوڕێکی رایگەیاند، بۆیان دەرکەوتووە رێبازی بارزانی رێبازی "راستەقینە"ی کوردایەتییە. به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتیش وێڕای بەخێرهاتنیان پێی گوتن: "ئێرە ماڵی هەموو ئەوانەیە وەکو ئێوە جەرگیان سووتاوە".
 
رۆژی هەینی، 25-11-2022، لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی موراد کانی کوردەیی و سێ لە پاسەوانەکانی، کوڕ و بەشێک لە کەسوکاری موارد کانی کوردەیی پەیوەندییان بە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و لەلایەن کەمال کەرکووکی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
 
کوڕێکی موراد کانی کوردەیی بەناوی پشکۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سوپاسی پارتی کرد و گوتی: "ساڵێک بەسەر شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەدا تێدەپەڕێت؛ پێشمەرگەی رێگەی خەباتی کوردایەتی و شەهیدی غەدرلێکراو باوکی زێدە ئازیزمان شەهید موراد کانی کوردەیی و سێ هەڤاڵی ئازیزی. ئەو رۆژە بۆ ئێمە سەختە و لەبیرنەکراوە. بە بڕیاری کەسوکار و بنەماڵە و هەڤاڵانی شەهید گواستنەوەی سەنگەری خەباتمان بۆ نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تا رادەیەکی زۆر زۆر ئاسوودە و ئارامی کردین".
 
پشکۆ موراد کانی کوردەیی گوتیشی: "بۆمان دەرکەوت رێبازی بارزانی بە سەرۆکایەتیی رێزدار کاک مەسعود بارزانی رێبازی راستەقینەی کوردایەتی و پێکەوە ژیانە. ئێستا رۆحی باوکم و شەهیدانی هاوڕێی ئاسوودەن کە ئێمە رێبازی راستەقینەی کوردایەتیمان هەڵبژاردووە".
 
کەمال کەرکووک وێڕای سوپاس و بەخێرهاتنیان گوتی: "کەسی دیکەش کە وەکو ئێوە دڵ بریندار و جەرگ سووتاون و ئێرە بارەگا و ماڵی ئێوەیە".
 
کەمال کەرکووکی گوتیشی: "ئەوەی جێگەی شانازییە ئەم بەڕێزانە بەوەفان بۆ ئەو شەهیدانەی غەدریان لێکراوە؛ ئینشاڵڵا بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە بە سزای خۆیان دەگەن لەپێش دادگەی دادیی هەرێمی کوردستان".
 
ئێوارەی رۆژی 25ـی نۆڤێمبەری 2021، عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەوڵڵا ناسراو بە موراد کانی کوردەیی و سێ لە پاسەوانەکانی لە نێو سەنتەری شاری رانیە لەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا.
 
دوای رووداوەکە لە راگەیێندراوێکدا بنەماڵەی کانی کوردەیی رایانگەیاند: "لە کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەدا و بە پیلانێکی هاوبەش و نەخشە بۆ دارێژراوی دوو دەزگای ئەمنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە {موراد کانی کوردەیی و هاوڕێکانی} شەهیدکران".
 
لە بەرامبەردا میدیای یەکێتی رایگەیاند، موراد کانی کوردەیی لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و "کوژراوە." 
 
عەمید موراد کانی کوردەیی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی راپەڕین بوو. خێزانەکەی رایانگەیاندبوو، رۆژێک پێش رووداوەکە کانی کوردەیی لە دەوامی خۆی بووە و داوا و سکالای لەسەر نەبووە.
 
موراد کانی کوردەیی بە کەسێک نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناسراوبوو. رۆژێک دوای رووداوەکە لاهوور شێخ جەنگی لە راگەیێندراوێکدا بەبێ ئەوە هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکات رایگەیاند: "ئێمە تاوەکو ئێستاش ئێوەمان بە برا و هەڤاڵی خۆمان زانیوە، بەڵام بەداخەوە دیارە ئێمە هەڵە بووین؛ بۆیە دەمەوێت دڵنیابن ئێمە توانای ئەوەمان هەیە دەرگای دۆزەخ بەسەر نەیارەکانماندا بکەینەوە و لەناو ئاگرەکەیدا هەموو سیناریۆچییەکان و کودەتاچییەکان هەڵپڕوکێنین و بە تووڕەیی جەماوەری یەکێتیی و جەماوەری کوردستان بە شەرعیەتی کۆنگرە و بە شەرعیەتی جەماوەری و حەقانیەتی سیاسی ئاگر لەسەر پشتی ئەو خوێنڕێژانە بکەینەوە کە بەرنامە داڕێژەری شەهیدکردنی هەڤاڵ موراد و هاوڕێکانی بوون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک

ئاماری دهۆک: ئەمڕۆ 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن

پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت: ''ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەن".