ئیسرائیل: پێنج سەربازمان لە باشووری لوبنان کوژران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمڕۆی باشووری لوبنان دا، 5 سەربازیان کوژراوە. حیزبوڵڵاش دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 سەربازی ئیسرائیلییان کوشتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێنج سەربازیان لەکاتی رووبەڕووبوونەوە لە باشووری لوبنان کوژران. 
 
لەوکاتەوەی شەڕی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل لە 23ـی ئەیلوولەوە چڕبووەتەوە، 27 سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕ و پێکدادانەکانی دژی حیزبوڵڵا کوژراون. 
 
دوێنێ چوارشەممە، ژووری ئۆپەراسیۆنی بزووتنەوەی حیزبوڵڵا رایگەیاند، چەکدارەکانیان 70 سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە. هەفتەی پێشووش، حیزبوڵڵا بڵاویکردەوە، کە 55 سەربازیان کوشتووە.
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانـیان دەستپێکردووە، 25 سەربازیان کوژراوە و لە هێرشەکانی حیزبوڵڵاش بۆ باکووری ئیسرائیل 30 سەرباز کوژراون. واتا کۆی گشتیی ژمارەکە 55 سەربازە. 
 
شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل رۆژێک دوای جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، لەوکاتەوە ئیسرائیل چەندین جار بەیرووت و باشووری لوبنانی کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردەکانی حیزبوڵڵا کوشتووە.
 
رۆژی 27-09-2024 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە کوژرا. دواتر لە 23-10-2024 حیزبوڵڵا رایگەیاند، هاشم سەفیەدین، جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا کوژراوە.
 
لەبارەی چۆنیەتیی کوژرانی هاشم سەفیەدین، حیزبوڵڵا گوتی، سەفیەدین لە "هەڵمەتێکی تاوانکاریی و شەڕانگێزیی زایۆنی" لەگەڵ چەند چەکدارێکی دیکەی حیزبوڵڵا کوژراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی بۆردوومانەکە.

تورکیا شنگالی بۆردوومان کرد؛ 'سێ کەس شەهیدبوون'

لە بەردەوامی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا چەند جارێک شنگال و دەورووبەری بۆردوومان کردووە. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە سنوورەکە دەڵێت: "سێ کەس شەهید بوون".