رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتی چین لە هەولێر ئامادەیی نیشاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ کەمکردنەوەی هەوای پیس بکات. دەڵێت: ئێمەش لە چین دووچاری "سەرئێشەی هەوای پیس" ببووین، بەڵام چارەسەرمان کرد.
لیو جون، کۆنسووڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هیوای خواست لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ هەوای پیسی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە کە هۆشداری مەترسیداری لەبارەوە دراوە، لەنێویاندا تووشکردنی چەندین خەڵك بە شێرپەنجە.
لیو جون باسی لە وردەکاری پلانی کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرد، بەڵام ئاماژەی بە دوو چارەسەری سەرەتایی دا و گوتی: ئێستا چین کاریان لەسەر دەکات، ئەویش هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و پاسکیلی کارەبایی زیاترە بۆ هەرێمی کوردستان.
کۆنسووڵی گشتیی چین گوتیشی: وڵاتەکەی بەو ئەزموونەدا تێپەڕیوە، بۆیە دەزانین چەندە کێشە بۆ خەڵك دروستدەکات.
بەگوتەی لیو جون، ئێستا چەند کۆمپانیایەکی چینی لە هەرێمی کوردستان لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر کار دەکەن، کە دەکرێت ئەمەش لە بواری کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان سوودی لێ ببیندرێت.
کۆنسووڵی گشتیی چین ئاماژەی بە بووژانەوەیەکی گەورەی کۆنسووڵخانەکەی دا لە رووی پێدانی ڤیزا بە هاونیشتمانیان، "رۆژانە خەڵک سەردانی کۆنسووڵخانەکەمان دەکەن و داوای ڤیزای چین دەکەن".
بەگوتەی کۆنسووڵی چین، لە سەرەتای ساڵەوە پەرەیان بە خزمەتگوزاری ڤیزای گەشتیاری داوە و ژمارەی گەشتی گەشتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چین زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ