جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ

25-07-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کێڵگەی گازی کۆرمۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و ئێستا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکە لێدەدرێت. قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، هێرشەکە پێش کاژێر 08:00 بووە. 
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە سێ مووشەک هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە و هێشتا زیانەکان دیارنین. 
 
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێرشەکە بە سێ مووشەک کراوە، مووشەکەکان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتوونەتەخوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە."
 
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.
 
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکە ئەوەشی گوت، "کاژێر 7:50 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە گوایە هێرشەکە بە سێ مووشەک کراوە و دیارنییە مووشەکەکان لە کوێوە ئاراستەکراون."

ئێستا هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
 
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرهەمهێنانی گاز دروستنەکردووە و وەکو پێشوو بەردەوامە. هاوکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش دەستیپێکردووە.
 
 
رۆژی چوارشەممە، 22-6-2022، بۆ یەکەمجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.

رۆژی هەینی، 24-06-2022، جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. ئەوکات ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەمیش گوتی، مووشەکەکە لەو شوێنەوە ئاراستە کراوە کە یەکەمجار مووشەکی لێوە ئاراستە کرا. رۆژی شەممەش 25-6-2022 بۆ جاری سێیەم هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە